بەدواداچوون: سومەییە كاوێز
زانكۆ ئەو شوێنەیە كە نەوەكانی داهاتووی وڵات تیایدا فێری زانست دەبن و بە جیهانی پێشكەوتن و زانست و شارستانیەت ئاشناو هۆشیار دەبنەوە. ئەگەر بمانەوێت وڵات پێشبكەوێت و نەوەیەكی هۆشیارمان هەبێ، دەبێت هەوڵی بەرەو پێش بردنی سیستەمی خوێندن بدەین لە هەموو قۆناغەكانەوە، بەڵام ئایا ئاست و كوالێتی زانكۆكانی ئێمە بەو شێوەیەیە كە قوتابی و خوێندكاری داهێنەر و پێگەیشتوو درووست بكات؟ ئەی ئاستی قوتابی لەرووی زانستییەوە تا چەندە؟ كێشەكانی زانكۆ چین و چارەسەری ئەو كێشانە چین؟ لەم بەدواداچوونەدا وەڵامی ئەو پرسیارە گشتییانە لە قوتابیان و مامۆستایانی زانكۆ وەردەگرینەوە: د . هێـمـن مامۆستای زانكـۆی سلێـمانی دەڵێت: ئاستی قوتابی خوێـندكاران لە ئاستی پـێداویستی كـۆمەڵگـادا نییە، تا ئەو خوێـندكارانەی دەبنە دەرچـووی زانكـۆ لە پـسپـۆرییە ئەكادیمیەكەی خـۆیاندا كادیری مامناوەندی كۆمەلگایان لـێ بەرهەم بـێـت، ناتوانین بڵێـین گـەیشتوونەتە ئەو ئاستەی پـشـتی پـێ ببەسترێت، ئەوەش پـەیوەندی نییە بەوەی كە ئەم دەرچووە ئەزموونی نییە، بەڵكو پـەیوەندی بە ئاستی ئەو زانیاریانەوە هەیە كە خوێـنـدكار وەریگـرتووەو لە ئەنجامی كـۆمەڵـێـك هۆكاردا خوێـندكار گەیشتوەتە ئەو باوەڕەی كە پـێـویست ناكات هەوڵ بدات . سیستەمی وەرگـرتنی قوتابی و خوێندكار لە زانكـۆكان یەكێـكە لەو هۆكارانەی كە توانای خوێـندكاران دەكوژن، چـونكە تەنها گـرنـگی بەوە دەدرێـت كە لە پـۆلی دوازدەدا نمرەیەكی بەرز بهێـنـێـت، واتا كەسێـكی زیرەكە و ئەگـەر نمرەیەكی بەرزی نەهێنا ئەوا كەسێكی تەنبەڵە، لەراستیشدا لەوانەیە ئەو كەسەی لە پـۆلی دوازدە نمرە نەهێـنـێـت كەسێـكی زۆر داهێنەر و لێهاتوو و بیركەرەوەش بێـت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە پـۆلی دوازدە نمرەی نەهێـنـاوە لە شوێـنـێك دای ئـەنـێـن كە بە دڵـی خـۆی نییە، هەروەها نەبوونی ئامانجی دیاریكراو، گـرفتی هەرە گـەورەی هەوڵنەدانی قوتابی و خوێندكارانی زانكۆیە، چونكە كـۆلـێژەكان هەریەكەو بایەخی خـۆی هەیە بەتایبەتی كـۆلێـژە زانستییەكان كە بڕوانەمەكەیان نـێـو دەوڵـەتـییـە. سیستەمی بەرهەمهێـنانی دەرچـوو یان ئەكادیمیسـت بەو شێـوەیە نییە كە كەسێك بەرهەم بهـێـنـێت بەرپـرسیارێتی لە ئەستۆ بگـرێـت، ئەم سیستمەش درێـژكراوەی سەد ساڵ لەمەوپـێشی سیستەمێكی