كاروان محەمەد سینۆ
لەوانەیە ئەم سەرنووسینەی سەرەوە لەلایەن خوێنەرانەوە نامۆبێت؟!، هەڵبەت بەپێی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی، نابێت دوو وڵات لەنێو وڵاتی سێهەمدا شەڕ و (تصفەی حساباتی خۆیان بكەن). بەڵام ئەگەر بە شێنەیی لە روودا و لێدوانە سیاسی و سەربازییەكانی بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل و عێراق ورد ینەوە لە هەفتەی رابڕدوودا، دەگەینە ئەو راستییەی كە، بەڵێ ئێستاكە ئێران و ئیسرائیل لە عێراقدا لە حاڵەتی شەڕی ڕانەگەینراوی ئیستینزافیدان. لەبیرمانە، لە دوو ساڵی رابردوودا، فڕۆكە (بەفڕۆكەوان و بێ فڕوكەوانە) جەنگییەكانی ئیسرائیل، چەندین جار پێگە و مۆڵگە سەربازی میلیشا و جەبەخانەكانی ئێرانیان لە سوریادا بۆردومان كردبوو. ئەگەرچی ئێران و ئیسرائیل ئەم روداوانەیان بە فەرمی پشتڕاست نەكردبێتش، بەڵام نكوڵیشیان لێ نەكردووە. لەگەڵ ئەوەشدا جارجار لێرە و لەوێ بەرپرسانی ئێران لە بۆنە و كۆبوونەوەكاندا بەردەوام ئیسرائیل تۆمەتبار دەكەن كە هێڕش دەكاتە سەر خاكی سوریا و سەروەری عێراق پێشێل دەكات و واپێدەچێ ئێستاكە شەڕەكە لە سوریاوە گواستراوەتە نێو عێراق. لەم رووەوە رۆژی سێشەممەی رابردوو 20ی ئاب لە گوندی (ئەلبوحشمە) تەنیشت فرۆكە خانەی (بەلەد) لە پارێزگای سەڵاحەدین (64كم باكوری بەغدا)، لە سەربازگایەكی حەشدی شەعبید كە هاوبەش میلیشیای “كەتائب حزب ئەڵڵاه” و “جوند ئەلئیمام” سەربە ئێران لەخۆ گرتووە، تەقینەوەیەكی گەورەی نائاسایی جبەخانەكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی گرتەوە. كە پڕاوپڕ بوو لە چەك و تەقەمەنی نائاسایی؟!!. شایانی باسە لەم مانگەدا (ئاب) ئەمە چوارەم رووداوی تەقینەوەیە لەنێو گۆگاو جبەخانەكانی میلیشاكانی حەشدی شەعبی روودەدات. پێشتر (12ی ئاب ـ دووەم رۆژی جەژنی قوربان) كاتێك تەقینەوە لە سەربازگەی (ئەلسەقەر) لە دەڤەری “ئەبو دشیر” لە باشوری بەغدا و سەربازگەی (ئەلشوهەدا) لە دڤەری ئامرلی لە پارێزگای سەڵاحەدین روویدابوو، بەها ئەلئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی (13ی ئاب) لە تویتێكدا باس لە سروشتی تەقینەوە و ئاگركەوتنەوەكان دەكات و دەڵێت: “لە سروشتی ئاگری كۆگای سەربازگەی “ئەلسەقەر” دەردەكەوێت كە ئەو چەكانەی سوتاون ئاسایی نین و هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی پێشتر بەكاریان نەهێناوە. بۆیە پێمان وایە كە ئەم چەكانە ئەمانەتی وڵاتێكی دراوسێ بووە لای ئێمە و ئەم ئەمانەتە لەلایەن وڵاتێكی ئیستیعماری زاڵم بەئامانج كراوە لەژێر چاودێریەكی خیانەتكارانەی عێراقی”. ئەگەر بەشێنەیی لەم لێدوان (تویتەی) جێگری سەرۆك وەزیران عێراق وەرد ببینەوە و هەردوو رستەی ” ئەم چەكانە ئەمانەتی وڵاتێكی دراوسێ بووە لای ئێمە” و “لەلایەن وڵاتێكی ئیستیعماری زاڵم بەئامانج كراوە” شی بكەینەوە، دەبینین جێگری سەرۆك وەزیران عێراق بەئاشكرا ئاماژە بە بوونی چەكی و تەقەمەنی ئێرانی دەكات لە عێراقدا و هەروەها ئاماژەش بە شەڕی ڕانەگەینراوی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەكات لە عێراقدا.









