خهبات: خالید گـەردی:-
سەرەتای كێشەكە
كێشەی نێوان پاكستان و هیندستان لەسەر هەرێمی كشمیر بۆ سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 1947 ز سەردەمی دابەشبوونیان دەگەڕێتەوە، ، هەر یەك لەو وڵاتانە خۆیان بە خاوەنی كشمیر كە زۆرینەی دانیشتوانی موسڵمان بوون، دەزانی. ئەو كات دەستەڵاتدارانی هیندستان كە لە هیندۆسەكان بوون داوایان كرد ناوچەكە وەك خۆی بمێنێتەوەو نەخرێتە سەر هیچ كامێكیان، بەمجۆرە بڕیار لەسەر چارەنووس و ئاییندەی كشمیر دواخراو كێشەكەش لە نێوان هەردوو وڵات تا بە رۆژگاری ئەمڕۆ دەگات بە هەڵپەسێراوی مایەوە.دوای ئەم قۆناغە گرژی و ئاڵۆزی گەورە لە نێوان موسڵمانانی كشمیر و دەسەڵاتدارانی هیندستان سەری هەڵدا تا گەیشتە ئاستی شەڕی چەكداری، بۆ پشتگیری كردن لە موسڵمانانی كشمیر ژمارەیەكی زۆر لە هۆزە پاكستانییەكان بە لێشاو چەكداریان بۆ یارمەتیدانیان نارد.
لەبەرامبەر ئەوەشدا حكوومەتی ئەو كاتی كشمیر جگە لەوەی داوای یارمەتی لە هیندستان كرد، داواشی كرد ناوچەی كشمیر بخرێتە سەر هیندستان، حكوومەتی هیندستانیش سوپای رەوانەی ناوچەكە كرد، وەك كاردانەوەیەك وڵاتی پاكستانیش سوپای ناردە ناوچەكەو نزیكەی ماوەی ساڵێك شەڕ لە نێوان هەردوو سوپا بەردەوام بوو، تا لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1949 نەتەوەیەكگرتووەكان هاتە سەر هێڵ و شەڕەكە وەستێنرا، هێڵی ئاگربەستیان لە نێوان هەردوو سوپا راگەیاند، نزیكەی سێیەكی خاكی كشمیرو چوار لەسەر پێنجی دانیشتوانەكەی كەوتە ژێر دەسەڵاتی هیندستان و ئەوەی مایەوە كەوتە ژێر دەسەڵاتی پاكستان.
راوەستاندنی شەرەكە نەبووە مایەی چارەسەركردنی كێشەكە بەڵكو درێژەی كێشا تا رەهەندێكی هەرێمیی لە نێوان هەردوو وڵاتی هیندو پاكستان بەخۆوە بینی، لە هەندێ كاتیشدا چینیش لەو ململانێیەدا رۆڵی مامناوەندی دەگێڕا، لە ماوەی ساڵانی نێوان 1947 تا 1965ز، سێ جاری دیكە شەڕ لە نێوان هەردوو وڵات روویدا، لە ساڵی 1999 جارێكی دیكەش لە پێناو دەسەت بەسەرداگرتنی رووبای سیاتشینی سەهۆڵبەندیدا، شەڕ لە نێوانیان هەڵگیڕسا.لە ماوەی ئەم ساڵەدا واتا 2019 چەندین پێكدادانی سەربازی سنووردار لە نێوان هەردوو وڵات بە درێژی هێڵی ئاگربەستی نێوانیان روویدا، لە مانگی شوباتی 2019، دوانزە فڕۆكەی جۆری میراج 2000ی هیندی چەند شوێنێكی سەربازییان لە نێو خاكی پاكستان بۆردومان كرد، ئەمەش وەك تۆڵە سەندنەوەیەك لەو هێڕشە خۆكوژییەی كە خۆكوژێك بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی بە كاروانێكی سەربازی نزیك ئەوانتی بورا تەقاندەوە بووە هۆی كوژرانی 41 پۆلیسی هیندی، دواتر سوپای مەهدی كە بارەگاكەی لە پاكستانە بەرپرسیارێتی خۆی لە خۆكوژییەكە راگەیاند.
ئەوەی مەترسییەكانی لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی سەرتاسەری لە نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر كردووە هەردوو وڵات خاوەن سوپایەكی گەورەو چەكی ناوكیین، ئەگەر پەنا بۆ بەكارهێنانی چەكی ناوكی ببەن ئەوا شەڕێكی سەخت و خوێناو كارەسات ئامێز بێت.
