بەدواداچوون: سەردار حوسێن
نهێنی تەكنۆلۆژیای سەردەم لە خێرایی بڵاوبوونەوەیەتی، لەنێو سەرجەم ئەو كەس و كۆمەڵگە مرۆییانەی دەستیان دەگاتە داهێنانە نوێیەكان، تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هاوشێوەی پەیدابوونی مۆبایل خێراترین بڵاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینییوەو لەئێستایشدا لە تەمەنێكی گەنج دایەو هێشتایش برەوی زیاتری پێدەدرێت . لەم بەدواداچوونەدا كە نزیكەی 50 رۆژی خایاندووەو چاودێری چەندین پەیج و ئەكاونتی جیاجیای تیادا كراوە، هەوڵ دەدەین چەند داتا و راپرسییەكی درووست و مەیدانی لەنێو بەكارهێنەرانی فەیسبووك بخەینەڕوو:
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی رۆژنامەی خەبات، بوونی پەیج و ئەكاونتی ساختە یەكێكە لە گرفتە هەرە گەورەكانی بەردەم بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، بۆیەش نیگەرانی زۆر و دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی و تا رادەیەك سیاسیشی لێكەوتۆتەوە، بەڵام ئەوەی زۆرتر لەم راپۆرتەدا بەدواداچوونی بۆ دەكرێت، كۆمێنتنووسین و لایككردنی ئەو بڵاوكراوانەیە، كە خاوەنی چەند ئەكاونت و پەیجێك وەك سامپڵ وەرگیراون، وێڕای راپرسییەكی مەیدانی.
بۆ وەرگرتنی راپرسییەكی مەیدانی لەبارەی هۆكاری لایك كردن و نووسینی كۆمێنت لەسەر وێنە و پۆستی فەیسبووك، وەك سامپڵ پۆستێكی ئەدەبی و وێنەی خاوەنی ئەكاونتەكە بڵاو دەكەینەوە، دوای 48 كاتژمێر، 146 لایك و 58 كۆمێنت لەسەر ئەو پۆستە دەبینین، ئێمە نامەیەكمان بۆ هەموو لایكوانەكان نارد و پرسیاری ئەوەمان كرد: لایكەكەت بۆ پۆستەكەیە یاخود بۆ وێنەكە؟ لەم ژمارەیەدا 125 وەڵاممان بۆ هاتۆتەوە، لەنێویاندا 77 كەس دەڵێن “لایكی وێنەكەمان كردووە”، 49 كەسیش دەڵێن “پۆستەكەمان بەدڵ بووە”، 20 كەسیش وەڵامی نامەكەیان نەداوەتەوە.
راپرسییەكی دیكە لە هەمان ئەكاونت دادەنێین و ناوەرۆكەكەی قسەكردنە لەسەر پرسێكی خزمەتگوزاری و دەنووسین : لە بارودۆخی نەخۆشخانە و بنكە تەندرووستییەكانی هەرێمی كوردستان رازیت؟ دوای 48 كاتژمێر چێكی پۆستەكە دەكەین و دواتر لایدەدەین، 279 كەس بەشدارییان كردووە كە بەمشێوەیە: 98 كەس لایكی كردووە، شەش كەش نیشانەی دڵی جێهێشتووە وەك ئەوەی بڵێیت زۆر بەدڵیان بووبێت، 79 كەس نیشانەی تووڕەبوون و 61 كەسیش نیشانەی خەمبارییان داناوە، كە بەواتای دڵگرانبوون دێت لە رەوشی نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندرووستییەكانی هەرێمی كوردستان و 35 كەسیش سەرسوڕمانی خۆیان بە دانانی نیشانەی (وااااو) خستۆتەڕوو. هاوكات 58 كەس كۆمێنتیان نووسیووەو جگە لە دوو كەس كە پێیانوایە خراپیی رەوشی نەخۆشخانە و بنكە تەندرووستییەكان دەكەوێتە ئەستۆی نەخۆش و كەسوكاری نەخۆش شانبەشانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، 56 كەسیش نووسیوویانە: نەخێر، لە بارودۆخی نەخۆشخانە و بنكە تەندرووستییەكان رازی نین.
