خهبات: هەندرێن شێرزاد:-
لەندەنی پایتەختی بەریتانیا چەندین شوێنی مێژوویی و گەشتیاری سەرنجڕاكێش دەگرێتە خۆی و ساڵانە چەندین ملیۆن گەشتیار لە سەرتاسەری جیهان رووی تێدەكەن. ئەمە شتێكی سەیر نیە ، چونكە لەم شارەدا مێژوو و ئەرستۆقراتیەت و پێشكەوتن و تازەگەری تێكەڵی یەك كراون ، لەنێو ئەم سیفەتانەشدا خانەوادەی پادشایەتی پێگە و گرنگی تایبەتی هەیە و لە سەرتاسەری جیهاندا ژمارەیەكی كەموێنەی خەڵك چاودێری ئەندامانی ئەم خانەوادەیە دەكەن ، تەنانەت وای لێهاتووە هەموو ئەو شتانەی پەیوەندیان بەم خانەوادەیەوە هەیە بوونەتە هێمای بازرگانی.
پاسەوانانی شاژن
لەوێ، پاسەوانانی شاژن یان گاردی پادشایەتی بەریتانیا ، بە جل و كەلوپەل و جلە تایبەتەكانیان بوونەتە هێما و سەرنجی زۆربەی ئەو گەشتیارانە رادەكێشن كە سەردانی لەندەنی پایتەخت دەكەن و دەخوازن وێنەیان لەگەڵ بگرن ، لەوە زیاتر ، ئەندامانی ئەو گاردە و شوێنەكانیان بوونەتە پێگەی گەشتیاری گرنگ بە تایبەتی مەراسیمی رۆژانەی ئاڵوگۆڕكردنی پاسەوانان لەبەردەم كۆشكی باكینگهام كە 45 خولەك دەخایەنێ و تیایدا پرۆتۆكۆلێكی توند و دێرین بەدی دەكرێ وەك ئاماژەیەك بۆ رابردووی ئەو تیمە سەربازیەی كە بە یەكێك لە كۆنترین یەكە سەربازیەكانی جیهان دادەنرێ.
كۆنترین یەكەی سەربازی
گاردی پادشایەتی بەریتانیا بە یەكێك لە كۆنترین یەكە سەربازیەكانی جیهان دادەنرێ و لە ساڵی 1660 ەوە لەلایەن شا چارلی دووەمەوە دامەزراوە ، شای ناوبراو لەلایەن ناحەزانیەوە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە ، بۆیە بڕیاری داوە یەكەیەكی سەربازی تایبەت دابمەزرێنێ كە سەربازانی نوخبەی وڵات بگرێتە خۆی و ئەركی پاراستنی پادشا و شوێنەكانی ژیانی پێ بسپێرێ . لەو كاتەوە تا ئێستا ئەمە ئەركی سەرەكی ئەو گاردەیە و ئەگەرچیش ئەمڕۆ زیاتر رۆڵی ئەم یەكە سەربازیە رەمزی و پرۆتۆكۆڵیە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاسەوانانی شاژن پاسەوانن و لە چوارچێوەی سوپای وڵاتەكەیاندا ئەركی سەربازیان پێ دەسپێردرێ.
نازناو، ئەرك ، پێكهاتە
گاردی پادشایەتی بەریتانیا چەند ناو و نازناوێكی بۆ تەرخان كراوە ، لەوانە پاسەوانانی ژیان وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئەم سەربازانە خاوەنی عەرشی بەریتانیا دەپارێزن ، هەروەها ئەو یەكە سەربازیە نازناوی پاسەوانانی شاژنیشی هەیە .ئەم هێزە تایبەتە یەكێكە لە كەتیبەكانی سوپای بەریتانیا و لە حەوت فەوج پێكدێت ، فەوجی یەكەم لە ئەوانی تر بەناوبانگ ترە و فەوجی سوارچاكانی كۆشك یان پاسەوانانی ژیان ناو دەبرێ و لە گرووپێك پێكدێت پێیان دەڵێن شینەكان وەك هێمایەك بۆ ئەو جلە شینانەی دەیپۆشن، بەشێكی دیكە بە پادشاییەكان ناو دەبرێن و جلی سوور و كڵاوی رەشی درێژ دەپۆشن . دوای ئەوان پاسەوانانی زەمینی دێن و لە پێنج فەوج پێكدێن و بریتین لە بۆمبهاوێژەكان و لە كاتی بۆنە فەرمیەكاندا ئەركی تەقاندنی تۆپیان پێ سپێردراوە ، ئەمە جگە لە فرقەكانی گۆلد ستریم و پاسەوانی سكۆتلەندی و ئێرلەندی و وێڵزی.
شوێنەكانی كار
بە شێوەیەكی گشتی پاسەوانانی پادشایەتی زیاتر لە لەندەنی پایتەخت و چەند شوێنێكی دیكەی دیاریكراو و پەیوەست بە شاژن بڵاوەیان پێ كراوە ، جگە لەوە بەشێكیان لە چەند باڵەخانەیەكی سەر بە سوپای بەریتانیان وەك مۆزەخانەی جەنگی، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بوونی ئەم پاسەوانانە زیاتر لە كۆشكی باكینگهام و كۆشكی سانت جیمس بەدی دەكرێن كە شوێنی سەرەكی هەموو بۆنە و مەراسیمە فەرمیەكانی شاژنن، هەروەها ئەوان لە تاوەری گەشتیاری لەندەنیش بوونیان هەیە . نابێ ئەوەش لەیاد بكەین كە بەشێكی ئەو پاسەوانانە لە كۆشكی ویندسۆر بەدی دەكرێن، بەو پێیەی بارەگای شاژنە، هەروەها لەسەر ئاستی جیهان گەورەترین قەڵایە كە ژیانی تیادا بەردەوامە.
