رێبوار حەمەلاو شوانی
بەدرێژایی مێژوو دوژمنانی كورد هەوڵیان داوە و بەردەوام هەوڵیش دەدەن بۆ لاوازكردنی ئەو پارتە كە هەڵقوڵاوی ناو ماڵی كوردە، بەڵام هەموو هەوڵ و تەقەڵاكانی دوژمنانی كورد و ڕێبازی بارزانی بەرانبەر ڕۆڵەكانی پارتی بێ سوود بوون، بەهۆكاری ئەوەی پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی ئەوەندە سانا وساكار نییە درزی بخرێتە ناو، چونكە بۆ كورد بۆتە ڕاستییەك كە بێ پارتی ئەستەمە ژیان بەردەوامی پێ بدرێت، ئەمەش مێژوو سەلماندوویەتی نەوەك هەر بە قسەی سەر زارەكی بێت، كورد و پارتی لەناو یەك چوارچێوەن، ئەو چوارچێوەش پێی دەگووترێت چوارچێوەی كوردایەتی و بەردەوامبوون لە خەبات و تێكۆشان تا گەیشتن بە ئاوات و بە دەستهێنانی مافی دەوڵەتبوون.
حەفتا وسێ ساڵ بەر لەئێستا ناسنامەیەكی تازە هاتە نێو مێژووی گەلی كورد، بێگومان ئەم مێژووەش یەكێكە لە گەورەترین و پڕبەهاترین مێژووی هاوچەرخی كورد، بەڵێ لە 16ی ئابی 1946 بەڕابەرایەتی باوكی ڕۆحی نەتەوەیی كورد (بارزانیی نەمر) پارتی دامەزرا ودووبارە خەبات و تێكۆشان و دڵنیایی بۆ كورد دەستی پێكردەوە و ئەو خەباتە تاوەكو ئێستاشی لەگەڵدابێت بۆ یەك چركەش لە خەبات سڵی نەكرۆتەوە و بەردەوامە. دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم، سیستەم و شیرازەیەكی نوێ بۆ گەلان بەرپابوو و لەم نێوەندەدا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێمایەك هاتە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵگەی كوردستانی نەوەك بەتەنیا بۆ باشوور، بەڵكو بۆ تەواوی ناوچە و بەشەكانی دیكەی كوردستان و هەر ئەمەش وای كرد ئەو پارتە لەكاتی دامەزراندنییەوە تاوەكو ئەمڕۆ ببێتە خاوەن گەورەترین لایەنی سیاسی كوردستانی و هەموو لایەك بەدۆست و دووژمنەوه ئاماژەیەكی تایبەتی بۆ دەكەن، چونكە مێژوو هەردەم ئەوەی سەلماندووە بۆ كورد ئەگەر پارتی بوونی هەبێت، ئەوە كورد بوونی خۆی دەسەلمێنێت، نەوەك بەتەنیا لەكوردستاندا، بەڵكو لەنێوەندە سیاسییە نێونەتەوەییەكانی جیهانیشدا. دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946دا كوردی لە نائومێدی ئەو شكستانە رزگار كرد كە بەسەر شۆڕش و راپەڕین و چالاكیی سیاسی پارتەكانی پێشووتری كورددا هاتبوو، پارتی دیموكراتی كوردستان شۆڕشی ئەیلوولی بەرپا كرد، ئەو شۆڕشەی كە توانی هەموو چین وتوێژ و ئایین و نەتەوەكانی تری كوردستان لەیەك سەنگەردا كۆبكاتەوە. مێژووی حەفتا و سێ ساڵەی خەباتی پارتی بەشێكی گرنگ و یەكلاكەرەوەی مێژووی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كوردستانە و پڕە لە هەوراز و نشێو، پارتی بەشدارێكی سەرەكی لە سەركەوتن و دەستكەوتەكان بووە و خۆیشی بە بەرپرس زانیوە لە قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا. دوای حەفتا ساڵ پەیام و ئەرك و ئامانجی پارتی لە هەموو كاتێك بەهێزترە و بە