راپۆرت: پەریها عومەر
قوتابیانی بەشی راگەیاندن، باس لە قۆناغی دوای تەواوكردنی خوێندن دەكەن، ئەمەش لە وەڵامی بەدواداچوونەكەماندا بەرچاو دەكەون، هەموو ئەو بیروبۆچوونانە لە راپۆرتێكدا دەبینن، كە لە بنەڕەتدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، ئاخۆ قوتابیانی بەشی راگەیاندن، ئەگەر دوای تەواوكردنی خوێندنیان، لە هیچ دەزگایەكی راگەیاندن جێگەیان نەبووەوە چی دەكەن، ئایا هەر پێ لەسەر ئەوە دادەگرن كە دەبێ لە بواری خۆیاندا كە راگەیاندنە، كار بكەن و لە دەزگایەكی راگەیاندن دابمەزرێن، یان جێگرەوەیان هەیە و بە ئومێدەوە دوورتر دەڕوانن، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە، رای چەند قوتابییەكی بەشی راگەیاندنی كۆلیژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدینمان وەرگرتووە:
خەونی دامەزراندنی دەزگایەك
”ئارام ئیسماعیل” قوتابی زانكۆ لەبارەی قۆناغی دوای تەواوكردنی خوێندن، چاوی لە دەزگاكانی راگەیاندن نییە و دەیەوێ دەزگایەكی راگەیاندن دابمەزرێنێ، لەوبارەیەوە گوتی: من هیچ كات نەمویستووە لە دەزگایەكی راگەیاندن، لەو دەزگایانەی كە هەن كار بكەم، خەونی من ئەوە نییە ببم بە كارمەندیك لە دەزگایەكی راگەیاندن، خەونی من دامەزراندن و خاوەندارێتی دەزگایەكی راگەیاندنە، كە لە چوارچێوەی ئامانج و بەرنامەكانی خوم و كۆمەڵێ مروڤی باش ئیشی تیا بكەین، ئیستاش لەسەرەتاكانین و هەنگاوی زور باشیشمان بڕیووە.
لە پەنای راگەیاندن شـارەزایی لە بواری تردا
سۆما خالید تێڕوانینێكی دیكەی هەیە، ئەو پێی وایە پێویستە لە پەنای راگەیاندن، لە بوارێكی دیكەدا شارەزایی پەیدا بكات، بۆ ئەوەی هەمیشە چاوەرێی دامەزراندن لە بواری خۆی نەكات، لەوبارەیەوە سۆما دەڵێ: هەر كە گەیشتە قۆناغی خوێندنی زانكۆ، بیجگە لە بوارەكەی، دەبێت شارەزای پیشەیەكی تر بێت، چونكە لە ئەمڕۆدا ناتوانیت لە هەمان بوار و خولیاو ئەو بەشەی كە تەواوی دەكەیت هەلی كارت بۆ برەخسێت، هەرچەندە كاركردن بەپێی حەز و خولیای خۆت بێت دەتوانیت تیادا سەركەوتوو بیت. سۆما راگەیاندن بە بڕوانامە نابەستێتەوە و دەڵێ: لەگەڵ ئەوەشدا كاری راگەیاندن سـەرقالیی زۆری پێوە دیارە، زیاتر پشتی بە بـڕوانامەی كەسەكان نەبەستووە.
مەرج نییە تەنیا لە بوارێكدا بەدوای كاردا بگەڕێین
قوتابییەكی دیكە، بە جۆرێكی دی بیردەكاتەوە، ئەو پێی وایە مەرج نییە تەنیا لەبواری خۆتدا كار بكەی، بەڵكو دەكرێ لە بوارێكی دیكەدا كار پەیدا بكەی، لەو بارەیەوە “چرا سەعید” قوتابی بەشی راگەیاندن لە (كۆلیژی ئاداب لە زانكۆی سەلاحەدین) دەڵێ: وەڵامی من سەبارەت بەم پرسیارە ئەوەیە كە زۆر بەئاسایی دەزانم، ئەگەر پسپۆریت لە بوارێكدا هەبێت و كارت لە بوارەكەی خۆت دەستنەكەوێت، بە باشتری دەزانم هەنگاو بۆ بواری تر بنێیت، بۆ ئەوەی هەم كارت دەستبكەوێت، هەمیش پسپۆریەكی نوێ فێردەبیت.
هەلی كاری راگەیاندن بە ئەزموون و ئاستی راگەیاندنكار بەندە
رایەكی دیكە ئەوەیە كە دۆزینەوەی هەلی كاری راگەیاندن بە ئاستی ئەو كەسە دەبەستێتەوە كە داوای كار دەكات، ئەو رایە پێیوایە ئەزموون و شارەزایی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات كە كێ هەلی كاری لە دەزگاكانی راگەیاندن دەستبكەوێت، لەو بارەیەوە “گەیلان جاسم” دەڵێ: هەر وەك دەزانین راگەیاندن بوارێكی فراوانە، هەلی كاركردنیش لە دەزگا میدیاییەكاندا، لەتاكێكەوە بۆ تاكێكی تر دەگۆڕێت، چونكە بەندە بە ئەزموون و ئاستی بەرزی شارەزابوونی خودی راگەیاندنكار لەبوارەكەدا، بێگومان ئاستی زیرەكی و شارەزایی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بۆ هەموو میدیاكارێك یەك وەڵام نابێت، چونكە وەڵامێكی كەسی پێویستە و بەندە بەخودی كەسەكە كە شارەزایی كاركردنی لە بوارێكی تردا هەیە یاخود نا، من وەك خودی خۆم بێجگە لەكاری میدیایی هیچ كارێكی ترم نەكردووە، بۆیە ئەزموونی خۆم تەنها لەم بوارەدا دەبینمەوە.
شتێك نییە بەناوی
(من شوێنم نابێتەوە)
قوتابییەكی دی، بێ ئومێد نابێت، پێی وایە نابێ قوتابی چۆك دابدات و ئەگەر جێگەی نەبووەوە چیدی هەوڵ نەدات، شەیما بایز قوتابی بەشی راگەیاندن دەڵێ: بە تێڕوانینی من ئەگەر هەر كەسێك لەبوارەكەی خۆیدا هەنگاوبنێ و هەوڵی بەرەوپێشچوون بدات ئەوا شتێك نییە بەناوی (من شوێنم نابێتەوە )، ڕاستە كە هەموو شتێك تا پێی دەگەی دەبێت زەحمەتی بۆ بكێشی وە هەموو كارێكیش سەرەتا لەهەنگاوی بچوكەوە دەست پێدەكات ناكرێت بە ماوەیەكی زۆر كەم تۆ بگەی بەو خەونەی كە مەبەستتە بۆیە هەوڵدان و بەرەوپێشچوون و ئەزموون دروست كردن لێرەدا ڕۆڵ دەبینێت، بۆیە من لێرەوە دەمەوێت ئەوە بەو كەسانە بڵێم ئەگەر تۆ هەوڵی بەرەوپێشچونت داو توانای گۆڕانكاری دروستكردنت هەبوو وە لەهوڵی بچوكەوە دەستت پێكرد ئەوا دەتوانی ئەو قسەیە ڕەت بكەیەوە كە دەڵێ من شوێنم نابێتەوە.
سهرهتا بهدواداچوون قوتابیانی بەشی راگەیاندن .. لەبارەی دۆزینەوەی هەلی كار قسەی جیاوازیان هەیە









