خهبات: پەریها عومەر:-
هونەرمەند “رزگار رەنجەڕۆ” بەگۆرانی و حەیرانەكانی هەمیشە گوێگرانی بەدەنگە خۆش و پڕ لەهەستی كوردایەتی سەرسام كردووە، رەنجەڕۆ هەر بەتەنها هونەرمەند نییە بەڵكو لەبواری خوێندن و زانست، توانیویەتی بگات بە ئاستێكی بەرز و چەندین بڕوانامەو رێزلێنانی بەدەستهێناوە، لێرەدا گوزەرێك بەژیان و بەرهەم و كارو چالاكییەكانی ناوبراو كوردە دەكەین.
كورتەیەك لەژیانی
رزگار محەمەد شێخ محەمەد لە 7/7/1961 لە شارۆچكەی گوێڕی سەر بەقەزای مەخموور لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی مستەوفی لەشاری هەولێر تەواوكردووە، قۆناغی ناوەندی لەقوتابخانەی برایی و قۆناغی ئامادەیی لەئامادەیی كوردستان لەهەولێر تەواوكردووە، ژیانی خێزانی پێكهێناوە، ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، هەروەها لەزۆربەی رۆژنامە ئەلیكترۆنییەكان بابەت و وتاری جۆراوجۆر بڵاودەكاتەوەو چەندین كۆڕی رۆشنبیری لەكوردستان ئەنجامداوە، شایەنی باسە هەندێ نووسین و توێژینەوەی زانستی ئامادەیە بۆ چاپ لەوانە: نەورۆز لە نێوان زانست و ئەفسانەدا و كــانـی بــاسی مامۆستا قادر دیلان و ڕۆڵی تەعریب لەهونەری مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا بڵاونەكراوەتەوەونەتەوە ڕەسەنەكانی مێزۆپۆتامیا، رەنجەڕۆ لەرۆژی 1981/11/27 بەمەبەستی خوێندنی باڵا ڕووی لەهەندەران كردووە، ئێستا خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە و بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆڕی زانیاری سربیایە.
كار و چالاكییەكانی
هونەرمەند رزگار رەنجەڕۆ لە دوای شۆڕشی ئەیلول لەڕێگای هونەرەوە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی بینیوە، لە هەندەرانیش تاڕووخانی ڕژێمی بەعس هەر لەو سەنگەرە دابووە، لەساڵانی 1985 تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەناوی خوازراو لە رۆژنامەكانی دەرەوەی وڵات نوسین و وتاری بڵاوكردۆتەوە لەوانە خوێنكاری كورد، كوردستان، وڵات، بەندەران، سەردەمی نوێ، پەیام…هتد، هەروەها لەساڵی 1983 كۆمەڵەی خوێنكارانی كورد لە ئەوروپا، لقی یوگۆسلاڤیای زیندووكردەوە، لەساڵی 1985 بوو بەسەرۆكی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا ـ یوگۆسلاڤیا، لەساڵی 1984 ـ 1985 سەرنووسەری گۆڤاری خوێندكاری كوردبوو كە لقی یوگۆسلاڤیاـی كۆمەڵەی خوێنكارانی كورد دەریدەكردو 9 ژمارەی لێدەرچووە، ساڵی 1986 بوو بەئەندامی سكرتاریەتی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا ـ ناوەندی پراگ، لەهەمان ساڵ بۆ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری كوردستان دەستنیشانكرا، لە 19/3/1988 نامیلكەیەك بۆ كارەساتی هەڵەبجە بەناوی هێلانە وێرانەكەم بڵاودەكاتەوە، ڕەنجەڕۆ لەساڵی 1989 دەبێتە ئەندامی دەستەی بەرێوەبەرایەتی ڕابیتەی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندانی دیموكراتی عێراقی لەوڵاتی چیك، پاشان دەبێتە بەڕێوەبەری بەشی كوردی ڕۆژنامەی بەندەران، لەساڵی 1988 تا 1992 لەهەندێ ڕۆژنامەو گۆڤاری چیكی نووسینی بڵاو دەكردەوە لەوانە رۆژنامەی مالادا فرۆنتا، نارۆدی و لەگۆڤاری ژیڤۆت، كڤێتی، زاپیسنیك، هەروەها لەساڵی 1989 وەك مامۆستا لەچەند قوتابخانەیەكی شاری پڕاگ دەربارەی مێژووی كورد وانەی پێشكەشكردووە، بەتایبەتی بۆ كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال، هەروەها لەساڵی 1990 بۆ ماوەی شەش مانگ لە بەشی عەرەبی ڕادیۆی پڕاگ كاری كردووە، هەروەها لەساڵی 1990 بووەتە زمانحاڵی بەرەی كوردستانی لە وڵاتی چیك و نامەی سەرۆك مەسعود بارزانی دەگەینێتە سەرۆك كۆماری چیك ڤاتسلاڤ هاڤێڵ، لەساڵی 1993 لەرادیۆی سپێكتروم ئینتێرنشناڵ لەشاری لەندەن بەهاوكاری دكتۆر نەجم عەبدولكەریم بەشی كوردی هەفتانە دەكاتەوەو بەڕێوەی دەبات.