بەرچاوڕوونییەكی زیاترەوە لە خەبات و تێكۆشانیدا بەردەوامە. لە هەموو قۆناغەكاندا پارتی وەك ئامرازێك بووە لە دەستی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە ماف و داواكارییەكانی و مسۆگەركردنی دەستكەوتەكان و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسیی كوردستان پاراستووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەی 73 ساڵی تەمەنیدا وەكو هێزێكی نەتەوەیی و سیاسی و جەماوەری لە سەرەتای دامەزراندنییەوە چەندین دەستكەوتی مێژوویی بۆ خۆی و نەتەوەكەی تۆمار كردووە، ڕۆڵێكی كاریگەری لە مێژووی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی گێڕاوە. خاڵێكی گرنگ و گەورەی مێژووی پارتی ئەوەیە، لە پێناو گەیشتن بەم دەستكەوتانەش تووشی چەندین كێشە و گرفت بووەتەوە، بەڵام تا سەركەوتن كۆڵی نەداوە. لە پەراوێزی 73 ساڵی تەمەنیدا ئێستا لە هەموو كات پێویستترە كادیر و ئەندام و لایەنگران و هەوادارانی ئەو پارتە بە ئەزموونەكانی ئەو مێژووەدا بچنەوە، تا لە لایەك ئەو ڕابردووە پڕشكۆ و خەباتە بە زیندوویی بهێڵنەوە و بۆ هەمیشە لە بیرەوەری نەوەكانی ئایندەدا بمێنێتەوە. لە لایەكی ترەوە لە پشت سەرۆكەكەیانەوە بەرەو ئایندەیەكی گەش و ڕووناك و بەرەو سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێن. ئامانجی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە بووە كە هەموو كات لای پارتی بەرژەوەندیی باڵای كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی تربووە، چونكە لە دیدی پارتی مرۆڤی كورد ئامانج بووە نەك ئامراز كە بەدرێژایی مێژووش هەمیشە دەستكەوتی گەورە لە سەردەستی پارتی بەدەست هاتوون كە رابەرایەتی كردنی شۆڕشی ئەیلوول دیارترین نموونەی ئەم راستیی،ەن جگە لەوەی لاپەڕەی دێرین و مێژوومانی رەنگین كردووە و بەرگری و داكۆكی لە مافە رەواكانی كرد كە سەرئەنجام توانی بۆ یەكەم جار لە مێژووی گەلی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان رێككەوتنامەیەك مۆر بكات كە بڕیار لە بوون و مافی گەلی كورد بدات، وێڕای ئەمەش هیچ كات پارتی و دامەزرێنەرەكەی ئامادە نەبوونە سازش لەسەر مافی كوردستان بكەن، بەڵكو هەمیشە لەم پێناوەدا قوربانییان داوە، بابەتی كوردستانی بوونی كەركووك نموونەیەكی زیندووە كە نەك ئامادەنەبوون دەست لە كوردستانی بوونی هەڵبگرن بەڵكو هەمیشە داكۆكیشی لە كوردستانیەتی شارەكە دەكرد بە جۆرێك چۆن مرۆڤ ناتوانێ بێ دڵ بژیت ئەوا كوردستان و سەرۆكەكەشی بەبێ كەركووك ناژین. پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی تەمەنی درێژ و خەبات و تێكۆشانی بێوچانی پڕسەروەریدا بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان، هەزاران شەهیدی لە پێشمەرگە گیان لەسەردەستەكانی لە ڕێگەی مافە رەواكانی گەلەكەمان بەخشیوە، تا گەیشتن بە دەوڵەتی كوردستان بەدەوام دەبێت..
ئەمڕۆ كوردستان بە قۆناغێكی زۆر هەستیار و گرنگدا تێدەپەرێت، ئاسۆی رووداوەكان بۆ كوردستان جێگەی ئومێد و دڵخۆشییە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هەورازەكانی بەردەممان لە لوتكە نزیكبۆتەوە و پێویستیان بە گڕ و تینی زیاتر هەیە، ئەمڕۆ لە قۆناغێكداین دەبێت بڕیار بدەین، بڕیارێك كە ئێستا و ئایندەی نەوەكانی داهاتوومان دیاری دەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتای دروستبونیەوە لەسەر بنەمای هاوهەڵوێستی و هاوئامانجی دروست بووە، واتە ئەوەی گرنگە لای پارتی ئەوەیە خەڵكی كوردستان لەسەر مەسەلە سەرەكییەكان هاوئامانج و هاوهەڵوێست بن، هەربۆیە ئەندامانی پارتیش هێندەی جەختیان لەسەر پڕنسیپە گشتییەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و پڕنسیپی كوردایەتی كردۆتەوە، هێندە جەختیان لەسەر پڕنسیپە حزبییەكان نەكردۆتەوە، هەر ئەم پڕنسیپە گرنگەی پارتییە كە وای لە سەرۆك مسعود بارزانی كردووە هەموو كات ئامادە بێت لە پێناوی هاوئامانجی و هاوهەڵوێستی خەڵكی كوردستاندا قوربانی بەهەموو شتێكی پارتی بدات، تەنها ناوی پارتی نەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی ناوی پارتی هاوكۆكی خەڵكی كوردستانە كە دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی پارتی بێت، دامەزرێنەرانی پارتی، پارتی دیموكراتی كورد پاشان پارتی دیموكراتی كوردستانیان دامەزراندووە، بەڵام پارتی نازناوی خەڵكی كوردستانە بۆ ئەو پارتە و هەروا لە خۆراش ئەم هاودەنگییە بۆ ناوی پارتی دروست نەبووە، بەڵكو خاوەن نیو میلیۆن شەهید و دەیان ساڵە خەبات و قوربانی بەخشیوە. بۆیە ئەمڕۆ دەبێت ئەم مێژووە پرشكۆ و سەروەرییە هەموومان بەهۆش خۆمان بهێنێتەوە و خۆمان بخەینە بەردەم ویژدانی ئەو شەهیدانە و داوای لێبوردنیان لێبكەین، ئەگەر رۆژێك پارتیمان بۆ بەرژەوەندیی خۆمان بەكار هێنابێت و هەستی بەرپرسیارەتیمان لەئاستی ئەو مێژووە مەزنەدا نەبووە…
ئەركی سەرشانی پارتی بە گشتی و سەرۆك مسعود بارزانی بەتایبەتی قورس و هەستیار و چارەنووسسازە، فكر و تێگەیشتنی مستەفا بارزانی-یە بۆ كوردبوون و كوردستانیبوون، لە فیكری مستەفا بارزانی-دا كورد یەك نەتەوەیە و خاكەكەشی جوگرافیایەكی یەكگرتووە، لەناو ئەم جوگرافیایەی پێی دەگوترێت كوردستان، نەتەوە و ئایینی جیاواز هەن و بە درێژایی مێژوو لەگەڵ كورد لەسەر ئەو خاكە ژیاون، بۆیە كوردستان نیشتمانی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانە، راستە لەم نیشتمانەی پێی دەگوترێت كوردستان، كورد زۆرینەیە، بەڵام زۆرینە بەو مانایە نییە مافی نەتەوە و ئایینەكانی دیكە پێشێل بكات، بەڵكو زۆرینە بۆ ئەوەیە بەدەنگی بەرز بە هەموو جیهان بڵێت لە كوردستان ئایین و نەتەوە، كەمینە و زۆرینەی بۆ نییە و بە كەمینە و زۆرینە حیساب ناكرێت، نەتەوە و ئایین هەر نەتەوە و ئایینە و هیچ جیاوازییەكیان نییە. هەر بۆیە فكری بارزانی كە سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فكری نەتەوەیی كوردی، ئەو ئاشتی و پێكەوەژیانە ئاشتییانەی بەرهەمهێناوە.
لە 16ی ئابی 1946دا كە پارتی دیموكراتی كوردستان هاتە دامەزراندن، بە تەواوەتی چیرۆكی گەلی كوردستان و مێژووی سیاسی بردە قوناغێكی پێشكەوتووەوە. لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە سەیری بكەین لە ماوەی ئەو 73 ساڵەدا شۆڕشی گەلی كورد تووشی گەلێك شكست بووە، بەڵام لەناونەچووە و هەموو جارێ دوای ساڵێك یان پاش چەند ساڵ دیسان ژیاوەتەوە؛ دامەزراندنی پارتیش بناغەیێكی تۆكمەی دروست كرد بە شێوەیەكی زنجیرەیی. ئەگەر سەیری بكەین لە كۆماری كوردستانەوە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و سەرهەرڵدانی 1991 و هێرشی تیرۆریستان و پیلانگێڕان بۆ سەر كوردستان ئەمانە هەمووی بوو بە ئەڵقەیەك لە مێژووی كوردستاندا. پارتی بووە هۆی گرێدانی ئەم ئەڵقانە تا خەباتەكە بەردەوام بێت و بەرەوپێشی بچێ. ئەمە وەكو قوتابخانەیەكی لێ هات و لایەنەكانی تریش چاویان لە پارتی كرد. 16ی ئاب نەك بۆ پارتی بە تەنیا، بەڵكو بۆ هەموو گەلی كورستان لە تەواوی پارچەكانی تری كوردستان بیرەوەرییەكی زۆر پیرۆزە؛ چونكە هەموو مێژووی كوردستانی گۆڕی. ئەگەر ئەمڕۆیش سەیری بكەین بە سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەردەم قوناغێكی گرنگداین لە مێژووی گەلی كورددا و هیچ كاتیش دەرفەتی وا نەهاتووەتە پێشەوە، ئەم دەرفەتەیش لە خۆوە نەهاتووە، بەرهەمی ئەو زنجیرە شۆڕشانە بووە كە هەموویان بە سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە هەمووی گرنگتر كە ڕاستی دەسەلمێنێت تەنیا پارتی بە سەرۆكایەتیی بارزانی لە هەموو پارچەكانی كوردستان خەباتی ڕزگاركردنی كوردستانی دەست پێ كردووە كە شانازی پێوە دەكا؛ ئێستایش كورد هێزی یەكەمە كە توانییان داعش و داگیركەران بشكێنن، لە هەمان كاتدا ئەم پارتە سەركێشیی سەربەخۆبوونی كوردستان كرد و سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەمە كە لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان دژایەتیی ئەم پرسە كرا، بەڵام پارتی و بارزانی بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە كار بۆ بەدیهاتنی دوایین ئامانجمان كە بەدەستهێنانی دەوڵەتی كوردییە هەنگاوی ناوە بەرەو كوردستانێكی بەهێز و هەمووكات هێزی متمانەپێكراوی كورد و كوردستان بووە، هەوێنی یەكبوون، پێكەوە ژیان، ئاشتی و ئاوەدانی بەرەو كوردستانێكی بەهێزتر و ئامانجە گەورەكە. گەلی كورد مافی خۆیەتی شانازی بەمێژووی خۆی بكات، كە پارتی بەردەوام ڕابەرایەتی دەكات، چونكە ڕۆڵەكانی پارتی هەمیشە هەڵقوڵاوی نێو خەڵك و جەماوەر بوونە و ڕۆژێك لەڕۆژانیش بەدرێژایی 73 ساڵی ڕابردوو پارتی خۆی بەدوور لە خەڵك و جەماوەری كورد نەزانیوە، بەڵكو لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەكانی جەماوەر لەهەموو پارچەكانی كوردستان خۆی دۆزیوەتەوه، بەڵێ ئەوەیە پارتی ئەو پارتییەی كەوا لە 16ی ئابی 1946 بە ڕابەرایەتی هێما و سیمبولی كورد (مستەفا بارزانیی نەمر) بەردەوام كاری بۆ یەكڕیزی ماڵی كورد كردووە و هەردەم بۆ مافە ڕەواكانی میللەتی كورد سازشی نەكردووە و سازشیش ناكات..









