بارزان عەبدوڵڵا
مێژووی دووبارەبوونەوەی شەڕی براكوژی و هاندانی هاوڵاتیان و عەشیرەتەكان دژی شۆڕشەكانی رزگاریخوازیی بارزانیی نەمر و شێخ ئەحمەدی بارزان لەلایەك دوژمنانی كورد و كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی1885 تا 1958ی زایینی لەلایەن دوژمنانی كورد بۆ تێكدانی ئارامی و دەستكەوتەكانی گەلی كورد پلان بۆ دارێژاوە، ئەم سیناریۆیەش خەریكە دووبارە دەبێتەوە. پەكەكە بە ئاشكرا دژایەتیی هەیمەنەی كوردستان دەكا، خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و گوندنشینان لەو بارەیەوە دەڵێن ئەوان بە ئیعازی دوژمن چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن، دایمەن دەست لە ناودەستی دژمنن و لەلایەن ئەوانەوە پڕچەك دەكرێن، پەكەكە و سیاسەتی هەڵەی سەركردەكانیان و ئاراستەی ئایدۆلۆژییان ویستی خۆیانە، دەیانەوێ هەرچییەك سەرۆك بارزانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی دروستی كردووە بیكەن بە خۆلەمێشی ئامانجە گڵاوەكانی (دۆڕان كالكانەكان) و مستەشارەكانی حكوومەتی بەشار ئەسەد و حەشدی شەعبی لە عێراق و پیرۆزكردنی ئاڵا و شیعارەكانیان لە پێش چاوی كامێرا و تەكنەلۆژیای سەردەم خەریكی فەلسەفاندنی خیانەتن. بەهۆی هەلكوتانە سەر ماڵ و دێهاتەكان خەڵكێكی مەدەنی زۆر زەرەریان كردووە یان كەسیان لێ كوژراوە، تەنیا لە پارێزگای هەولێر و دهۆكدا زیاتر لە450 گوند و ئاوایی وێران كراون و باغ و رەزەكانیان بووەتە شوێنی بۆردومانی توركیا و تونێلەكانی ئەوان، لەبەر شەڕ و ئاژاوەی توركیا و پەكەكە كەس ناوێرێ ئاوەدانیان بكاتەوە، رەونەقی سیاسەتی پەكەكە تێكدانی گوندەكان و سستكردنی گەشانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستانە، ئەوەتا دەیانەوێت لوولە نەوتییەكانی هەرێم بتەقێننەوە كە پێشتریش ئەو كارەیان كردبوو، مێرمنداڵی خەڵكی مەدەنی و بێتاوان فریو بدەن و بیكەن بە چەكدار و خوێنیان بە فیرۆ بدەن، ساڵانێكە گرووپی بەكرێگیراوی بەناو گەریلای پەكەكە خەریكە دەستكەوت و خەبات و خوێنی شەهیدانمان ژێرپێ بخەن لەپێناو كۆمەڵێك ئامانجی لاوەكی و بەدینەهاتوویان، هەروەكو چۆن پێشتر پەلاماری خەڵك و دێهات و گوندەكانیان داوە و چەندین منداڵیان لەناو لانكە سوتاند و خوێنی چەندین لاویان ڕشتووە و چەندین گوندیان وێران كردووە. ئەمرۆش هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و هاندانی گوندنشینان بۆ لەباربردنی دەستكەوتەكانمان، یاریكردنە بە خوێنی شەهیدان و تێكدانی ئارامی و ئاسایشی كوردستان، دوژمنان نەیانتوانیوە بگەن بە ئاواتە گڵاوەكانیان، ئەمرۆ ئەوان پێشەنگن لە ئاژاوەگێڕی و لێدوان و هەڕەشە. پەكەكە رێكخراوێكی بەكرێگیراوە و ئاراستەكراوە، ئامانجی سەرەكییان تەنیا لەباربردنی حكوومەت و پەرلەمان و ئاڵا و خەباتی باشوری كوردستانە (ئەمەشیان نەشادرۆتەوە)، بەڵگەش بۆ ئەوەی ئاگاداری راستی و دور لەدژایەتی بین لێدوان و هەرەشەكانی سەركردەكانیانە دژی خودی كورد نەك ئاراستەی دوژمنی سەرەكیمان، پەكەكە تا ئێستا هەزاران گوندیان لە لەباكوور و باشوور وێران كردووە، كردوویەتی بە لێڕەوار و شوێنگەی جەنگ، سەرەڕای لێدوانی هەرەشەئامێز و پەنجە هەڵبڕین بەڕووی هەرێم نەیانتوانیوە بستێك لەخاكی باكوور رزگار بكەن، سیاسەتە سەقەتەكانیان بووە هۆی لەدەستدانی عەفرین و چەندین ئاوایی و گوند و باخی كورد لە رۆژئاڤای كوردستان و ڕشتنی خوێنی هەزاران كورد بەدەستی دوژمن، هۆكارەكەشی لوتبەرزی و لەخۆبایی بوونی سەركردەكانیان بووە.