هەنگاوەكانی خوێندن لای هونەرمەند ڕزگار رەنجەڕۆ
هونەرمەندو رۆژنامەنووس رزگار رەنجەڕۆ لەدەرەوەی وڵات لە پۆلۆنیا بوو، بەڵام لەبەر ناهەمواری باری سیاسی ئەو وڵاتە لەلایەك، لەلایەكی تر دژایەتی كردنی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس باڵوێزخانەی بەعس دەرگاكانی خوێندنی لەسەر داخست، دووەم هەوارگەی رەنجەڕۆ لەوڵاتی یوگۆسلاڤیا، لەو وڵاتە لەپەیمانگای فێربوونی زمانی سربی و خرڤاتی لە شاری نیش خوێندووە دیپلۆمی بەپلەی باش بەدەستهێنا، هەر لەهەمان ساڵدا لەهەمان پەیمانگا خولی فێربوونی زمانی لاتینی دەستپێكردو 2 دیپلۆمی زمانی لاتینی بەدەست هێناوە، دواتر لەساڵی 1982 – 1983 لەكۆلێژی ئەندازە بەشی پاراستنی كار دەستی بەخوێندنی باڵا كرد، تا ساڵی 1985 لەقۆناغی سێی كۆلێژ لەبەر كار و چالاكی سیاسی دژی ڕژێمی بەعس فاشی و پەیوەندی پتەوی یوگۆسلاڤیا بەڕژێمی بەعس لەو وڵاتە دوورخرایەوە، سێیەم وێستگەو هەوارگەی وڵاتی چیكۆسلۆڤاكیا بوو، لەساڵی 1986 بەهاوكاری كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا، ناوەندی پراگ لەڕێگای یەكێتی قوتابیانی جیهانی كورسی خوێندنی باڵای بۆ جێبەجێكرا، لە زانكۆی كارلۆڤۆ كۆلێژی زانستە كۆمەڵایەتیەكان بەشی ڕۆژنامەنووسی لە شاری پڕاگ وەرگیرا، ئەوەبوو لە 1982 ـ 1986 بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماجستێری لە كۆلێژی زانستە كۆمەڵایەتیەكان بەشی ڕۆژنامەنووسی بەدەستهێناوە، چوارەمین وێستگەی رەنجەڕۆ وڵاتی بەریتانیا بوو، لەساڵی 1992 ـ 1993 لەشاری لەندەن، لەپەیمانگەی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەشداری خولێكی یەك ساڵەی كردووە، لەپێنجەم وێستگەی ژیانی هونەرمەند و رۆژنامەنووس رزگار رەنجەڕۆ، ڕووی لەوڵاتی هۆڵەند كردووە، لەساڵی 1996 ـ 2004 خوێندن و فێربوونی زمانی هۆڵەندی لە پەیمانگای كۆرسی زمانی هۆڵەندی، بۆ ماوەی چوار ساڵ ئاستی یەك و دوو، سێ، چواری كە پێی دەوترێ سیتۆ بەدەستهێناوە، ڕەنجەڕۆ جگە لەوەی لە بواری هونەری كار دەكات مامۆستای زانكۆیە، ئەم مامۆستایە زۆر جیاواز لە هەموو مامۆستاكانی تر بەشێوازێكی ئەوروپی هەڵسوكەوتی لەگەڵ قوتابیەكانی كردووە نەوەك شێوازی كلاسیكی توانیویەتی قوتابیەكانی پڕ زانیاری بكات، وەكو مامۆستا و هاوڕێ لەگەڵیان بێت چەندین كۆڕی شیعری و سیمیناری زانستی بۆ قوتابیەكانی ئەنجام داوە، هەروەها توانیویەتی سەرپەرشتی چەندین توێژینەوەی قوتابیانی كردووە، توانیەتی بەشێوەیەكی باش سەرپەرشتی توێژینەوەكان بكات وسەركەوتووبێت تیایدا، مێژووی ژیانی ڕەنجەڕۆ جێگای شانازییە بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگاكەمان، هونەر پایەكی گرینگە لەكۆمەڵگادا هونەرمەندان هەمیشە جێگای شانازیمانن.
بەخشینی خەڵاتی شا قوستەنتین
خەڵاتی شا قوستەنتین، بەخشرایە هونەرمەندی گەورە ڕزگار ڕەنجەڕۆ لە ڕێكەوتی 27 ـ 28/ 5/2014 لە فێستیڤاڵی یادی شا قوستەنتین لەوڵاتی سربیا لەشاری لێسكۆڤاتس سەرۆكی لیژنەی سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵ خەڵاتی شا قوستەنتینی بەخشیە هونەرمەندی گەورەی كورد دكتۆر ڕزگار ڕەنجەرۆ، جێگای ئاماژەیە هونەرمەندە ناودارەكانی سربیا هەمان خەڵاتی هونەریان پێ بەخشرا، شایەنی باسە ئەوە دووەم جارە هونەرمەند ڕزگار ڕەنجەڕۆ لەهەندەران خەڵاتی هونەری پێ ببەخشرێت، بۆ یەكەم جار لە ساتە تەنگە كانی كورد و كوردستان سالی 1988 لەفیستیڤالی گۆرانی سیاسی جیهانی لە سۆكۆڵۆڤ خەڵاتی شەرەفی گۆڕانی سیاسی جیهانی پێ بەخشرا زۆر لەمیدیاكانی جیهان ئەو هونەرمەندە بە باڵوێزی هونەری كوردی دەنێن









