مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا باس لە رای فەرمی پارتی دەكات لەبارەی كەركووك و هەوڵی پارتی بۆ یەكخستنی هەڵوێستی لایەنە كوردییەكان سەبارەت بە كەركووك.
یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كێشەی هەیە
گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بە سەردانی شاندی بزووتنەوەی گۆڕان كرد بۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆبوونەوەیان، لەو ڕووەوە گوتی: لەم ماوەیەی ڕابردوودا یاسایەك دەرچوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە پڕیەتی لە كێشە بۆ كەركووك و مووسڵ و ناوچەكانی كە ماددەی140 دەیانگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم بابەتە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی كە خەمخۆری كەركووكن و دەیانەوێت بە خراپ رەنگ نەداتەوە لەسەر كەركووك و دۆخی كەركووك لەوە زیاتر كە هەیە خراپتر نەكرێت، پێویستمان بە یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە بۆ ئەوەی كە بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەین و ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن بكەین، چی بكەین بۆ ئەوەی لەوێ دووچاری كێشە نەبین و خاڵێكی تر ئەوەیە كە ئەو یاسایەی دەرچووە چەند لە بەرژەوەندی پێكهاتەكانی ناو كەركووكە بۆ ئەوە پێویستمان بە ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەكانی و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی تردا هەیە، بۆ ئەو مەبەستە و چەند مەبەستێكی تر گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنی بزووتنەوەی گۆڕان كرد، لەگەڵ چەند بابەتێكی تر.
مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی، گوتیشی: لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەردوولامان هاوهەڵوێست بووین كە ئەم بابەتە بە گرنگ لەقەڵەمدراوە وە هەردوولاشمان بەپەرۆشین لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بە تایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەموو لایەنەكانی تر ئەم بابەتە تاوتوێ بكەین و بڕیاری لەسەر بدرێت.
پێویستە لە كۆبوونەوەكان باس لە پشك پشكێنە نەكرێت
لەبارەی ئەو پۆستانەی تا ئێستا گۆڕان لە حكوومەت وەرینەگرتوون، بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، مەحموود محەمەد گوتی: ئێمەش پێمان باشە هەر سێ لایەنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان كە لایەنی پێكهێنەری حكوومەتن لە ئەجوائی پشك پشكێنەی كە باسمان كردووە پێشتر و ڕێككەوتنمان كردووە لەسەری بچینە دەرو تەواو بكرێت، دوای تەواوكردنی لەبری ئەوەی لە كۆبوونەوەكاندا باس لە پشكەكان بكەین، باشترە باس لە چارەنووسی ئەو بابەتانە بكەین كە پەیوەندیدارن بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و نەتەوایەتی و نیشتمانیمان، وەك كەركووك یا ئەوەی لە بەغدا چۆن سەیری كورد دەكەن و مەسەلەی پێشمەرگە و كەركووك و بودجە و جێبەجێكردنی ماددەی140 ئێمەش پەلەی ئەوەمانە ئەو بابەتە تەواو بێت كە ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران پێكهاتووە ئەو پشكانەی هی لایەنەكانی ترن ئەوانەش دەدرێت.
لەگەڵ یەكێتیدا هاوهەڵوێستین كە كێشەكان جیابكرێنەوە
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد پێش دوو مانگ لەمەوبەر لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، لە دوا كۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم بابەتی (كەركووك) باسمان كرد و هەر لەو كاتەدا ئەوەشمان باسكرد كە ئەو گرفتانەی دێنە پێش، لەگەڵ یەكێتیدا لەم چەند رۆژەی ڕابردوو قسەمان كرد كە كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدرێت دیارە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیان باشبوو كە چەند رۆژێك كۆبوونەوەكە دوابخرێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هاوهەڵوێستن لەوەی پرسی كەركووك، پرسی ئەو ناوچانەی كە ماددەی140 دەیانگرێتەوە، جیابكرێتەوە لە هەندێك كێشەی كە لە كوردستان هەن، یان هەندێك جیاوازی تێڕوانین كە هەمانە لە كوردستان جیابكرێتەوە وەك ئەوەی هەیە چارەسەری بۆ دابنرێت و هاوهەڵوێست بین . هەروەها گوتیشی: لەسەر بابەتی كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و هەموو لایەنەكانی تر كۆدەبینەوە، هەوڵ دەدەین پێكەوە بیروبۆچوونەكان تاوتوێبكەین و بڕیاری هاوبەش بدەین. هەوڵی ئەوە دەدەین كە هەموو لایەنە كوردییەكان لە كەركووك هاوهەڵوێست بین ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك-مان كرد پێكەوە بەشدار بین ئەگەریش بەشدار نەبین ئەوا هەر پێكەوە بڕیار بدەین.
