سابیر حوسێن
وەك وەبیرهێنانەوە، برێكزت واتەچوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا ئەم پرسە نەك بەتەنها بۆ هاوڵاتیانی ئینگلیز بەڵكو بۆ هەموو جیهان بایەخی زۆر و گرنگیەكی تایبەتی پێدەدرێت، چونكە دەبێتە بنەمای گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و جوگرافی و كولتووری جیهان بەگشتی و ناوچەكە بەتایبەتی. ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردنی نوێدا، بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی نوێ بەریتانیا لەبەرامبەر تەحەدایەكی گەورەدایە، رووبەرووی ململانێ توند دەبێتەوە.
مەزەندەش دەكرێ بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا نەتوانێ بەسەر دەنگە ناڕازیەكانی پەرلەماندا باز بدات بەمەبەستی دەرهێنانی بەریتانیا لە یەكێتی ئەورووپا. تاكە رێگەی بەردەمیشی راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێش وەختەیە، چونكە سەركردەكانی ئەورووپا لەلایەن خۆیانەوە وەك پێشتریش رایانگەیاندبوو، كە پرۆژەكەی مەرجی مانەوەی بەریتانیا رەتدەكەنەوە و ئەمە بە تەنازولكردن دەزانن، كە بچنە ژێرباری مەرجە قورسەكانی بەریتانیا بۆ مانەوە لە یەكێتی ئەورووپادا. سەرباری ئەوەی كە زیانی زۆر بە ئەورووپا دەگەێنێ.بۆیە تاكە رێگە لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی نوێ بەریتانیا بردنەوەیە لەو هەڵبژاردنە، ئەگەر نا ئەویش بەچارەنووسی ترێزا مەی دەگات. ئاژانسی رۆیتەرزیش، هەمان هەڵوێستی دووپات كردەوە، لەم بارەوە جەنكەر كلاود سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا دووپاتیكردەوە، كەوا یەكێتی ئەوروپا جارێكی دیكە گفتوگۆ لەبارەی پرسی جیابوونەوەی بەریتانیا ناكاتەوە و تەنها ئەو رێكەوتنە پەسەند دەكات كە لەگەڵ تێریزامەی واژۆی كردوە. ئایا حكوومەتەكەی جۆنسۆن دەڕوخێ ؟ ئەوەی جێگەی نیگەرانی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا جۆنسۆنە ئەو حەقیقەتەیە كە ناوبراو لە پەرلەمانی وڵاتەكەی سەبارەت بە بریكزێت رووبەڕووی ركابەری گەورە دەبێتەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستە بۆریس جۆنسۆن چووە لای شاژنی بەریتانیا تاوەكو كۆتایی بە جەولەی پەرلەمانی بهێنێ، شاژنیش رەزامەندی لەسەر داواكەی جۆنسۆن دەڕبڕیوە. ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كەوا گەڕی نوێ پەرلەمانی رێگەی بۆ هەموار دەكات تاوەكو دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەورووپا بە ئاسانی تێپەڕێ و چاكسازیش لە سیستەمی تەندورستی بریتانی بكرێ.
بەو مانایەش بێت چەند رۆژی داهاتوو بازاڕی سیاسی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا گەرم دەبێت و تەحەدیاتەكان دەست پێ دەكاتەوە، چونكە ئەگەر بە گوێرەی پلانەكەی جۆنسۆن بەرێوە نەچێ، رەنگە نوشستی سیاسی دووچاری بێتەوە. شایەنی وەبیرهێنانەوەیە هاوڵاتیانی بەریتانیا لەبەر فاكتەرگەلێك وڵاتەكەیان هاویشتە ئەم قەیرانەوە، رەنگە گرنگترین ئەو فاكتەرانەش لەم خاڵانە كۆكرابێتەوە: وەستاندنی لێشاوی كۆچكردن لە كیشوەرەكانی دیكەی یەكێتی ئەورووپا بەرەو بەریتانیا، كە زۆرترین رەغبەتی هاوڵاتیانی لەسەربوو، هەروەها وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی گشتی بەگوێرەی یاسا و ڕێساكان،راگرتنی پێدانی پارەی ئەندامێتی ساڵانە بە یەكێتی ئەوروپا ، كە بەلای بەریتانیا ئەركی دارایی گشتی قورس كردبوو، هەبوونی دەسەڵاتی ئارەزومەندانە لە ئەنجامدانی بازرگانی ئازاد لەگەڵ وڵاتانی دیكەی دونیا، كە لەمەیاندا یەكێتی ئەوروپا رێو شوێنی تایبەتی و سنورداری خۆی هەبوو. ئەمانە كۆمەڵێك خاڵن كە پارێزەرانی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا جەختی لەسەر دەكەنەوە . شایەنی ئاماژە بۆكردنە لەئێستادا بەریتانیا لەقەیرانێكی دەستوری وڵاتەكەی نزیكبووەتەوە بەوپێیەی سەرۆك وەزیرانی تازە هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە بەڵێنی دەرچوونی وڵاتەكەی بەبێ رێككەوتن داوە، ئەگەر یەكێتی ئەوروپا ئامادە نەبێت بۆ رێكەوتنێكی دیكە، بێگومان هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپاش دیارە كە ئەویش سازش نەكردنە لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی لەگەڵ تێرێزا مەی لەسەری رێككەوتبوون.









