سوورە مەرگەیی
هەموو ئەو كەس و دەستە و گرووپە عێراقچییانەی فرچكیان بە خیانەت و وڵات فرۆشییەوە گرتووە، هێز و بوون و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان لە عێراقێكی یەكگرتووی ژێر هەیمەنە و باڵادەستیی شیعەدا دەبینن، هەر بۆیەش بەردەوام لە بوونی مەرجەعێك بۆ كوردبوون و كوردایەتی ترساون، ئاخر ئەوانە ناهەقیان نییە و نانیان لە خیانەتدایە و رێگای خیانەتیان لێ بگیرێ نانبڕاو دەبن، بۆیە وەك دەبینین ئەوان بە فیتی دەزگا هەواڵگرییەكانی داگیركارانی كوردستان كەوتوونە هەرا و زونای ئەوەی پارتی دەیەوێ سەرۆك بارزانی بە مەرجەع بكات. پێش هەموو شتێك دەبێ ئەوانە جیاوازی لە نێوان بە مەرجەع بوون و بە مەرجەع كردندا بكەن، چونكە هیچ حزبێك ناتوانێ سەرۆك یان سەركردەیەكی خۆی بە مەرجەع بكات، ئەگەر مەرج و تایبەتمەندییەكانی بە مەرجەع بوونی تێدا نەبن، بۆیە پێویستە لە مەرج و تایبەتمەندییەكانی بە مەرجەع بوون بدوێین و بزانین مەرج و تایبەتمەندییەكانی چین و لە كوێوە دەست پێدەكەن؟ دیارە دوو جۆر مەرجەع هەیە، یەكەمیان مەرجەعی دینی و دووەمیشیان مەرجەعی نەتەوەییە، باسەكەی ئێمە تایبەتە بە مەرجەعی نەتەوەیی، چونكە ئەو مەرجەعە زیاتر لەناو گەلە ژێردەستە و چەوساوەكان دەردەكەوێ، كوردیش ساڵەهای ساڵە ژێردەستە و چەوساوەیە و بۆ رزگاربوون لە ژێردەستەیی پێویستی بە بوونی مەرجەعێك هەیە و دەبێ ئەو مەرجەعەش ئەو مەرجانەی هەبن: یەكەم: كەسی مەرجەع، بەردەوام لەژێر چاودێری داگیركاراندایە و لەلایەن دوژمن و داگیركەران بەردەوامپیلان لە دژی دەگێڕن. دووەم: دەبێ كەسی مەرجەع، رابردوویەكی شۆڕشگێڕی و مێژوویەكی پاكی هەبێ. سێیەم: دەبێ رزگاری و بەرژەوەندیی گەلەكەی بخاتە پێشینەی كارەكانی و لەو پێناوەدا ئامادەی چەشتنی هەموو جۆرە ئازارێك بێت. ئەگەرسەرۆك بارزانی لە چرای ئەو سێ مەرج و تایبەتمەندییەی سەرەوە بدەین، ئەوا هیچ گومانێك لەسەر ئەو راستییە نامێنێ كە سەرۆك بارزانی لە پێگە و كاریزمای خویدا مەرجەع بۆ خەڵك و دۆزی كورد و كوردستان، مەرجەعیەت و كاریزماكەی سەرۆك بارزانی لە ناخ كەسایەتی و خەباتی خۆی هەڵقووڵیوە نەك بە مەرجەع كراوە، وەك عیراقچییەكان دەڵێن و لە مەرجەع بوونی دەترسێن. خاڵێكی تر كە پێویستە ئاماژەی بۆ بكەین ئەوەیە كە داگیركارانی كوردستان و خیانەتكاران هەموو هەوڵەكانیان لەسەر پەراوێزخستن و لاوازكردنی چڕكردوونەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جار لە دوای جار بەهێزتر دەبێ و ژێردەستە و چەوساوەكان بە ئومێدی رزگاری و سەربەخۆیی زیاتر لە دەوری كۆ دەبنەوە. ئەگەر لە رووی نێودەوڵەتیشەوە لە مەرجەع بوونی سەرۆك بارزانی بڕوانین، ئەوا دۆست و دوژمن بۆ چارەسەری كێشەكان وەك مەرجەع بۆی دەگەڕێنەوە. لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە كە كوردانی پارچەكانی تریش لەگەڵ ئەو هەموو هەڕەشانەی لە لایەن داگیركارانەوە لێیان دەكرێ، بەڵام ئەوانیش بە مەرجەعی خۆیانی دەزانن و ئومێدی سەركەوتنیان لەسەر هەوڵەكانی هەڵچنیوە. بە مەرجەع بوونی سەرۆك بارزانی خورسكە و لە ناخی دوزی كورد و خەڵگی تەواوی كوردستاندایە، ئەمەش لای داگیركارانی كوردستانیش بۆتە مەترسییەكی گەورە، چونكە ئەوانیش زۆر باش دەزانن كە داگیرخوازی لەسەر دەستی مەرجەعی كوردایەتی بە كۆتا دێت، بۆیە دژ بە مەرجەعی كورد لە رابردوودا ئەوەی پێیان كرابێ كردوویانە و لە داهاتووشدا ئەوەی پێیان بكرێ دەیكەن.