بەبێ ناوهێنان دەچینە سەر (پەیج) لاپەڕەی فەرمی كچە میدیاكارێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، شەش رۆژ بەسەر دانانی دوایین وێنەی كچە میدیاكارەكە تێپەڕیووە، كە وێنەكە تەنیا (بەیانیتان باش)ـێكی لەگەڵ پۆستكراوە، 1389 كەس لایك و دڵ و نیشانەی سەرسوڕمانیان بۆ وێنە و پۆستەكە جێهێشتووە، لەكۆی 472 كەس كە كۆمێنیتان نووسیووە 201 كەس وەڵامیان داوەتەوە: بەیانی خۆت باشتر، كە هەندێكیان دوای نوێژی شێوانیش بەیانی باشیان لەو خانمە میدیاكارە كردووەو 271 كۆمێنتەكەی دیكە قسەی نەشیاو و هەندێكیان ئامۆژگارییان كردووە (بگەڕێتەوە) بەبێ ئەوەی بۆی روونبكەنەوە بگەڕێتەوە بۆ كوێ..؟! هاوكات لەنێو كۆمێنتەكاندا داوای هاوسەرگیریش هەیە، بەڵام مارەیی پێشەكییان دیاری نەكردووە.! (زۆر جوانە خاتوونی بەڕێز)ـیش پشكی شێری لەو كۆمێنتانە بەركەوتووەو تەنانەت لەنێو ئەو كەسانەی كۆمێنتیان نووسیووە دوو كەس ژمارە تەلەفۆنی خۆیان جێهێشتووە، بەو ئومێدەی ئەو خانمە میدیاكارە دەرفەتی هەبێت و دەست لە هەموو ئیشوكارێكی خۆی هەڵبگرێت و پەیوەندییان پێوە بكات.!
لاپەڕەی (پەیج) فەرمی مامۆستایەكی ئایینی ناسراو سەیر دەكەین، لینكی وتارێكی خۆی لە سایتی یوتوب داناوەو ئایەتێكی قورئانی پیرۆزی لەگەڵ لینكەكە بڵاوكردۆتەوە، وەك روونكردنەوەیەك لەبارەی ناوەرۆكی وتارەكەی، بەپێی ئەو 1432 كەسەی لایكی پۆستەكەیان كردووە، دەبێ بینەرێكی زۆری وتارەكەی هەبووبێت، بەڵام راستییەكەی لە كۆمێنتەكاندا باشتر دەردەكەوێ، چوار رۆژ بەسەر كاتی دانانی پۆستەكەی ئەو مامۆستا ئایینییەدا تێپەڕیووە، 251 كەس كۆمێنتیان نووسیووە، لەنێو ئەو كەسانەدا 27 كۆمێنت جنێو و گاڵتەكردنە بەو مامۆستایە و 173 كەس دەستخۆشییان لێكردووەو نزای سەركەوتنیان بۆ كردووە، 11 كەس داوایان كردووە لە وتاری داهاتووی هەینیدا دوعای چاكبوونەوەی نەخۆشەكانیان بۆ بكات و 17 كەس گفتوگۆ و داوای روونكردنەوەی زیاتری ئایەتەكەیان كردووەو 23 كۆمێنتیش گوڵ و هەندێكیان قسەی لابەلاو ئیمۆجی سەیروسەمەریان بۆی جێهێشتووە.
لە ئەكاونتی تایبەتی سیاسەتمەدارێك دوایین پۆست سەیر دەكەین، وێنەیەكی ئەو سیاسەتمەدارە بەدی دەكرێت و لە نووسینێكی خۆیدا باسی مادەی 140 و گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی كردووە، نووسینێكی جدی و پێشنیارێكیشی تیایە بۆ ئەوەی چیتر خەڵكی ئەو ناوچانە نەچەوسێندرێنەوەو ئارامیی و ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ دانیشتووانەكەی. 562 كەس لایكی نووسینەكەیان كردووە، 176 كەس كۆمێنتیان نووسیووە، 141 كەس پشتگیری پێشنیارەكەیان كردووەو 11 كەس جنێویان بە سیاسەتمەدارەكە داوەو دوو كەس گاڵەتەیان پێكردووەو ئەكاونتێكی تایبەت بە فرۆشتنی گیادەرمانی 6 جار ریكلامێكی گیادەرمانیی لە كۆمێنت داناوەو 9 كەس لە كۆمێنتەكانیان گفتوگۆی جدییان لەسەر پێشنیارەكە كردووەو 7 كەسیش كۆمێنتی جیاواز و لابەلایان نووسیووە.