مەراسیمی ئاڵوگۆڕكردنی پاسەوانان
رۆژانە كاتژمێر 11 ی پێش نیوەڕۆ لەبەردەمی كۆشكی باكینگهامدا مەراسیمی ئاڵوگۆڕی پاسەوانان بەڕێوە دەچێ. سەرەتا فرقەیەك لە پاسەوانانی پادشایەتی بە ژەنینی موزیكی تایبەت بەم فەوجە دێنە پێشەوە، دوای ئەوان گرووپێك دێت كە لە 40 سەرباز پێكدێت و بەسەر دوو گرووپ دابەش كراون، لەپێش هەر گرووپێك ئەفسەرێك بەدی دەكرێ ، مەراسیمەكە لەلایەن هێزی تایبەتەوە پارێزگاری لێدەكرێ . دەبێ بزانین كە یەكەم مەراسیمی هاوشێوە 520 ساڵ لەمەوبەر لەبەردەمی كۆشكی وایت هۆل ئەنجام دراوە و دواتر گوێزراوەتەوە بۆ كۆشكی باكینگهام.
پاراستنی كۆشك
ئەگەرچی ئەم پاسەوانانە لە ئەركەكانیان زۆر ورد و توندن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە سەركەوتوو نەبوون لە ئەركەكانیان . ساڵی 1982 كەسێك توانیبووی سەرجەم خاڵەكانی پاسەوانان ببەزێنێ لەناو كۆشكی باكینگهامدا خۆی بگەیەنێتە ژووری نوستنی شاژن ، بەڵام ئەو كاتە شاژن لە كۆشك نەبوو و دواجار ئەو كەسە لەلایەن پۆلیس دەستگیر كرا . هەروەها ساڵی 2004 كەسێكی ناڕازی توانی خۆی بگەیەنێتە نزیك شوێنی پێشوازیكردن لە كۆشك و دوای چەند كاتژمێرێك كەسەكە دەستگیر كرا .بۆیە لەو كاتەوە زۆربەی حالەتی هاوشێوە بە پۆلیس سپێردراوە و تەنیا لە كاتی زۆر مەترسیدار نەبێ پاسەوانان بۆیان نیە تەقە بكەن.
هەموو جولەیەك نرخی هەیە
لەنێو گاردی پادشایەتیدا ژمارەیەك یاسای توند هەن هیچ پاسەوانێك بۆی نیە بە هیچ شێوەیەك پێشێلیان بكات ، بۆیە زۆر جار ئەو پاسەوانانە لە هۆش خۆیان دەچن بەڵام ئەوانی تر لە كارەكەیان بەردەوام دەبن و چاوەڕێی لایەنی پەیوەندیدار دەكەن كە بەهانایانەوە بچێ. رۆژانە هەر گرووپێك بۆ ماوەی دوو كاتژمێر چاودێری شوێنێكی دیاریكراو دەكەن، بەبێ ئەوەی جوولەیەك بە جەستە یان دەموچاویان بكەن، دواتر پاسەوان بە تفەنگەكەیەوە 15 هەنگاو دەچێ و دێت و لە كاتی ئەركیش پاسەوان بۆی نیە هیچ شتێك بخوات و بخواتەوە یان بخەوێ و جگەرە بكێشێ یان خاو ببێتەوە و دابنیشێ یان قسە لەگەڵ كەس بكات.
لە پاسەوانانی شاژن دوور بكەونەوە
زۆر جار روویداوە گەشتیاران خەڵك هەوڵی تووڕەكردنی پاسەوانان دەدەن ، بەڵام ئەوان بە گوێرەی رێنماییەكان بۆیان هەیە بە توندی پێ لە زەوی بدەن و بڵێن : لە پاسەوانانی شاژن دوور بكەونەوە ، پاسەوان چەند جارێك ئەمە دووبارە دەكاتەوە. ئەگەر كەسەكە هەر بەردەوام بوو ، پاسەوان چەكەكەی دادەنێ وەك ئاماژەیەك بۆ ئامادەبوون و هەڕەشەكردن ، دواتر لە نێوان دوو ئەگەردا یەكێكیان هەڵدەبژێرێ ، یان بەخۆی كەسەكە دەستگیر دەكات یان داوای یارمەتی لە پۆلیس دەكات.
ئەوەی پێبكەنێ، باجەكەی دەدات
بەو پێیەی رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران روو دەكەنە شوێنی كاركردنی گاردی پادشایەتی ، بەشێكی ئەو گەشتیارانە هەوڵ دەدەن پاسەوانان ناچار بكەن جولەیەك بكەن ، بەڵام ئەوان بەهیچ شێوەیەك لە شوێنی خۆیان ناجولێن و هیچ كاردانەوەیەك نانوێنن . بەو پێیەی بە گوێرەی رێنماییەكان هەر سەربازێك تەنانەت زەردەخەنەیەكیشی پێوە دیار بێ بە بڕی 400 دۆلار سزا دەدرێن .









