خەبات: عەلی بانیشاری:-
لە 15ی ئەم مانگەوە تا سەرەتای مانگی 11 بەمەبەستی رووپێوی و كنەوپشكینی شوێنەواری حەوت زانكۆی بیانی دێنە هەولێری پایتەخت. بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر دەڵێ: دەمانەوێت لەگەڵ زانكۆ بیانییەكان بەردەوام بین. ئەو داواشدەكات كارئاسانی زیاتر بۆ كاركردنی زانكۆ بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان بكرێت.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار ساڵانە زیاتر لە 30 زانكۆی و پەیمانگای بیانی بۆ رووپێوی و شوێنەواری دێنە باشووری كوردستان.
نادر بابەكر، بەڕێوەبەری شوێنەواری بە(خەبات)ی گوت: هاتنی تیمە شوێنەوارییەكان بۆ باشووری كوردستان چەند سوودێكی هەیە لەوانەیش: ناساندنی هەرێمی كوردستان لە رووی مێژووییەوە، ئەنجامدانی دەیان وۆرك شۆپ و بە چاپگەیاندنی چەندین كتێب. گوتیشی: لە رووی زانستیەوە زانكۆ بیانییەكان لاپەڕە تاریكەكانی مێژووی كوردستان هەڵدەدەنەوە. ناوبراو راشیگەیاند: كاركردنی تیمە بیانییەكانی بواری شوێنەوار بووەتە هۆی ئەوەی چەندین كادری شوێنەواری دروست ببێت. نادر بابەكر باسی لەوەشكرد لە رووی ئابووری و گەشتیارییەوە ئەو زانكۆیانە سوودێكی زۆریان بۆ باشووری كوردستان هەیە، چونكە بڕە پارەیەكی زۆر لێرە خەرج دەكەن و ژمارەیەكی زۆری گەشتیاریش سەردانی شوێنەوار شوێنەوارییەكان دەكەن.
ئەو زانكۆیانەی بەمەبەستی رووپێوی و هەڵكۆڵینی شوێنەواری دێنە هەولێر پێكهاتوون لە زانكۆكانی (هارڤاردی ئەمریكی، شیكاگۆی ئەمریكی، میلانۆی ئیتالی، سۆربۆنی فەڕەنسی، كۆلێژ دفرێنسی فەڕەنسی، كاتۆلیك/پازمانیای هەنگاری، پەیمانگای بەرلین). گرێبەستی زانكۆ بیانییەكان بۆ كاركردن لە باشووری كوردستان بۆ ماوەی 5 ساڵە. پاش ئەو 5 ساڵە ئەگەر پێویستی كرد رووپێوی یان كنەوپشكنینی شوێنەواری بەردەوام بێت ئەوا گرێبەستی زانكۆ بیانییەكان لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارەوە نوێ دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر ئاشكرای دەكات لە ئەنجامی رووپێوییە شوێنەوارییەكاندا نزیكەی هەزار شوێنی شوێنەواری تۆماركراون. نادر بابەكر داوا دەكات هاوكاری و كارئاسانی زیاتر بۆ زانكۆ و پەیمانگا بیانییەكانی بواری شوێنەوار بكرێت تا بەردەوامی بە كارەكانیان لە بواری شوێنەواردا بدەن. ناوبراو دەشڵێت: ئەگەر كارئاسانی بۆ زانكۆ بیانییەكان نەكرێت رەنگە بۆ كاری شوێنەواری روو لە باشووری عێراق و وڵاتانی دراوسێ بكەن.
ئەو باس لەوەشدەكات هەندێك كات بەهۆی هەڵكۆڵینە شوێنەوارییەكانەوە گۆرانكاری گەورە لە بواری مێژوودا دێتە كایەوە. بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر دەشڵێت: ئەو مێژووەی كە پێشتر لە لایەن بێگانە و كەسانی دژ بە میلەتی كورد نوسراوە رەنگە هەڵكۆڵینە شوێنەوارییەكان راستی بكەنەوە و مێژوویەكی كۆنتر و پرشنگدارتر دەربكەوێت. نادر بابەكر ئەوەشی گوت: پێیان خۆشە لەگەڵ تیمە بیانییەكان بەردەوام بن. ئەو داواشیكرد زیاتر گرنگی بە شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان بدرێت.
ئاماژەی بەوەشدا لە هەڵكۆڵینە شوێنەوارییەكاندا كۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و سەردەمە مێژووییەكان و دەستكەوتەكانی مرۆڤ لە رابردوودا و چۆنییەتی بەخێوكردنی ئاژەڵ و كۆكردنەوەی خۆراك و چۆنییەتی دروستكردنی یەكە بیناسازییەكان و خۆ بەڕێوەبردن و چۆنییەتی بازرگانیكردنی نەتەوە كۆنەكان ئاشكرا دەبن. نادر بابەكر هەروەها گوتیشی: كوردستان مێژوویەكی هەیە لە مێژووی زۆرینەی وڵاتانی جیهان كۆنترە، بۆیە دەبێت تاكی كورد شانازی بە مێژووی كوردستانەوە بكات و رابردووی خۆی بزانێت.