ئیكسپـایەربوونی پـەروەردەو فێـركردنە. بەڕای من سیستەمی پۆڵـۆنیا ئیجابیترە لەو سیستمەی كە هەیەو تیایدا زیاتر حەزی خوێـنـدكار بـۆ وانەكە هەژمار ئەكرێـت، بەشێـكیش لە مامـۆستایانی زانكـۆ ئاستی زانستییان باش نییە، كە ئەمەش دەگـەڕێـتـەوە بـۆ دەستی حزبایەتی كە پـێـوەری حزب پلـەی یەكەمی هەیە و پـێـوەری ئەكادیمی بوون پـلەی دووەمی هەیە بـۆ دامەزراندنی مامۆستا، هەروەهاش بودجەی زانكـۆ سنووردار كراوە، كە لە وڵاتانی جیهاندا دامەزراوەی زانكۆكان سەربەخۆن و دانانی دەزگایەكی چـاودێری و ورد بەسەر لایەنی ئەكادیمی و دارایی لە زانكۆكاندا یەكێـكە لە چـارەسەرەكان و پێویستیشە دانانی پـۆستە كارگـێڕییەكانی ناو زانكـۆكان لەسەر بنەمای لێـهاتوویی و زانستی بێت، نەك لە ڕێـگەی حزبەوە . دارا سالار قوتابی كۆلێژی ئەندازیاری كارەبا لە زانكۆی سلێمانی دەڵێت: بەڕای من زانكۆ بەهیچ جۆرێك نەیتوانیووە نەوەیەكی تێگەیشتوو بەرهەم بهێنێت و ئەو مێشكە چەقبەستووە لەلای زۆربەی زۆری قوتابیان بكاتەوە، كە پێشتر هەبووە. دەشتوانین ئاستی قوتابی بكەینە دوو بەش، بەشێكیان تەنها بیر لە دەرچون دەكاتەوە و دەیەوێت بەس ئەوەندە شت بزانێت كە لەتاقی كردنەوەدا دەربچێت، بەشەكەی دیكەش جیا لە مەنهەجی زانكۆ خۆی بەدوای زانیاریدا دەگەڕیێت، كە ئەوانە ڕێژەیان كەمەو خراپی باری ئابووری و دانەمەزراندنی قوتابیانی ساڵانی پێشوو وایكردووە جۆرێك لە نائومێدیان پێوە دیار بێت و باشترین چارەسەریش گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی خوێندنی ساڵانی 2010 -2011 و نەهێـشـتنی بڕیاری پەڕینەوە (عبور) و پێدانی نمرە، چونكە ئەم بڕیارە وای لە قوتابیان كردووە لەو وانانەی كە باش نین پشتگوێی بخەن و بیكەنە عبور. كۆژین جەبار قوتابی كۆلێژی زمانی ئینگـلیزی لە زانكۆی سلێمانی دەڵێت: لە ڕووی زانستییەوە ئاستی زانكۆی سلێمانی بەڕێـژەیەكی بەرچاو دابەزیووە، ڕاستە لە رووی ناو یەكەمە، بەڵام بەداخەوە لە رووی ناوەڕۆكەوە یەكێــكە لەو زانكۆیانەی كە بەشێــكی زۆر كەمی قوتابی و خوێندكارەكانی ئاستی زانستییان بەرزە. لە ڕاستیدا زۆر كێشە هەن لەوانەش: باڵادەستی حزب و واستەكاری كە چیـنێكی زۆری قوتابیان تێــیدا زەرەرمەندن. هەروەهاش نەبوونی تەكنۆلۆژیا و پێـداویستی بەردەست بۆ كۆمەڵە وانەیەك كە قوتابی ناچـار دەكات دەرسی كرداری (عەمەلی) بە تیۆری (نەزەری) بخوێـنێت. بۆ چـارەسەری ئەم كێشانەش پێویستە لیژنەی تایبەت پـێك بهێـندریت و چاودێری بكات بۆ هەر كەموكوڕییەك. ئاڵا بایز قوتابی بەشی زانستەكان لە زانكۆی چەرمۆ دەڵێت: ئاستی زانستی قوتابیانی زانكۆ تا ڕادەیەكی كەم باشەو بە دڵنـیاییەوە زانكۆ ڕۆڵی هەیە لە پـێگـەیاندنـی قوتابیدا، بەڵام وەكو پێـویست نا. نەبوونی كات و شوێنی گونجاو، نەبوونی هەلی كاریش لە داهاتوودا بەشێكن لەو كێشانەی كە وای كردووە قوتابی لە خوێندن ساردەوە بێــت. بەڕای من سیستەمی پۆڵۆنیا سیستەمێكی باشە بۆ چـارەسەری كێشەكان كە لە زانكۆكەی من (زانكۆی چـەرمۆ) پەیڕەو دەكرێـت، هەرچـەندە ئەویش هەندێك كێـشەی هەیە، بەڵام بەگشتی لەم سیستمەی ئێستا باشترە. سومەیە حەمید قوتابی پـەیمانگـای پـەرستاری لە سلێمانی دەڵێت: بەڕای من ئاستی زانستی قوتابی و خوێندكاران هیـچ باش نییە. كە بێ هیوایی خوێنـدكار لەسەرووی هەموو شتێـكـەوەیە، ئەوەی هەموو شتێك بەزۆرە لە زانكۆدا، خوێندن و تاقیكردنەوە و ئەو شتانە وا لە قوتابی و خوێندكار ناكەن كە حەزی بۆ بەشەكەی زیاد بكات یاخود زیاتر شتەكان پڕاكتیكی بێـت بۆ فێركردن. چـارەسەریش ئەوەیە مامۆستاكان شێــوازی وتنەوەی وانەكان بگـــۆڕن و لە لایەن حكوومەتیشەوە بارێكی دارایی باش بۆ قوتابی و خوێندكار دابین بكرێت و دامەزراندنیان بۆ فەراهەم بكرێت. نگـین محەمەد قوتابی كۆلێـژی زانستی فیزیا لە زانكۆی سلێمانی دەڵێت: ئاستی زانستی قوتابیان زۆر نزمە، چـونكە زۆرینەی تەنها بۆ دەرچوون هەوڵ دەدەن، نەك بۆ فێربوون. هەر ئەو سەرچاوانە بەكاردەهێنن كە دەرەجەی پێ وەردەگـرن و بەمەش دووردەكەونەوە لە كتێبخانە و ڕیسەرچ. زانكۆ نەیتوانیووە نەوەیەكی هۆشیار بۆ كۆمەڵگـا دروست بكات و زۆرێـك لە دكتۆرەكانی زانكۆش جیاوازی دەكەن لە نێوان خوێندكارەكان و ئاستی زانستی زۆرێكیشیان بەو ڕادەیە نییە كە خوێندكار سوودیان لێ ببینێت. بۆ چـارەسەری ئەم كێشانەش پـێویستە لە سەرەتاوە هەوڵ بدرێ قوتابی و خوێندكار فێر بكرێ نەك هەر دەربچـێت و مامەڵە بە نمرەوە نەكرێ. ئیمان زرار خوێندكاری كۆلێژی تەكنیكی كشتوكاڵ لە زانكۆی هەڵەبجە دەڵێت: ئاستی زانستی قوتابی و خوێندكاران تا ڕادەیەك باشە، بەڵام زۆربەی قوتابیان تەنها بۆ دەرچوون و نمرەی بەرز دەخوێنن. دەتوانم بڵێـم تا رادەیەكی باش نەوەیەكی هۆشیار بەرهەم هاتووە. ڕاستـگۆ حەسیب قوتابی