خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین:-
هونەرمەند جەلیل سەعید لەساڵی 1972 چاوی بەدنیا هەڵهێناوە ، ساڵانێكی دوورودرێژە شان بەشانی خەبات وتێكۆشانی كوردایەتی ، ڕێچكەی هونەری شانۆودرامای گرتۆتەبەر ، دەرچووی كۆلێژە بەشی كارگێڕی كار ، ناوبراو لەكوردستان خۆیی و هاوسەرەكەی ڕۆڵی بەرچاو و كارامەیان هەبوە لەم بوارەدا بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم گفتۆگۆیەی لەگەڵدا ئەنجام بدەین.
تا ئێستا خاوەنی چەند بەرهەمی هونەریت؟
ئەكتەربووم لە 35 كاری شانۆییدا ، لەگەڵ 28 درامای تیڤی و رادیۆیی و زنجیرە درامادا وەهەروەها ئەكتەریش بووم لە 8 فیلمی سینەماییدا.وەكودەرهێنەریش ،كاری دەهێنانم بۆ 8 شانۆی جۆراوجۆركردووە لەگەڵ دەرهێنانی 12 كورتەفیلم و فیلمی دیكۆمێنتاری ، سەرەڕای ئەمانەش بەڕێوەبەری شانۆ و بەڕێوەبەری بەرهەمی 14 شانۆوفیلم بووم .
ئاستی دەرهێنەرانی كورد بەبەراورد لەگەڵ دەرهێنەرانی بیانی چۆن دەبینی؟
من لەئاستێكی باشدا ئەیانبینم ، بەبەراورد بەوزەمینەوپشتگیری و هاوكاریە و ئاستی هوشیاریەی كەبۆ دەرهێنەرانی بیانی ڕەخساوە ، بەبەراورد بە دەرهێنەرەكانی خۆمان ، كەتوانیویانە بەردەوامی بەكارەكانیان بدەن ئەویش لەئاستی ویست و ئارەزوو سەلیقەی هونەریان نیە ، بەڵكوبەشێوەیەكی هەل بۆ ڕەخسان و پچڕ پچڕ كاردەكەن ، كە ئەمەش كاردەكاتە سەر سەلیقەو باری دەرونی و خەمی دەرهێنەرەكانی خۆمان.
ئێستا زۆرجاران باس لەلاوازی كارە خۆماڵییەكان دەكرێن ، هۆكاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەقی باش،یان ئەكتەری بەتوانا یان ئامێرو تەكنەلۆژیای پێویست؟
من نایشارمەوە زۆرجاریش ئەمەم وتوە ، ئێمە ئەكتەر و دەرهێنەری بەتوانامان زۆرە ، بەڵام لەبەر نەبونی پشتگیری و گرنگی نەدانی پێویستی دەسەڵات بەم بوارە وایكردوە كە زۆربەی دەرهێنەرەكانی ئێمە گەربەهەرشێوازێ بتوانێت كارێك ئەنجام بدات، هەوڵ دەدات دڵی چەند هونەرمەندێكی نزیك لەخۆی ڕازی بكات ، بەقەدئەوەی هاوبەشی بە هونەرمەندی شیاو كارامە بكات ، بۆسەركەوتن وپێشڤەچونی بەرهەمە كە ، كە ئەم سلبیاتەش گشتگیرنیە بۆ هەموان ، دەرهێنەریش هەیە زۆركارەكەی خۆشدەوێت ڕەچاوی سەرجەم ژانرە هونەریەكان دەكات .
