سوورە مەرگەیی
پەكەكە وەك حزبێكی كوردی كە هەڵگری گەورەترین درووشمی خەیاڵییە و لە هەر بەشێكی كوردستان چەندین كلك و باڵی سەر بەخۆی درووست كردوون، زۆر خراپ كەوتۆتە ناو گەمەیەی دەزگا هەواڵگریەكانی داگیركارانی كوردستان و هەر رۆژە و بە جۆرێك دژی ئامانجە نەتەوەییەكان و خواستی سەربەخۆیی كردستان هانی دەدەن و گۆنگەڵێكی سیاسی پێ ساز دەكەن.
پەكەكە تا ئێستا نەیتوانیوە گوندێك یان لوتكەی چیایەكی باكوور ئازاد بكا و لەو ناوچانە حەواوەتەوە كە بە خوێنی پێشمەرگە و خەباتی نەپساوەی كوردانی باشوور ئازاد كراون، كەچی دوژمنایەتی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێم و ئەزموونی باشووری كوردستانی پێش دوژمنانی كورد و هەر چوار داگیركارەكەی كوردستان خستووە و روون و ئاشكرا دەڵێن: دژی دەوڵەتی كوردین و لە هەر بەشێكی كوردستان دەوڵەتی كوردی دابمەزرێ بە گژیدا دەچینەوە.
پەكەكە پرۆسەی بنیاتنانی دیموكراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش پرۆسەی رزگاری نیشتیمانە داگیركراوەكی و ئازادی گەلە ژێردەستەكەی خستووە و بانگەشەی ئەوەش دەكات: لە رێگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموكراتەوە كورد رزگار بكات، لە كاتێكدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەیدانی بەریەككەوتنی بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەكان و وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمەریكا و روسیا و بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپایە، ئەوە جگە لە بەرژوەندی وڵاتانی ناوچەكە و لە ناویشیاندا بەرژەوەندی هەر چوار داگیركارەكەی كوردستان.
ئەو درووشمەی پەكەكە بۆ حزبێك كە وڵاتەكەی دابەشكراو و داگیركراو و گەلەكەشی ژێردەستە و چەوساوەیە و تا ئێستاش نەیتوانیوە هیچی بۆ بكات، بە تایبەتیش لە ناوچەیەك كە سەرچاوەی كلتووری تیرۆر و توندڕەوی نەتەوەیی و سەرەڕۆیی ئایدۆلۆژیە، نەك خەیاڵی و ئەقڵانی نییە، بەڵكو بۆ وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەمەریكا و روسیاش خەیاڵی و ئەقڵانی نییە.
ئاخر پەكەكە بەو فەلسەفەی هەڵیگترووە تا ئێستاش نەیتوانیوە تورك و عەرەب و فارس دەستبەردای كوردكوشتن بكات، یان لانی كەم وا بكات واز لە كلتووری پاوانخوازی نەتەوەیی و توندڕەوی ئایدۆلۆژی و خواستی تیرۆریستی و سەربڕین بێنن و فێری پێكەوەژیانیان بكات، چۆن دەتوانێ هەموو بەرژەوەندیە ناوچەیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان لە نێو ئەو درووشمە خەیاڵئامێزەی خۆیدا كۆ بكاتەوە؟!









