خەبات: ڕۆشنا عەلی:-
ڕۆژی 10/9/2019 لەهۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانس لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەربارەی پلانی وەرگرتن بۆدەرچووانی دوانزەی ئامادەیی ڕێكخراو هەریەك لە د.خەتاب ئەحمەد مستەفا بەرێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت و د.جەمال كەمال یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن و ئیبراهیم ڕەشید بەڕێوەبەری خوێندنی تایبەت ئامادەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە بوون.
زانكۆ لاین كارا دەكرێت
سەبارەت بە وادەی ڕاگەیاندن و كاراكردنی سیستمەكانی وەرگرتن د.خەتاب ئەحمەد ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆ سێشەممە كە دەكاتە ڕێكەوتی 10/9/2019 لە سەعات 5ی ئێوارە وێبسایتی www.regayzanko.com بۆدەرچوانی خولی یەكەم و دووەمی دوانزەی ئامادەیی تا سەعات 12ی شەوی ڕۆژی 20/9/2019 واتە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ كارا دەكرێت، بەوەش دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان پڕبكەنەوەو پێشكەشی بكەن، بۆ خوێندنی تایبەتیش بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت وتی: زانكۆ تایبەتەكان لەئەمڕۆوە دەتوانن فۆڕم بەسەر خوازیاران لەخوێندنی تایبەت دابەش بكەن، هەروەك جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە دەرچوان دەبێ بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ یوزەیەر نەیم و پاسۆرد كە پێشتر لە خوێندنگەكانیان وەریانگرتۆتەوە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن پڕبكەنەوە.
ژمارەی كورسی خوێندن
سەبارەت بەپلانی وەرگرتن بۆ خوێندنی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت پلانی وەرگرتن بەهەرسێ جۆری خوێندن گشتی، پارالێڵ، ئێواران ڕوونكردەوە، بەجۆرێك بۆ خوێندنی گشتی 24784 كورسی خوێندن و بۆ خوێندنی پارالێڵ 10514 كورسی خوێندن و بۆ خوێندنی ئێواران 11577 كورسی خوێندن تەرخانكراوە، بەم شێوەیەش لە زانكۆ حكومیەكان 46875 كورسی خوێندن تەرخانكراوە و بۆ خوێندنی تایبەتیش 23714 كورسی خوێندن بۆ دەرچووان تەرخانكراوە، بەم شێوەیەش كۆی كورسی خوێندن بەهەردو جۆری حكومی و تایبەت 70589 كورسیە.
سەبارەت بەژمارەی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی وتی: وەزارەتی پەروەردە ناوی 51933 بۆ ئێمە ڕەوانە كردووە كە 36350 دەرچوی زانستی و15583 دەرچوی وێژەیین، بەو شێوەیەش ژمارەی كورسیەكانی خوێندن زیاترە لە ژمارەی دەرچووان.
هاوكاری دەرچووان
هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا د.خەتاب ئەحمەد وتی: بۆ بەرچاوڕونی زیاتری دەرچوانی پۆلی دوانزە و ئاشنابونیان بەسیستمەكانی وەرگرتن زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران و خوێندنی تایبەت دەتوانن سەردانی سەنتەری ڕاوێژكاری زانكۆكان بكەن بۆ ڕونكردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتی پڕكردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بەسیستمە جیاوازەكان، وتیشی: ئەوەش دەرەفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچوان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشكەش بكەن و ئاگاداری وردەكارییەكانی سیستمەكە بن و هەوڵ بدەن بە ئامادەبونی خۆیان فۆڕمەكانی بۆ پڕبكرێتەوە.
كرێی خوێندن
سەبارەت بە كەمكردنەوە و كرێی خوێندن بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت وتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە چڕكردۆتەوەو پلانی كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی هەیە، ئەمەش پاڵپشت بە خاڵی 13 لەكارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانمان دەست پێكردووە.
مینبەری ئێمە سایت و پەیجی وەزارەتی خوێندنی باڵایە
د.خەتاب ئەحمەد سەبارەت بە هەبوونی پەیج و ئەكاونت بەناوی زانكۆلاین و ناوەندی وەرگرتن وتی: ئێمە وەك ستافی وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەكاونتێكمان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیە بەناوەكانی زانكۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان هەر ناوێكی دیكە، بەڵكو تاكە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەكانی ئێمە لەڕیگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە.