كولـێژی یاسا لە زانكۆی سلێمانی دەڵێت: بەڕای من ئاستی زانستی خوێندكار نزمە، چونكە كۆمەڵگە و دەسەڵات و مامۆستای زانكۆ و ژیـنگەی زانكۆ هەوڵی نەداوە ئاستی زانستی پـێش بكەوێت. زانكـۆش نەیتوانیوە نەوەیەكی هۆشیار بەرهەم بهێنێـت، زۆرێك لە مامۆستا و كاربەدەستانی زانكۆ بە واستە دانراون و وەك پێویست نین. بۆ چـارەسەریش پـێویستە سیستەمی خوێندنی ئەم هەرێمە هەڵقوڵاوی نێـو خودی كۆمەڵگاكەمان بێـت نەك تەقلیدی وڵاتانی بێگانەو كۆپی پەیستكردنی سیستمی وڵاتان بەسەر قوتابی و خوێندكاردا. هاوسەر وەهاب قوتابی كۆلێژی پەروەردە، بەشی فیزیا لە زانكۆی چەرمۆ دەڵێت: بەڕای من ئاستی زانستی و بەدواداچوونی خوێندكاری زانكۆ لە ئاستێكی نزمدایە، بەڵام دەتوانم بڵێم تا رادەیەك زانكۆ توانیویەتی نەوەیەكی هۆشیار دروست بكات، هەرچەندە دانەمەزراندن یەكێكە لەو هۆكارانەی كە وایكردووە قوتابی ساردبێتەوە. پـێشنیاری من ئەوەیە بابەتی فێـربوون لە زانكۆدا بگۆڕدرێـت و تەنها هەوڵدان بۆ دەرچوون نەبێـت و زیاتر گـرنگی بە وانە پـراكتیكییەكان بدرێـت. لاڤـە خالید خوێندكاری كـۆلێـژی پــەرستاری زانكۆی سلێـمانی دەڵێت: ئاستی خوێندكار بەڕای من بەپـێـی كەسەكە دەگـۆڕێـت، بـۆ نموونە كەسی وا هەیە لە بەشێـكـی بەرزبێـت ئەگـەر خۆی هەوڵـنـەدان سەركەوتوو نابـێـت. قوتابیش هەیە لە بەشێـكـی بەرز نییە، بەڵام كەسێـكی سەركەوتووە لە بەشەكەی خـۆیدا. بەشێـوەیەكی گـشتی زانكۆ قوتابی تەنبەڵ دەكات، بەتایبەتی ئەم سیستمەی ئێـستا وات لێـناكات كە خـۆت هەوڵ بدەیت، ئاسانكاری زۆر كراوەو هەموو مەنهەجەكە خراوەتە بەردەستمان، ڕۆژێـك پـێییـان نەگوتووین بڕۆن خۆتان بە دوایدا بـگـەڕێـن. زانكـۆ كاریگـەری زۆرە لـەسەر كەسایەتی خوێـندكار، چـونكە وات لێـدەكات شارەزای كەسانی جیاواز بیت، یەكێـك لە كێـشـەكانی ئێـمە ئەوەیە تا ئێـستا تاقیگـەیەكی تایبەت بە خۆمانمان نییە، ئەوەندەی لە وانە پـراكتیكییەكان فێـردەبین ئەوەندە وانە تیـۆرییەكان سوودیان نییە، لە نەخۆشخانەش سوپـەرڤـایزەرێـكی باشم نییە تا یارمەتیم بدات و فێـرببم، بەڕای من چـارەسەر ئەوەیە كە بۆ تێـگـەیشتن زیاتر گـرنگـی بە وانە پـراكتیكییەكان بدرێـت و دابینكردنی پـێـداویستیەكانی تاقیگە گـرنگـی پـێـبـدرێـت.
سهرهتا بهدواداچوون ئاستی زانستیی و مەعریفی زانكۆ لە بەدواداچوونێكی رۆژنامەی »خەبات« دا









