سوورە مەرگەیی
شۆڕشی ئەیلول لە 11ی ئەیلولی ساڵی 1961 وەرچەرخانێكی مێژوویی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستاندا درووست كرد، وەرچەرخانەكە لەوەدا بوو هێزی پێشمەرگە وەك هێزێكی خۆبەخش و لەخۆ بووردوو بە نیشتمانی كرا و خەبات و بەدیهێنانی خواستەكانی گەل سەربەخۆیی و رزگارییخوازی بووە ئامانجی، ئەوەش وایكردبوو داگیركارانی كوردستان لە ناوچەیەكی دیاریكراوی بەرتەسكدا شۆڕشەكانی كورد گەمارۆ بدەن، بەڵام شۆڕشی ئەیلول بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر ئەو كارتەی لە دەست داگیركارانی كوردستان دەرهێنا، بەوەش هێزی نەتەوەیی بە شۆڕشی كورد بەخشی كە تا ئەوكات شۆڕشەكانی كورد خاوەنی هێزی عەشایری و ناوچەیی بوون. هێزی پێشمەرگە پێچەوانەی هێزی شۆڕشەكانی پێش خۆی كە فرە رێنمایی و بە فرە فەرمانی دەجووڵێندران، رێنمایی و فەرمانی لە یەك رابەرایەتی وەردەگرت كە سەركردایەتی شۆڕش بوو، ئەوەش شۆڕش و هێزی پێشمەرگەی كردە خاوەنی دیسپلین و بڕیاری یەكگرتوو. بەسیاسیكردنی پرسی كورد وەرچەرخانێكی تری شۆڕشی ئەیلولە، ئەو وەرچەرخانەش داگیركەرانی كوردستانی هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ و ناچاری كردن ددان بە پرسی كورددا بنێن وەك پرسێكی نەتەوەیی، رێككەوتنی 11ی ئاداری ساڵی 1970 یەكێكە لەو دەستكەوتانەی كە لە ئەنجامی ئەو ددان پێدانانەدا هاتەدی. هەر لە مانگی ئەیلول و لە 25ی ئەیلولی ساڵی 2017 وەرچەرخانێكی تر روویدا، ئەویش ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، چۆن شۆڕشی 11 ئەیلول وەك هەڵگری ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان بە رابەرایەتی بارزانی نەمر بە جووڵانەوە ناوچەییەكانی گوت: بوەستن، ریفراندۆمیش وەك پێویستیەكی سەردەمیانەی چارەسەری پرسی كورد بە رابەرایەتی پێشمەرگە و سەركردەی كورد مەسعود بارزانی، بە جووڵە حزبییەكانی گوت بوەستن، ئەوەش كاتێك دەردەكەوێ كە 93%ی خەڵكی كوردستان بە بەڵێ بە دەنگیەوە هاتن، لە كاتێكدا پارتی وەك حزب لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانییە، ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات كە بارزانی نەمر چۆن بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول وەرچەرخانی دروست كرد و بەو وەرچەرخانە كوردی كردە خاوەنی شۆڕشێكی ئامانجداری نەتەوەیی و نیشتمانی، سەرۆك بارزانیش بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی لە قوڕگی حزب دەرهێنان و لەگەڵ هزر و بیری تاكی كورد تێكەڵی كردنەوە.










