خهبات: هاوار مورتكەیی:-
هەداسا یەشارون خانمە هونەرمەندی ئیسرائیلی، كە لەدایك و باوكێكی كورد لەدایك بووە، ئومڕۆ یەكێكە لە گۆرانی بێژە دیارەكان و چەندینی گۆرانی بەزمانە جیاجیاكان هەیە، لەنێویاندا چەندین گۆرانی بە زمانی كوردی هەیە، رۆژنامەی خەبات دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامداوە و هەداسا تیشك دەخاتە سەر لایەنە هونەرییەكەی و خۆشەویستی بۆ هونەر و میللەتی كورد.
خەونی ئەو سەردانی زیدی باب و باپیرانیەتی
هەداسا یەشارۆن كە لە شاری بنیامینا لە ئیسرائیل لەدایكو باوكێكی كورد لەدایك بووە دەڵێت: باوكم لە نێروەی باشوور و دایكیشم لە شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، بۆیە لەرێگای هونەرەوە دەموێت خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەم بكەم، لەوپێیەی من لە ئیسرائیل لە دایك بوویمە و زۆر بائاسانیش دەمتوانی گۆرانی بە زمانی عیبری بڵێمەوە، بەڵام دەمەوێ رێچكەی باوكم بگرم و بەگۆرانی، كلتور و زمان و هونەری كوردی زیاتر بەگوێی گەلاندا بچڕم، خەونی منیش ئەوەیە سەردانی كوردستان بكەم و بەدەنگێكی بەرزەوە هاوار بكەم بڵێم بابە وا لەماڵی تۆدام.
بەگۆرانی پشتگیری كوردی كردووە
دواتر ئەم خانمە هونەرمەندە لەبارەی هونەرەكەیەوە زیاتر گوتی: میوزیك بۆتە هەموو ژیانم و هەوڵمداوە بەچەندین زمان گۆرانی بچرم و تا ئێستا بەزمانەكانی كوردی، فارسی، عێراقی، ئێرانی، بەڵام ئەوكاتانە لەهەموو كات ئاسوودەترم كە گۆرانی بەكوردی دەڵێمەوە، چونكە زمانی دایك و باوكمە و كوردیش نەتەوەیەكە بەدرێژای سەردەمەكان هەر زولمی ڵیكراوە و ئاگاداری مێژووی كوردم كە باشم لەبیرماوە باوكم هەمووجار باسی مەینەتی و ئازارەكانی نەتەوەكەمی بۆ دەگێڕاینەوە، بۆیە هەموو كات ویستوومە بە گۆرانی و میوزیك باس لەو مەینەتی و ئازارانە بكەم كە بەسەر كورد هاتوون، هەمیشە لەرێگای گۆرانیەوە داوای پشتیوانی گەلانی دونیام كردووە كە پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان بكەن، تا ئێستاش دوو گۆرانیم بۆ پێشمەرگە كلیپ كردووە، كە تا ئێستا بۆ سوپای ئیسرائیلم نەكردووە، هەمیشە حەزم كردووە پێشمەرگە بەهیز و سەركەوتوو بێت.
هەداسا وێڕای خۆشەویستی بۆ گەلی كورد و هونەرەكەی دەڵێت: زۆرم حەز لە هەڵپەركێی كوردیە و میوزیكی كوردیشم زۆر خۆش دەوێت، بەردەوام ئاگاداری هونەر و میوزیكی كوردیم و زۆر گوێش لە گۆرانیە كۆن و رەسەنە كوردییەكان دەگرم، پێم وایە كارێكی زۆرم كردووە كە لە رێگای هونەرەوە بیری سەربەخۆیی كوردستان بە گوێی جیهانا دابێنم، كورد لەهەركوێیەك هەبێ پێویستە یەكگرتوو بن، چونكە بەبێ یەكگرتوویی هیچ ئامانجێك نایەتەدی، لێرەوە بەپێویستی دەزانم سڵاوێكی گەرم بۆ ئازیزانم لە كوردستان بنێرم و پێیان دەڵێم خۆشم دەوێن.