دەرهێنەرانی كورد تا چ ئاستێ توانیویانە بەبەرهەمەكانیان چاوی بینەری كورد تێر بكەن و بەلای بەرهەمی خۆماڵیان ڕابكێشنەوە؟
هەرگیز تابەمجۆروشێوازە كەرتی تایبەت كاربۆئەم بوارەبكات ، بەم گرنگی پێدانە كە مە كەئەویش تائێستالەسەربنەمای مەحسوبیەت بوە ، ئینجا بەشێوەیەكی كەم و پچڕ پچڕ كە لەئاستی نەبوندایە، ئێمە بەمجۆرە چۆن ئەتوانین ، بەبەراورد بەو هەموو ئیمكانیەت و دامو دەزگاهونەریانەی كە لەووڵاتانی بیانی فەراهەمیان كردووە بۆ هونەرمەندانیان، كە مانگانە و هەفتانە فیلم وزنجیرە دراما بەرهەم دەهێنن، بەم زنجیرە دراما و فیلمە كەمانەی بەرهەم دێت ناتوانین، بیانكەینە بەدیل بۆ ئاشناكردنی بینەر بۆ بەرهەمی خۆماڵی، بەڵام من گەشبینم بەو هەوڵە دڵسۆزانەو خۆنەوستانەی هەندێ لە دەرهێنەرەكانمان كە توانیویانە بینەرتاڕادەیەك بەبەرهەمە خۆماڵیەكان ئاشنابكەنەوە، كە ئەمەش هەندێ جارقوربانی دەوێت، بەڵام پێویستە لەم بوارەدا كەرتی تایبەت بێتەمەیدان بوێرانە پەرە بەم بوارە بدات من پێ یان دەڵێم باوەڕبكەن زەرەری تیاناكەن، ئەوەتا ئەوهەموو فیلم و زنجیرە دراما بیانیانەی كەدەیانبینین، خۆ هەمویان كەرتی تایبەت بەرهەمیان دەهێنن، هەمویان پەیوەست نین بە كەرتی گشتیەوە، كەرتی گشتی و هیچ دەوڵەتێكیش ناتوانێت پشتگیری ئەوهەمووبەرهەمانە بكات، گەر هوشیاری و زرنگی و وبوێری كەرتی تایبەت ئاوێتەی ئەم هونەرە نەبێت.
هۆكارچیە كەبینەر لەدرمای كوردی تۆراوە؟
بینەر لەدرامای كوردی نەتۆراوە، بەڵكو نەبوون وكەمی بەرهەمی خۆماڵیە، بەڵگەش بۆ ئەم لایەنە، هەموان دەبینین لەكاتی نمایشكردنی فیلمەكان لە هۆڵەكان بینەر بەچ ووروژمێك ڕودەكەنە هۆڵی نماشەكان، ئێمە میللەتێكی پێنج ملیۆن كەسین، دەبینین دەیان هەزاركەس ڕوودەكەنە هۆڵەكانی نمایش كەدیسان ئەمەش نیشانەی دڵخۆشی و گەشبینیە.
چی دەربارەی فیلمی دۆبلاژكراو دەڵێی كەلەكەناڵەكان پشان دەدرێت؟
من ئەڵێم تاوانە پارەی ئەم وڵاتە لە دۆبلاج كردنی هەندێ لەو فیلم و درامایانە خەرج بكرێت، چونكە ڕاستەوخۆ لە خزمەت نەهج وكەلتور و بیری بێگانەدایە، واتە بەپارەی خۆمان ئامانجەكانیان بۆ بەجێدەهێنین!
ئەو وێستگەو گوروپە هونەریانەی جەلیل سەعید كاری تێداكردوون چیبوون ؟
من لەچەند شوێن كارم كردوە لێرە ئاماژەبەهەندێكیان دەدەم:
تیپی شانۆی ڕاستی دوكان، تیپی شانۆی شەهیدانی هەڵەبجە، تیپی شانۆی سلێمانی، تیپی شانۆی سالار، تیپی نواندنی هەڵەبجە،بەڕێوە بەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، بەڕێوە بەرایەتی ڕۆشنبیری هەڵەبجە لەگەڵ هەندێ هونەرمەند و دەرهێنەری تری سەربەخۆ.
لە ئاكامی ئەم هەموو خرمەت و بەرهەمە زۆرەی تۆدا، كاردانەوە و ئەرێنی بینەر و لایەنە سیاسییەكان چی بووە لەڕووی ڕێز و خۆشەویستیان بۆ هونەرەكەتان و خەرمانی پڕهونەرتان؟
سەبارەت بەكاردانەوەی بێنەر دەتوانم پۆلێنی بكەم بەسەر دوو لایەندا، لایەنێك هاندەرو پشتگیرم بوون، ئەوانەی بڕوایان بەئازادی تاك و هونەر و رۆشنبیری كوردیە، لایەنێكیش هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا بەچاوێكی ناشیرین و دژە ئاین و كلتوور وەریدەگرن، كە تەنانەت لە كەسانی نزیك خۆم كە بەپەنجەی دەست دە ژمێردرێن ئەمكارانەی من بەدژە كلتوور ناودەبەن ، ئەوە لایەنی سیاسی و هەندێ مەلای ئاینی كەڕۆڵی سلبی دەبینن لە ناشرینكردن و ڕەشكردنی هونەرو ستاتیكا و ئازادی تاك و جوانیەكانی ژیان .
❊ دوا وتەت چییە؟
دەڵێم لێگەڕێن دنیا بەڕەنگاوڕەنگیەوە جوانە، لێمان لیخن مەكەن، هەموو ژیانمان لە دوو ڕەنگی ڕەش و سپی دا قۆرغ مەكەن.