بەردەوام دەبین لە چاودێریكردن و سەیری پۆستی كەسێك دەكەین، كە لە رێگەی ئەكاونتەكەی خۆی داوای دوعا و نزا بۆ باوكی دەكات و وێنەیەكی باوكیشی لەنێو نەخۆشخانە لەگەڵ داواكارییەكەی هاوپێچ كردووە، لە كۆی 2651 هاوڕێی ئەو كەسە و لە ماوەی دوو رۆژدا 388 كەس كۆمێنتیان نووسیووە و (خوا شیفای بدات) قسەی زۆرینەی ئەوانەیە كە نزایان بۆ نەخۆشەكە كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لەكۆی ئەو292 كەسەی پۆستەكەیان بینیووە 17 كەس نیشانەی دڵیان جێهێشتووە وەك ئەوەی بەدڵیان بووبێت، كە باوكی ئەو كەسە نەخۆش كەوتووەو دوو كەسیش لە كۆمێنتدا نزای لێخۆشبوونیان بۆ نەخۆشەكە كردووە وەك ئەوەی بزانن نەخۆشەكە دەمرێت.!
سێرجی ناوی كچە هونەرمەندێكی كورد دەكەین، بە رێنووسی كوردی و لاتینی 13 ئەكاونت بە ناو و وێنەی ئەو كچە هونەرمەندە دەدۆزینەوە، كە هیچیان جێگەی متمانە نین و زۆرتر ئەگەری ئەوە هەیە ئەكاونتی ساختەبن و رەنگە ئەو خانمە هونەرمەندە هیچ پەیوەندییەكی پێیانەوە نەبێت، ئێمە بۆ دەوڵەمەندكردنی بەدواداچوونەكەو بەناچارییەوە یەكێك لەو ئەكاونتانە وەردەگرین كە 5000 فرێندی تەواوی هەیەو نزیك بە شەش مانگە هیچ پۆستێكی نوێی بڵاونەكردۆتەوە، بەڵام لەدوایین پۆستیدا كە وێنەی خانمە هونەرمەندەكە لە كاتی وێنەگرتنی كلیپێكدا هەیە لەگەڵ (ئەی ئەوانەی قەت لەبیرم ناچنەوە. ئێستا بمبینن ئەرێ دەمناسنەوە) كە بەیتە شیعرێكی ناسراوی مامۆستا هێمن موكریانییەو بە رێنووسێكی پڕ لە هەڵە نووسراوەتەوەو ناوی شاعیرەكەیش دانراوە، 2038 كەس لایك و دڵ و نیشانەی سەرسوڕمان و كەمێكیشیان نیشانەی تووڕەبوونیان بۆ داناوە،743 كەس كۆمێنتیان بەجێهێشتووە، وێرای ئەوەی زۆرینەیان سەرسوڕمانی خۆیان بەجوانییەكەی و هەندێكیان بەدەنگ و ئاوازەكەی دەربڕیووە، هیچێك لەوانەی كۆمێنتیان نووسیووە نەپرژاونەتە سەر بەیتە شیعرەكەو بەلایدا نەچوونە، هەروەهاش لەو ژمارەیەدا كەسانێك جنێو و قسەی ناشیاویان كردووە، ئەوەی زۆرتر بۆ ئێمە جێگەی هەڵوەستەكردن بوو یەكێك لەو ئەكاونتانەی خاوەنەكەی بەناو وێنە و پرۆفایلی تەواوی خۆیەوە، بۆ ئەو خانمەی نووسیووە: (ئامادەم 20 گەڵا بەم تەنیا 5 دەقیقە لە كافتریایەك لەگەڵت دابنیشم)، ئێمە سەیری پرۆفایلی خاوەنی ئەو ئەكاونتە دەكەین، لەدایكبووی 1956ـەو سەروریشی بۆیە كردۆتەوەو هاوسەردارە و خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی زەویوزارە، دەیان وێنەی لەنێو نووسینگەكەی و لەگەڵ هاوڕێ و منداڵەكانی لەكاتی گەشت و سەیران پۆست كردووە، بەڵام هیچ وێنەیەكی خۆی و هاوسەرەكەی لە ئەكاونتەكەی دانەناوە.!
سهرهتا بهدواداچوون سەیروسەمەرەی كۆمێنتی فەیسبووك لە بەدواداچوونێكی وردی رۆژنامەی خەبات دا