بڕیارەكەی حكوومەتی هیندستان رەوشەكەی ئاڵۆزتر كرد
وڵاتی هیندستان پێشتر بەپێی ماددەی370 ی دەستوور ، مافی ئۆتۆنۆمی بە دانیشتوانی هەرێمی كشمیر دابوو، بەڵام ماوەیەك لەمەوبەر مەرسومێكی كۆماری دەركردو ئەو مادە دەستوورییەی پووچەڵ كردەوە، بەمەش مافی ئۆتۆنۆمی لە هەرێمی كشمیر وەرگیرایەوە.رۆژنامەی تایمزئوف ئیندیا بڕیارەكەی بە مێژوویی ناوبردو نووسیویەتی هەرێمی كشمیر بووە بەشێك لە حكوومەتی فیدراڵ و كەوتەوە ژێر دەسەڵاتی نیودەلهی.بڕیارەكە لە دوای تێپەڕینی 100 رۆژ بەسەر ویلایەتی دووەمی “ناریندرا مودی” سەرۆك وەزیرانی هیندستان هات، كە بەوە ناسراوە خاوەن ئاراستەیەكی نەتەوەییە. پاساوی ناوبراویش بۆ بڕیارەكی ئەوە بوو، بڕیارەكە ئاستێكی بۆ ئاراستە جیاخوازەكانی كشمیری سەر بەهیندستان و هەوڵەكانی پاكستان بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەرێمەكە دانا.لەبەرامبەریشدا رۆژنامەیەكی هیندی بە ناوی دكان كرونیكل سەركۆنەی بڕیارەكەی حكومەتی كردو بە بڕیارێكی مەوداكورت و مەترسیداری ناوبرد. رۆژنامەی پارتی مودی پارتی گەلی هیندیش لە لایەن خۆیەوە ئاماژەی بە هەڵوێستی دانیشتوانی كشمیری زۆرینەی موسڵمان داوە، كاتێ پاكستان داوای كرد كشمیر بە پاكستانەوە بلكێندرێت، ئەوان رەتیان كردەوە مانەوەیان لەگەڵ هیندستانی عەلمانی و دیموكراتی پێ باشتر بوو.رۆژنامەی لوفیگاروی فەرەنسیش بڕیارەكەی هیندستانی بە بۆمبێكی جیوسیاسی ناوبرد، ئاماژەی بەوەشداوە بڕیارەكە ئاكامی خراپی بۆ سەر هیندستان و ئاسایشی تەواوی ناوچەكە لێدەكەوێتەوە.
پاكستان . كاردانەوەمان لە دژی بڕیارەكەی هیندستان توند دەبێت
رۆژنامەی “نەشیونال هیرالد تریبیون”ی پاكستانی بڵاوی كردۆتەوە ئیسلام ئاباد بڕیارەكەی هیندستان رەتدەكاتەوەو هەموو بژاردەكانی بەردەستیشی دژی بریارە نایاساییەكە بەكار دێنێت، رۆژنامەكە جەخت دەكاتەوە كشمیر ناوچەیەكی داگیركراوە لە لایەن هیندستان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی بەوە داناوە كشمیر ناوچەیەكی كێشە لەسەرە، هەروەها لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پۆلین كراوە، لایەنێك بە تەنیا ناتوانێت تاكلایەنە بڕیار لەسەر چارەنووسی ناوچەكە بدات. پاكستان بۆ گوشار خستنە سەر هیندستان بۆ پووچەڵ كردنەوەی بریارەكە دەستی بە هەوڵێكی چڕی دیبلۆماسی كردووە، بە فەرمی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد دانیشتنێكی لەناكاو بۆ هەنگاوە ناڕەواكەی هیندستان ئەنجام بدات.شا مەحمودی قرشی وەزیری دەرەوەی پاكستانیش لە لایەن خۆیەوە رایگەیاند وڵاتەكەی بڕیاری داوە بڕیارەكە هیندستان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مافی ئۆتۆنۆمی بە جامو و كشمیر لە نەتەوەیەكگرتووەكان بوڕووژێنێت، ئەگەر چی ناوبراو پێكدادنانی سەربازی بەدوورزانی و گوتی وڵاتەكەی هەوڵ نادات شەڕ لەگەڵ هیندستان هەڵگیرسێنێت، بەڵام جەختی كردەوە وڵاتەكەی هەموو رێوشوێنێكی سیاسی و ئابووری و یاسایی لە دژی بڕیارەكە دەگرێتە بەر. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوبراو رەتی كردەوە كێشەی كشمیر كێشەیەكی ناوخۆیی هیندی بێت، تەئكیدی كردەوە هەر چارەسەرێك پێویستە پشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ببەستێت، كە جەخت لە ئەنجامدانی راپرسی لە نێوان دانیشتوانی هەرێمەكە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسیان دەكاتەوە.هەر دوای هەفتەیەك لە بڕیارەكەی نیودەلهی، لە كاتی سەردانەكەی عومران خانی سەرۆكی پاكستان بۆ مزەفەر ئابادی پایتەختی كشمیری سەر بە پاكستان لە یادی سەربەخۆیی وڵاتەكەیدا، خان زۆر بەتوندی سەركۆنەی بڕیارەكەی هیندستانی كردو جەختی كردەوە “كاتی ئەوە هاتووە وانەیەك بە نیودەلهی بدەین” هەروەها گوتی:”وڵاتەكەی زانیاری لایە هیندییەكان خەریكی داڕشتنی پلانێكی سەربازین بۆ ئەنجامدانی لە كشمیری پاكستانی، ئەگەر كارێكی وا بكەن، ئەوا ئەوانیش بۆ رەتدانەوەیەكی بەهێز لەوپەڕی ئامادەباشی دان و تا كۆتایی دەجەنگن”.شایانی باسە ئیسلام ئاباد بە كردەوە دەستی بە بەكارهێنانی بژاردەكانی بەردەمی لە دژی بڕیارەكەی هیندستان كردووە، ئیسلام ئاباد داوای لە باڵیۆزی هیندستان كردووە وڵاتەكەیان جێبهێڵیت، رەتیشی كردوە باڵیۆزی خۆی رەوانەی نیودەلهی بكات، هەروەها سەرجەم مامەڵە بازرگانییەكانی هەڵپەسارد و كەشتە شەمەندەفەرییەكانی بۆ هیند راگرت.خۆ ئەگەر هیندستان هێز رەوانەی ناوچەی كشمیری سەر بەپاكستان بكات، ئەوا بە پێی لێدوانەكەی سەرۆك وەزیرانی پاكستان بێت كە لەكاتی سەردانەكەی بۆ مزەفەر ئاباد كردی، ئەوا بۆمبە چێنراوەكە لە لێواری تەقینەوەدایە.
سەرچاوە: ئاژانسەكان









