وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لەهەرێم، یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ  بەشداری و پێکەوەیی لە “پرسی چاکسازی”-دا واژۆکرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە مەراسیمێکدا بەئامادەبونی، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ویلیام نیکۆلاس کۆزایین کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لەهەرێم، یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ  بەشداری و پێکەوەیی لە “پرسی چاکسازی” لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هۆڵەندا واژۆکرا.

لەو مەراسیمەدا کە بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک ئەفسەری پلەباڵا ئامادەی بوون، وەزیری پێشمەرگە ئەو هەنگاوەی حکومەتی هۆڵەندای بەگرنگ و کاریگەر وەسفکرد، هەروەک ستایشی ئەرک و رۆڵی راوێژکاران و هێزەکانی هۆڵەندای لەمەشق و راهێنانی پێشمەرگە کرد لەرابردوودا.

بەر لە ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە، کونسڵی گشتیی هۆڵەندا، دووپاتیکردەوە، بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتەکە، راوێژکارانی سەربازی و مەدەنی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیاش لە پڕۆسەی چاکسازی بەشدار دەبن. وتیشی: لەرێگای ئەم هەوڵەوە، رێگاکان کورتتر دەبنەوەو هەنگاوەکانیش لەهەمبەر پڕۆسەی چاکسازیدا خێراتر دەبن.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، هەردوولا هاوڕابون لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان بەئاراستەی گەیشتن بەئامانجە سەرەکیەکە، کە پڕۆسەی چاکسازی راستەقینەیە.