خەڵات بارزانی
سەرەتا پیرۆزبایی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك گەورەترین پارتی سیاسی نەتەوەیی و ساڵیادی لە دایكبوونی ڕێبەری كوردو كوردستان سەرۆك مەسعود بارزانی دەكەم، دامەزراندن و هێنانەئارای هەر حزبێك یان رێكخراوێك یان گروپێك پیویستە لە زەرورەتی كۆمەڵگەوە سەرچاوە بگرێت، بۆیە پارتی وەك پێویستییەكی مێژوویی و ئێستایی و ئاییندەیی لە كوردستان دامەزرێنرا، ئەو پارتە سیاسییەی 73 ساڵ خەباتی بێ وچان و قوربانیدانی خوێن و خەبات و كۆڵنەدان ، بەڕابەرایەتی پێشمەرگەیەكی مەزن لە پێگەی سەرۆك و ڕابەری نەتەوەیەك بە هەموو جیاواییەكانەوە توانیویەتی ببێ بە شوناسی نەتەوەیی، بە جۆرێك توانیویەتی ببێ بە دیفاكتۆ ، بەهێزبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوتەریبە لەگەڵ بەهێزبوونی نەتەوە، كاتێكیش ئەو پارتە سیاسییە كەوتبێتە بەردەم تەنگژەی سیاسی و موئامەرەی ناوخۆیی و هەرێمی دیسان كۆی شكۆی نەتەوەییمان رووبەڕووی قەیران و ئاستەنگی چارەنووسساز بۆتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێك لە جیاوازیەكانی بریتیی بووە لە دروستكردنی متمانەی كۆمەڵایەتی و پشتئەستووری نەتەوەكەی ، بە جیاوازی فۆرمی سیاسەتكردنی هەمیشە جێی متمانە بووە لەلای نەتەوەی كورد و كەمینە نەتەوەكانی دیكە.
بەشێكی گرنگی ئەو متمانەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاریزماییەی لە سروشتی كەسایەتی رێبەرەكانیدا وجودی هەبووە، بە نموونە بارزانی نەمر و لە ئێستاشدا سەرۆك مسعود بارزانی نمونەی باڵای متمانە و پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێڕی و كاریزمایین. هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان چەترێكی فراوان و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی فرە رەنگی و فرەحزبییە، لەسایەی فەرمانڕەوایەتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بچووكترین ململانێ و گرژی بەپاڵنەری فرەیی و جیاوازییەكان نەهاتۆتە كایەوە.
بەرقەراركردنی ئاسایشی ناوخۆیی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەناو چەقی ناوچەیەكی گەرمی پڕلە جەنگ و ململانێی حزب و دەوڵەت و مەزهەب و ئایین و گروپە توندڕەوە جۆربەجۆرەكان یەكێكی دیكەیە لە لێكەوتەكانی فەرمانڕەوایی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەكەدا، جگە لە باوەڕبوون و كاركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دۆسیەكانی پرسی یەكسانی و بەهاناوەهاتنی ئاوارەو پەنابەرو پەرۆشبوونی بۆ سەقامگیری سیاسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و ئابوریەكی بەهێزو دیبلۆماسیەتێكی كامڵ و دەیان دۆسیەی دیكەی چارەنووسساز بوون بە شوناسی فۆرمی سیاسەتكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رێبەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانی.









