خهبات: ئومێد بابان:-
شاكارێكی شانۆیی نووسەری جیهانی هینریك ئیبسن 1828- 1906كە بە باوكی شانۆی ڕیالیزمی دادەنرێت، لە شاری هەولێر كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و نمایش دەكرێت، ئەویش شانۆگەریی دوژمنی گەلـە، لەم شانۆگەرییەدا كە ژمارەیەكی فراوانی بەشدارانی لەخۆ گرتووە، دەستەیەك لە شانۆكارە گەنجەكانی شاری هەولێر ڕۆڵەكان بەرجەستە دەكەن و كارە هونەرییەكان ڕادەپەڕێنن. سەبارەت بەم نمایشە، دەرهێنەر ئەرسەلان دەروێش دەڵێت: شانۆگەریی دوژمنی گەل كە لەساڵی 1882دا بڵاو بووەتەوە لە ڕێگای بابەتی پیسبوونی ئاوی شارێكی باكوری ڕۆژهەڵاتی نەرویژەوە، پرسی نغرۆبوونی ویژدانی خەڵك لە نێو زەلكاوی بەدمۆڕاڵی و پشت لە ڕاستیكردن و ملدان بۆ ستەم و چەواشەكاریی دەسەڵاتداران دەخاتە ڕوو. جێی باسە، شانۆگەریی دوژمنی گەل یەكێك لە بەناوبانگترین دەقەكانی نووسەری مەزنی نەروێژی هینریك ئیبسنـە، كە لەم كارەدا دەستەیەك لە شانۆكارە گەنجە ئەكادیمییەكان بەشداری دەكەن و كارە هونەرییەكانی ڕادەپەڕێنن، كە بڕیارە لە ڕێكەوتی 9ی ئەیلوولەوە ڕۆژانە كاتژمێر 5ی ئێوارە لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر نمایش بكرێت.









