خهبات: عەلی بانیشاری:-
بەمەبەستی تەواوكردنی نەخۆشخانەی 25 قەرەوێڵەیی سیدەكان، وەزارەتی تەندروستی لەسەر داواكاری ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی داوای تەرخانكردنی بڕی 2،948،000،000 دوو ملیار و نۆسەد و چل و هەشت ملیۆن دینار لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات. كاروان كەریم خان، بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی سیدەكان بە خەباتی گوت” قەیرانی دارایی دروستكردنی نەخۆشخانەی سیدەكانی لەكاتی خۆیدا وەستاند”. دەشڵێت” بڕیار بوو بەڵێندەرەكە دەست بە كارەكانی بكاتەوە، بەڵام كاركردنەكە دواكەوت”.
سیدەكان ژمارەی دانیشتووانەكەی 11 هەزار كەسە 6 بنكەی تەندروستی هەیە، بەڵام تائێستا نەخۆشخانەی نییە و بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەی و حاڵەتی كتوپڕ پێویستە نەخۆش رەوانەی قەزای سۆران بكرێت. وەكو د.زێدان برادۆستی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێ” خراپی رێگاوبانی نێوان سیدەكان و سۆران وایكردووە چەندین نەخۆش لەو رێگەدا ژیانیان بكەوێتە مەترسییەوە”. ناوبراو كە خەڵكی ناوچەكەشە دەشڵێت” نەبوونی نەخۆشخانەی گرفتی زۆری بۆ دانیشتووانی سیدەكان دروستكردووە”.
نەخۆشخانەی سیدەكان تەنها لە 17% كارەكانی تەواو بووە و پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانە، كۆمپانیای ئاراسن ئەركی دروستكردنی پڕۆژەكەی بە بڕی 3،442،384.000 سێ ملیار و چوارسەد و چل و دوو ملیۆن سێ سەد و هەشتاو چوار هەزار دینار لە ئەستۆ بووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە مانگی 10ی 2015 كاركردن لە پڕۆژەكەدا راگیراوە.
25ی مانگی رابردوو زێدان برادۆستی بەمەبەستی تەواوكردنی نەخۆشخانەی سیدەكان نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كرد. پاش یەك رۆژ و لە 26/8/2019 وەزارەت بە نوسراوی ژمارە11170 داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر تەرخانكردنی بڕی 2،948،000،000دوو ملیار و نۆسەد و چل و هەشت ملیۆن دینار بەمەبەستی تەواوكردنی كارەكانی نەخۆشخانەی سیدەكان. نوسراوەكەی وەزارەتی تەندروستی كۆپییەكی دەست خەبات كەوتووە و تێیدا هاتووە” لەبەر پێویستی دەڤەری سیدەكان و گرنگی ئەم پڕۆژەیە و پاڵپشت بە داواكاری ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و قایمقامیەتی قەزای سۆران، داواكارین لە بەڕێزتان رەزامەندی بفەرموون لەسەر تەواوكردنی نەخۆشخانەی ناوبراو و دابینكردنی بڕی پارەی پێویست كە دەكاتە دوو ملیار و نۆسەج و چل و هەشت ملیۆن دینار”.
د.زێدان برادۆستی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەخەباتی راگەیاند” ناحیەی سیدەكان گەورەترین سنوری جوگرافیایی لە هەرێمی كوردستان هەیە و كەچی تائێستا بێ نەخۆشخانەیە”. گوتیشی” ئەو بنكە تەندروستیانەی لە سنورەكەدا هەن پێداویستی خەڵكی سیدەكان پڕ ناكاتەوە و هەر نەخۆشێك پێویستی بە نەشتەرگەی هەبێت یان توشی حاڵی لەناكاو ببێت دەبێت دەستبەجێ بگوازرێتەوە بۆ قەزای سۆران”. دەشڵێت” خراپی رێگاوبانی نێوان سیدەكان-سۆران وایكردووە نەخۆش زیاتر تەندروستی تێكبچێت”.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان گوتی” دانیشووانی سیدەكان لە تەواونەكردنی نەخۆشخانەی شارۆچكەكەیان نیگەرانن، بۆیە منیش بە پێویستم زانی داوا لە وەزارەتی تەندروستی بكەم رەزامەندی دەربڕن لەسەر تەواوكردنی كارەكانی نەخۆشخانەی 25 قەرەوێڵەیی سیدەكان”. زێدان برادۆستی هەورەها گوتیشی” چەند نەخۆشخانەیەكی تەواونەكراو لەناوچەكەدا هەبوون و لە دوو مانگی رابردوو كاركردنیان تێیاندا دەستی پێكردووەتەوە، بۆیە پێویستە كاركردن لە نەخۆشخانەی سیدەكانیش دەست پێ بكاتەوە”. ناوبراو ئەوەشی گوت” بوونی نەخۆشخانەیەكی 25 قەرەوێڵەیی لە سیدەكان قورسایی لەسەر نەخۆشخانەی سۆرانیش كەم دەكاتەوە”.