پێمانباشە لەبارەی هەڵبژاردنی كەركووك هاوهەڵوێست بین
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێوە دەتانەوێت هەموو لایەنە كوردییەكان بە یەك لیست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكدا بەشدار بن؟ مەحموود محەمەد دەڵێت: لە ڕاستیدا هەر بڕیارێك دەدەین پێویستە پێكەوە بیدەین بە یەك لیستی بێت یا لیستی جیا جیا بێت و زیان و قازانجی هەریەكەیان ئەمانە ماوەتەوە بۆ ئەو كۆبوونەوە و گفتوگۆیانەی دەیانكەین لە نێوان حزبەكان بە هەرسێ حزبی پێكهێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانیش، چونكە ئۆپۆزسیۆنیش بەشێك لە بەرپرسیارێتی نەتەوایەتییان دەكەوێتە سەرشان بەرانبەر كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان، چونكە ئەمە بەشێك نییە لەو تێڕوانینەی بەرانبەر حكوومەتی هەرێم هەیانە، بە خەمی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكین، لەم كاتەی كە قسەی تێدا دەكەم، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی هەیە لە یەكێتی زیاترە و لەلایەنەكانی تریش زیاترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە خەمی ئەوەداین كە دەبێت هەرچی زووترە كێشەكان چارەسەر بكرێن ئەگەر هەڵبژاردنیش دەكرێت بەجۆرێك نەبێت كە لە زیانی كورد و خەڵكی ناوچەكانی دەرەوە نەشكێتەوە.
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر ڕوونیكردەوە و گوتی ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین هەموو لایەنە كوردییەكان لە كەركووك هاوهەڵوێست بین، ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكمان كرد پێكەوە بەشدار بین ئەگەریش بەشدار نەبین ئەوا هەر پێكەوە بڕیار بدەین، بەڵام سەرەتای هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە كە هەندێك ماددەی زۆر خراپ خراوەتە ناو یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە سەبارەت بە كورد زیانی زۆر دەدا كە هەوڵبدەین لە پەرلەمان هەمواری ئەو بڕگانە بكرێتەوە، ئەگەر ئەوەش نەكرا ئێمە پێمان باشە پێكەوە بین بەشداری هەڵبژاردن بكەین یا نا، كە ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن بكەین پێكەوە بیكەین ئەگەر بایكۆتمان كرد پێكەوە بیكەین.
مەحموود محەمەد گوتیشی: ئێمە پشكی پارێزگاری كەركووكمان نەداوە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو كاندیدە بەڕێزەی كە هەیە كاندیدی لیستی برایەتییە، كە لە هەموو لایەنە سیاسییە كوردییەكانی كەركووكە و هەندێك لە توركمان و عەرەبیش، لەبەر ئەوە نەخێر ئەو كاندیدەی ئێستای پۆستی پارێزگاری كەركووك، كاندیدی یەكێتی نییە، بەڵكو هی لیستی برایەتییە و ئەو لیستە دەتوانێت پارێزگار بۆ پۆستەكەی دیاری بكات.
لیژنەیەكی هاوبەشی
پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدا دەكەن
سەبارەت بە كاتی دەسبەكاربونی كاندیدی پارێزگاری كەركووك لە پۆستەكەیدا، مەحموود محەمەد گوتی: بە بۆچوونی ئێمە دەبێت لایەنەكانی تریش بۆچونیان وەربگیرێت و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لە چەند ڕۆژی ئایندەدا سەردانی بەغدا دەكەن تا لەوێ نوێنەرانی عەرەب و توركمان ببینن تا ئەوانیش ڕەزامەندییان لەسەری هەبێت، چونكە ئەم پارێزگارە هی كورد و عەرەب و توركمان و هەموو پێكهاتەكانی كەركووك دەبێت، ئەو بابەتە دراوەتە دەست لیژنەیەكی تایبەت وە ئەو لیژنەیە ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكات.
سهرهتا چاوپێكهوتن مەحموود محەمەد:شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەبارەی پرسی پارێزگاری كەركووك سەردانی بەغدا...









