خەبات- ئاكرێ :
لە قەزای ئاكرێ زیاتر لە سێ هەزار خێزان بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و خۆراك و كاروباری دیكەی رۆژانەیان لەبری ئۆتۆمبێل پشت بە گوێدرێژ دەبەستن، شارەوانی شارەكەش بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی سێ گەڕەك، چوار گوێدرێژی تەرخانكردووە.
گەڕەكانی چووستەیی، گۆڕەڤا و قاپەكی كە سێ گەڕەكی قەزای ئاكرێی سەربە پارێزگای دهۆك-ن، دەكەونە دامێنی چیای كەلێ، بە كوچە و كۆڵانەكانی ئەم گەڕەكانەی قەزای ئاكرێ جگە لەوەی تەسك و تروسكن لە هەموو كوچە و كۆڵانەكان پەیژە دروستكراوە بۆ سەركەوتن و هاتنە خوارەوە، بۆیە ئۆتۆمبێل بەهیچ شێوەیەك كەڵكی لێوەرناگیرێت بۆ هاتوچۆ كاركردن. لەو سێ گەڕەكەی ئاكرێ كە زیاتر لە سێ هەزار خانەوادە نیشتەجێن، دەیان گوێدرێژ بۆ گواستنەوەی خواردن، خواردنەوە و نەوت بەكاردەهێنرێن دانیشتوانی ئەو سێ گەڕەكە تەنانەت بەرد، چیمەنتۆ، دەرگا و پەنجەرەش بە گوێدرێژ دەگوازنەوە. هەڵكەوتەی جوگرافی قەزای ئاكرێ وایكردووە كە خانووەكان بەسەریەكدا هەڵدابچن و سەربانی هەر خانوویەك ببێتە حەوشەی خانووەكەی ژێر خۆی، ئەمە وێڕای ئەوەی سیمایەكی جوانی بە شارەكە بەخشیوە، كەچی ژیانی دانیشتووانی ئەو گەڕەكانەی دەكەونە دامێنی چیا، سەختكردووە و سەختی ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەكانەی ئاكرێ لەوەدایە كە تا ئێستا سوودیان لە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێڵ نەبینیوە. شارەوانی قەزای ئاكرێ مانگانە بۆ خاوەنەكانی چوار گوێدرێژ بۆ هەریەكێكیان 700 هەزار دینار دەدات كە لە سەدا 50ی پارەكە لە گوێدرێژەكان خەرج دەكرێت بۆ كڕینی جۆ، ناڵ، كورتان و هەگبەیەكی گەورەی نایلۆن بۆ تێخستنی زبڵ و خاشاكی گەڕەكانی چووستەیی، گۆڕەڤا و قاپەكی. بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی شارەوانی قەزای ئاكرێ، زێرەڤان تەمۆ لە لێدوانێكیدا گوتی: “شارەوانی ئاكرێ گرێبەستێكی 15 ساڵی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە كە لە گرێبەستەكەدا هەشت گوێدرێژ لە سنووری قەزای ئاكرێ، بەردەڕەش و شێخان بۆ كۆكردنەوەی پاشماوە و خاشاك تەرخانكراوە، تا ئێستا چوار گوێدرێژ لە ئاكرێ كاریان پێدەكرێت”. زێرەڤان تەمۆ لەبارەی نوێكردنەوەی گرێبەستەكە گوتی: “بێگومان گرێبەست بۆ كارپێكردنی چوار گوێدرێژ لە ئاكرێ نوێ دەكرێتەوە، ئەگەر پێویست بكات گوێدرێژی زیاتریش تەرخان دەكەین”.
سالم ئەحمەد زێباری خاوەن یەكێك لە گوێدرێژەكان بەیانیان كورتان دەخاتە سەر پشتی گوێدرێژەكەی و هەگبە گەورەكەی دەخاتە سەر كورتانەكە و كۆڵان بە كۆڵان و ماڵ بە ماڵی گەڕەكی چووستەیی دەگەڕێت و زبڵ و خاشاك لە گوێدرێژەكە باردەكات. سالم ئەحمەد زێباری گوتی: “ئێمە چوار كەسین كە هەر یەكە و گوێدرێژێكمان هەیە كە لە لایەن سەرۆكایەتی شارەوانی قەزای ئاكرێ پارەمان بۆ تەرخانكراوە، بە مەبەستی پاكڕاگرتنی گەڕەكانی چووستەیی، گۆرەڤا و قاپەكی. لەبەر ئەوەی ئەو سێ گەڕەكە هەمووی پەیژە و كوچە و كۆڵانی تەنگ و سەختن، ئۆتۆمبێل بەهیچ شێوەیەك لەم گەڕەكانە بەكارناهێندرێت”.
ئەو گوتیشی: “ماوەی هەشت ساڵە بەبێ پشوو وەرگرتن و بەبێ گوێدانە سەرمای زستان و گەرمای هاوین بەردەوامین لە كارەكانمان. لە گەڕەكی گۆرەڤا من و هاوپیشەیەكم دوو گوێدرێژ بەكاردەهێنین و دوو هاوپیشەی دیكەیشمان لە گەڕەكەكانی چووستەیی و قاپەكی بەیانی تا ئێوارە هەڵدەستن بە پاككردنەوەی گەڕەكەكان”. حكوومەت مانگانە 700 هەزار دیناری بۆ خاوەنی هەر گوێدرێژێك تەرخانكردووە، خاوەن گوێدرێژەكە دەڵێت “مانگانە 700 هەزار وەردەگرین لە سەدا 50ی پارەكە بۆ گوێدرێژەكانمانە، چونكە دەبێت مانگانە جۆ، ناڵ، كورتان و هەگبەی نایلۆنی گەورە بكڕین و لە سەدا 50كەی دیكەیش لە ماڵ و منداڵەكانمان خەرج دەكەین”. ئەو چوار گوێدرێژەی لە لایەن شارەوانی قەزای ئاكرێ پارەیان بۆ بڕاوەتەوە لە بەرزایی چیای كەلێ هەریەك بە كوچە و كۆڵانەكانی سێ لە گەورەترین گەڕەكانی ئاكرێ بڵاودەبنەوە زبڵ و خاشاكی لە هەگبەكانیان باردەكەن و دەیانگەیەنن بەو شوێنانەی كە شارەوانی بۆیانی دەستنیشانكردووە.









