فەیسەڵ مستەفا ئامێدی
یەكەم: گزی و سزاكەی
بەم دواییە وەزارەتی پەروەردە بڕیارێكی دەركردووە بە پێی ئەم بڕیارە :
هەر قوتابییەك لە ئەزموونی كۆتایی ساڵ _لە خولی یەكەم یان خولی دووەم گزی بكات و لێی بگیرێت ئەو ساڵەی خوێندن بە ساڵی كەوتن بە هۆی گزیكردن لە هەموو بابەتەكان” ئەزموونەكان ” بۆی دادەنرێت ، پێشترو تا ئەم دواییەش ئە سزایە هەبوو- ئیتر قوتابی باجی گزییەكەی ساڵێك لە تەمەنی دەدۆڕاند هەبوو پەندی چاكی لێ وەردەگرت و دووبارەی نەدەكردەوە.
كەس ڕەخنە لەم بڕگەیە ناگرێت ، بەڵام ئەوەی لەم بڕیارەدا هاتووە دەڵێت : ئەو قوتابییەی بەهۆی گزیكردن دەكەوێت بۆساڵی دواتر بۆی نییە دەوام بكات!
من نازانم بە چی یاسایەك و لە كام وڵاتی جیهاندا ئەم جۆرە سزایە هەیە؟ پەند لەوە چییە كە ساڵێكی تریش قوتابی دوور بخەینەوە لە خوێندن؟ كە خواخوامانە ساڵێك زووتر قوتابییەكانمان بگەنە ئاواتەكانیان.
نەك هەر ئەوەندە لە بڕیارە نوێیەكەدا هاتووە ئەگەر ئەم جۆرە قوتابییە لە دەوامی ڕۆژ بوو بۆساڵی سێیەم كە دەگەڕێتەوە نابێت لە ڕۆژ دەوامبكات و پێویستە بچێتە خوێندنی شەو ئەگەر لە خوێندنی شەو بوو پێویستە بچێتە ئەزموونی دەرەكی ئەگەر دەرەكی بوو چیتر مافی درێژە دانی خوێندنی نامێنێت جگە لە ئەزموونی دەرەكی .
تكا لە برا پسپۆڕو شارەزا و پەیوەندیدارە بەڕێزەكان دەكەم بەم بڕیارەدا بچنەوە با توشی هەڵەیەكی ئەوتۆ نەبین كە دوایی پێمان ڕاست نەبێتەوە و قوربانییەكی زۆری بۆ بدەین.









