بهكر كهربم حهسهن
هەروەكو پێشینان دەلێن” قوتابی ئەمانەتە و مامۆستاش ویژدانە”.
بێگومان گواستنەوەی قوتابیان بۆ قوتابخانەكان یەكێكە لە بابەتە گرنگ و هەستیارەكانی قوتابخانە بەتایبەتی و كۆمەڵگەش بە گشتی. قوتابخانەكانی ناحكومی و حكومی پێویستە بەرپرسیارانە و پەروەردەییانە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم بابەتە بكەن، قوتابیان ئەمانەتی كۆمەڵگەن لای قوتابخانەوە دایك و باوكی قوتابیان بەردەوام پەرۆشن و دوو دڵ و راڕان لە چۆنیەتی گواستنەوە و گەیاندنی منداڵەكانیان بۆ قوتابخانە و باخچەكان، پێویستە كارگێڕی قوتابخانە ئەو ترس و دڵە راوكێیەی دایك و باوكان بڕەوێنێتەوە ئەویش گرنگە لە سەرەتادا منداڵی بچووك و گەورە تێكەڵ یەك نەكرێن لە ناو یەك پاس دا، بەڵكو پێویستە جیاوازی تەمەنیان كەم بێت. واتە قوتابیەكی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی لەگەڵ قوتابیەكی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە هەمان پاسدا نەبن، لەوانەیە كۆمەلێ كێشەو گرفتی دەروونی بۆ قوتابیانی تەمەن بچوك دروست بكات، رەنگە ببێتە هۆی رق هەستان و دووركەوتنەوە و هەڵاتن لە قوتابخانە و یانیش ببێتە هۆی رووخان و رمانی نەرێنی لە پاشە رۆژ چارەسەری ئاسان نابێت، هەروەها شوفێری پاسەكان پێویستە كۆمەلێ رێنمایی و رێككاری بۆ دابنرێت و پەیڕەوی بكەن، لەلایەن ئەنجومەنی باوكان و دایكان و دوو نوێنەریش لە مامۆستایان چاودێری بەردەوامی پاسەكان بكەن. هەر لە رێگای ئەو ئەنجومەنەوە پاس دابین بكرێ بەرێوەبەر و یاریدەر لەو ئەنجومەنە نەبن ئەوان رۆڵی چاودێری كردن و بەدواداچوون ببینن.
ئەو رێنمایی و رێككارانەی دەبێت شوفێرەكان پاپەندبن، پێویستە هەڵسوكەوت و رەفتارو گوفتاریان پەروەردەیی بێت لەگەڵ قوتابیان، قوتابیان بە كچ و كوڕی خۆیان بزانن و پێگەیشتوو و شیاو بن و خاوەن شارەزایی باش بن لە هاژووتن و هەست بەبەرپرسیاریەتی ئەركەكەیان بكەن و گرنگە خولی راهێنان بە سەرجەم ئەو شوفێرانە بكرێت كە قوتابیان دەگوازنەوە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە لە سەر چۆنیەتی هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ قوتابیان و مسۆگەركردنی پاپەندبوونیان و ووشیاركردنەوەیان و جێ بەجێ كردنی رێنماییەكان و رێككارەكان و چۆنیەتی هاژووتن و خێرا لێ نەخورین و جگەرە نەكێشان و مۆبایل بەكارنەهێنان لە كاتی هاژووتن و نەخواردنی خواردن وخواردنەوە لە ناو پاس لەلایەن شوفێرەوە چۆنیەتی راوەستان و بگرە لە ناو پاس نابێ گۆرانی نا پەروەردەیی بگوترێ و پاسەكان پەردەیان نەبێت بێ كێماسی بن، پێداویستییەكانی فێنكەرەوەكان و گەرم كەرەوەیان هەبێت لەگەڵ كۆمەلێ ووردەكاری تر، ئەو خولانە لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایانەوە بگوترێنەوە لەلایەن ئەنجومەنی قوتابخانەكان بەدوا داچوون بكرێ. هەروەها بوونی سەرپەرشتیار یانیش هاوەل بۆ قوتابیان لە ناو پاسدا گرنگە و پێویستەهەبێت، لەلایەن ئەنجومەنی قوتابخانە دیاری بكرێت بەشداری خولیان پێ بكرێت، لەلایەن توێژەرانی كۆمەڵایەتی كە دڵنیایی زیاتر دەداتە دایك و باوكی قوتابیان و دەستەی كارگێڕی و مامۆستایانیش.
جەخت دەكەمەوە پێویستە دەستەی كارگێڕی قوتابخانەكان خۆیان بە دووربگرن لە بابەتی گواستنەوەی قوتابیان بەهیچ شێوەیەك پەیوەندییان بە شوفێر و گرتنی پاسەكان نەبێت، بەڵكو رۆلی سەرەكی ئەوان بەدوا داچوون و چاودێری كردن بێت، وە قوتابخانەكان نابێت لایەنی قازانج لە پێش لایەنی پەروەردەیی رەچاوبكەن، چونكە تاوانێكی پەروەردەیی ترسناكە. ئەركی قوتابخانەكان گرنگیدانە بە لایەنی پەروەردە و فێركردن لە پێش هەموو شتێكی تر، لە بیرمان نەچێت گواستنەوەی قوتابیان بۆ قوتابخانەكان زۆر گرنگە و پێویستە بە ووردی رەچاوی بكەن لە لایەنی پەروەردەیی و رەفتاری قوتابییەكان و بەها بنچینەییە پەروەردەییەكان لە پێش هەموو شتێكی ترەوەن.
❊ بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەر









