مستەفا خۆشناو
گومانی تیدا نییە كەوا قەبارە وگەورەیی و بەهێزی هەر پارت و رێكخراوێكی سیاسی ئەگەڕێتەوە بۆ پشت ئەستووری ئەو حزبە بە بنكە جەماوەرییەكەی و تۆكمەیی رێكخستنەكانی و چۆنیەتی كۆكردنەوەی جەماوەر لە دەوری ئەو ئاڵا و درووشم و پەیڕەو و پڕۆگرامەی كەوا ئۆرگانەكانی ئەو حزبە سیاسییە هەڵیگرتووە و بانگەشەی بۆ دەكات ، چونكە كاری رێكخستنی جەماوەر لە ناو هەر حزبێك پێوەرە بۆ گەورەیی و بەهێزی ئەو حزبە و گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئیدارەدانی ئەو كۆمەڵگایە، گرتنەدەستی بەرپرسیاریەتی و لێكەوتەكانی بە چاك و خراپەوە.
بۆیە لێرەدا دەتوانین رێكخستن بە بڕبڕەی پشتی هەرحزبێك و كۆڵەگەیەكی بەهێزی خۆڕاگری و سەركەوتنەكانی ناوزەد بكەین، چونكە ئەگەر هەر حزبێك پشت ئەستور بوو بە رێكخستنێكی جەماوەری تۆكمە و رێكوپێك و بە پێی پەیڕە و پڕۆگرامێكی پوختە و سەردەمیانە بنكە جەماوەرییەكانی رێكخست و توانی قاعیدەیەكی پتەو لە جەماوەر درووست بكات و جەماوەرێكی بەر فراوان لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە واتە دواڕۆژیكی پڕشنگداری بۆ خۆی مسۆگەر كردووە و لە ململانێ سیاسییەكاندا پەكی ناكەوێ و دەتوانێ زۆر بە ئاسانی لە گۆڕەپانی سیاسی وڵات كێبڕكێی سیاسی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێ و لە كۆتاییشدا گرەوی هەڵبژاردنەكان بباتەوە و سەركەوتنی گەورە بۆ خۆی و جەماوەرەكەی و كۆمەڵگاكەی دەستەبەر بكات و جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی وڵات و پێشڕەوایەتی كردنی گەل بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی بگرێتە دەست.
لەم روانگەشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بە هۆی ئەو سیاسەتە حەكیمانەی كەوا دامەزرێنەرەكەی واتا بارزانیی نەمر دایڕشتووە و لە هەڵگرتنی درووشمە نەتەوەییەكانی ڕاستگۆ بووە لە گەڵ جەماوەرەكەی، پشكی شێری بەركەوتووە بەوەی كەوا هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە پشت بەستن بە رێكخستنێكی جەماوەری تۆكمە و فراوان توانیویەتی جڵەوی پێشڕەوایەتی لە بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی كورد بگرێتە دەست و ببێتە خاوەنی بنكەیەكی بەرفراوانی گەورەی جەماوەری نەوەك تەنیا لە باشوری كوردستان بەڵكو لە هەموو پارچەكانی تری كوردستانیش جەماوەری تایبەت بە خۆی هەیە و خەڵك ئازادانە باوەڕی خۆی بە پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان هێناوە، ئێستاشی لەگەڵدابێت رۆژبەرۆژ قاعیدەی جەماوەری پارتی فراوانتر دەبێت و جەماوەر بە گوڕتر بەرەو پیری رێكخستنەكانی پارتی دێن و ئەو بەرەو پیر هاتنەش لە روانگەی پەرۆشی جەماوەرە بۆ ئەو سیاسەتە حەكیمانەی كەوا پارتی دیموكراتی كوردستان پیادەی دەكات و داناییەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ حیكمەتی دامەزرێنەری پارتی و باوكی رۆحیی نەتەوەییمان مستەفا بارزانیی نەمر.
ئەو كاراكتەرە بەهێزەی كەوا تاكەكان بەرەو رێكخستنی حزب رادەكێشێ بریتییە لە دروستبوونی هزرو بیری هاوبەش لە رێكخستنەكاندا، تاكە سەرچاوەی بەیەكگەیاندنی ئەو هزر و بیرەش سیاسەت و پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەو حزبەیە كەوا هەموو تاكەكانی ئەو حزبە بەشداری لە داڕشتنیدا دەكەن، جا چ راستەوخۆ بێت یاخود لە رێگای نوێنەرایەتییەوە، ئەمەشیان زۆر بە زەقی لە سیاسەتی ناوخۆی پارتی بەرچاو دەكەوێت كەوا لە هەموو كۆنگرەكان لە رێگای لێژنەیەكی پسپۆرو نوێنەرانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە نوێوە و لەسەر شێوازێكی سەردەمیانە ئەو پڕۆگرام و پەیڕەوەی ناوخۆی پارتی دادەرێژرێتەوە كەوا هەموو ماف و ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی سەرجەم پێكهاتە و چین و توێژەكانی كۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت و هەوڵ دەدات هزر و بیری هاوبەش لە بەرامبەر كێشە نەتەوەییە چارەنوسسازەكان لە نێوان هەموو تاكەكانی پارتی بەتایبەتی و كۆمەڵگا بە گشتی درووست بكا ، كەوا گومانی تێدانیە ئەمەشیان خاڵی نهێنی سەركەوتنەكانی پارتییە و هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی ئەو هزرە لەبیری دامەزرێنەری پارتی و سەرۆكی نەمر مستەفا بارزانی هەڵقوڵاوە، چونكە بەڕێزیان بۆ كورد لە دایك بوو و هەر لە پێناو مافە رەواكانی كوردیش سەری نایەوە و رۆژێك لە رۆژان ئامادە نەبووە سازش لەسەر مەسەلە نەتەوەییە چارەنووسسازەكان بكات، تەنانەت لەسەر كێشەی كەركووك ئامادەبوو قوربانی بە شۆرشەكەی بدات، بەڵام ئامادە نەبوو سەر بۆ داخوازییەكانی دوژمنانی كورد نەوی بكات و واز لە كوردستانییەتی كەركووك بێنێت كەوا ئەمەشیان وێنەیەكی ئاشكرای سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردایەتییەكەی بەدەر دەخات، كەوا درێژەپێدەری هەمان ئەو سیاسەتەیە كەوا بارزانیی نەمر بۆ پڕۆگرامی پارتی دایڕشتووە و پارتیش بەڵێنی بە جەماوەرەكەی داوە كەوا بەردەوام بێ لەسەر ئەو سیاسەتە حەكیمانەی دامەزرێنەرەكەی و باوەڕی پتەوی بە كێشە نەتەوەییەكەی و پاراستنی دەسكەوتەكانی گەل هەبێت، چونكە پارتی لەسەر ئەو ئەساسە درووست بووە و هەر لەم پێناوەشدا خەباتێكی دوورو درێژەی ئەنجامداوە و گەورەترین شۆڕشی لە بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی كورد بەرپاكرد، ئەویش شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو، كەوا توانی پارێزگاری لە ناسنامەی كورد بكات و لە سڕینەوە بیپارێزێت و توانی چۆك بە دڕەندەترین رژێمی سەردەم دابدات، كەوا رژێمی بەعسی رووخاو بوو و بۆ یەكەمین جار لە مێژووی دوور و درێژی ئەو گەلە رژێمێك ناچار بكات بە ئاشكرا دان بە مافە رەواكانی گەلەكەی دابنێت و بە فەرمی رێككەوتنی لەگەڵ مۆر بكات كەوا رێككەوتنی 11ی ئاداری1970 بوو.
ئێستاش كاروانی خەباتی پارتی لە پێشڕەوایەتی كردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بەردەوامە و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێتە جێگای باوەڕی جەماوەری كوردستان و هەنگاوی گەورەتر و پیرۆزتر دەهاوێژێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی گەل و پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان بە تایبەتی لەم قۆناغە ناسكەی ئێستادا كەوا بە رۆژگارێكی زۆر دژوار و نزیك لە رۆژە رەشەكانی سەردەمی بەعس و دكتاتۆریەت هەنگاو دەنێن و خەون بە لەباربردنی ئەم قەوارە دەستورییەی هەرێمی كوردستان ئەبینن و لەهەموولایەك شۆڤینیستەكان گورگ ئاسا دەمیان كردۆتەوە و دەیانەوێ ئەو بارودۆخە سەقامگیرەی هەرێمی كوردستان بشێوێنن و ئەو ئەزموونەی كەوا چەند ساڵێكە بەخوێنی هەزارەها مرۆڤی كورد بەدەست هاتووە، ئەوان بە ئاسانی لە ناوی بەرن و خۆیان دكتاتۆرئاسا بێنەوە و حوكمی خۆیان بەسەر كورد فەرز بكەن كەوا ئەمەشیان لە خەونی حوشتر نەبێ لە هیچ راستییەك ناچێ و تەنها پیلانی شۆڤینیستەكان و كۆنە بەعسییەكانە بۆیە لێرەدا ئەركی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر قورسترە لە جاران و دەبێ زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەنگاوە تازەیەدا بكەن و بە ژیری و لێهاتوویی خۆیان بتوانن سیستەمی حوكمرانی لەم كۆمەڵگا عیراقییە تاریك و وێرانە كەوا ئێستاش بۆنی دكتاتۆریەت و ملهوڕی لێدێت بگۆڕن بۆ سیستمێكی دیموكراسی و سەردەمیانە كەوا جێگای هەموو نەتەوە و چین و توێژو ئاین و مەزهەبێك و هەموو بیروباوەڕێكی تێدا ببێتە وەو مافی هەموو لایەك لەژێر سایەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی تێدا ببێتەوە و كەس نەتوانێ مافە دەستورییەكانی ئەویتر پێشێل بكات و تەنها بەم تاكە رێگایەش دەتوانرێ وڵات لەم گێژاوە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییە رزگار بكرێت. تا ئەو كاتەی هەموو لایەك ئەگەنە ئەو قەناعەتەی كەوا تەنیا چارەسەر بۆ دەربازبوون لەم گێژاوە سیاسییەی ئەم وڵاتە تێیكەوتووە ، درووستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردستانە كەوا پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك مەسعود بارزانی هەڵگر و داڕێژەری درووشمەكەیەتی و ڕیفڕاندۆمێكی یاسایی و دەستوری و دیموكراسییانەی بۆ ئەنجامداوە و گەورەترین سەركەوتنی تێدا بەدەست هێناوە كەوا جەماوەری كوردستان بە ڕێژەی 93% دەنگی بۆ داوە و ئێستا وەك بەڵگەنامەیەك و قۆچانێكی ڕەشی دەستووری و یاسایی لەبەردەستی سەركردایەتیی سیاسی كوردستان دایە و ئومێدی داهاتووی گەلی كوردستانی لە سەر هەڵچنراوە.









