خەبات: تریفە ئازاد:-
پارتی وەك پێداویستیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی هاتۆتە دامەزراندن و بە درێژایی تەمەنی و كاری كاری ئەو پارتە، هەرگیز دەستی بۆ دروشمێك نەبردووە كە جێبەجێنەكردبێت، حەتمەن بەپێی قۆناغ و هەل و مەرجی جیاواز و كاریگەری رەوتی رووداوەكانیش لەو دەمانەدا، بنەمای مانەوە و درێژەیی خەباتی پارتی بەشێكی پەیوەندی بە راستگۆیی لە هەڵبژاردنی دروشم هەبووە.
لەیادی 73 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكڕاتی كوردستاندا هاووڵاتیان راو بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن.
16ی ئاب دەركەوتنی خۆری كورد
”لاوە حەمەد ئەمین” یادی16 ئاب پیرۆز دەكات و لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم حیزبە دیموكرات و نیشتیمانیەیە كە لەتەواوی تەمەنیدال باوەڕی بە (مافی مرۆڤ و دادپەروەری و كۆمەڵایەتی و ئازدی و سەربەخۆیی و نەتەوەی و ژینگە و ئارامی و ئاوەدانی) هەبووە، هەر لە یەكەم رۆژی دامەزراندنیەوە لە 16ی ئابی 1946 لە یەكەم كۆنگرەی كە لە بەغدادی پایتەختی عێراق بە نهێنی بەسترا، بە ڕابەرایەتی باوكی رووحی نەتەوە “بارزانی نەمر” هێنانە كایەی بیر و باوەرێكی پتەوە بوو، كە ئەو كات پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموكراتی كورد)، دروستبوونی پارتی واتە بیر و باوەڕی كوردایەتی، تاكو كۆنگرەی سێیەم لە ساڵێ 1953 لە كەركوك بەسترا، ناوی تەواوی كرا بە (پارتی دیموكراتی كوردستان) ، ئەم پارتە لە ماوەی تەمەنیدا توانیویەتی 13 كۆنگرە ببەستێت، لە هەشت كۆنگرە باوكی رووحی نەتەوە “بارزانی نەمر” سەرۆكایەتی ئەم حزبەی كردووە، لە دوای كۆچی دوایی “بارزانی نەمر” لە 4-10-1979 لە (زێوە)ی دەڤەری مەرگەوەر سەرۆك “مەسعود بارزانی” بە كۆی تەواوی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە بووە سەرۆكی (پارتی دیموكراتی كوردستان) دواین كۆنگرەشی 11-12-2010 لە هەولێری پایتەختی كوردستان بە بەشداری زیاتر لە 1500 ئەندام كۆنگرە جارێكیتر سەرۆك “مەسعود بارزانی” بوو بە سەرۆكی پارتی، ئەم پارتە و ئامەنجەكانی لە درێژەی تەمەنی بریتیبووە لە پتەو كردنی پەیوەندی دپلۆماسی و برایەتی و پشتگری كردنی هەموو و بزوتنەوە و رێكخراوە دیموكراتی و ئاشتی خوازەكانی رەوەندی كوردی و هێنانە كایەی گرنگیدان بە ئامرازە خۆجێیەكان شەری دەستوری لەسەر ناوچە دابڕاوەكان و بە ئۆتۆنۆمی كردنی كوردستان و شەری مادەی 140 و بست بە بستی خاكی پیرۆزی كوردستان بگەڕێتەوە باوەشی هەرێم.
پارتی 73ساڵە هەوراز و نشێوی بڕی بۆ گەیشتن بە ئامانج
”سندس حوسێن” وەك ئافرەتێك ئەم یادە پیرۆز دەكات لە تەواوی لاینگر و كادیرانی پارتی، لە لێدوانێكیدا بۆ (رۆژنامەی خەبات) گوتی: بە بۆنەی 73مین ساڵیادی رۆژی لەدایكبوونی سەربەخۆخوازی نەتەوەی كوردمان “سەرۆك بارزانی” و دامەزراندنی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی رێزدار سەرۆكی هێژامان رێزدار ( مسعود بارزانی) و گشت ئەندام و لایەنگرانی (پارتی دیموكراتی كوردستان) و هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم ، بەتایبەتتر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە گیان لەسەردەستەكان .16ی ئاب خاڵێكی وەرچەرخانە لە مێژووی گەلەكەماندا و یەكەم هەنگاو بوو بۆ شكاندنی ئەو كۆت و بەندانەی كە گەلی ئێمەیان پێ تەوقدابوو، لە ژێر ناوی یاسای نێودەوڵەتی و رێككەوتنە داگیركارییەكانیان بەبەریاندا كردبووین و تا ئێستاش پێیەوە گیرۆدە و بەندین، هەمیشە گەلی كورد لە ژێر زەبر و فشاری چەوسانەوەی داگیركەرانی كوردستاندا بووە و دەنگی بە هیچ شوێنێك نەدەگەشت، سەرەڕای بوونی شۆڕشگێڕان و هاواری بەردەوامی كوردان، بەڵام جیهان چاوی لە ئاست ئەم گەلە ستەمدیدەیەدا داخستبوو، پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئێستاش لەهەوڵی داماڵینی یەكجارەكی ئەو بەرگە رەشە شومە لەبەركراوەی میللەتی كورد دایە، وا پاش 73 ساڵ خەبات و بڕینی هەوراز و قوربانیدانێكی زۆر و بە كۆڵنەدان و درێژەدان بە ڕێبازێكی پیرۆز، بەردەوام لەهەوڵی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕیەكەی خۆیدایە كە گەیشتنە بە سەربەخۆیی و رزگاربوونی یەكجاری لە دەست داگیركاری دوژمنان، ئەوە شۆڕشی سەربەرزانەی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە رابەرایەتیی باوكی رووحی كورد، “بارزانی نەمر” بوو توانی بۆ یەكەمجار دوژمن ناچار بكات و بەرامبەر ئیرادەی گەلەكەمان چۆك دابدات و بێتە سەر مێزی دانووستاندن و بەیاننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970 ی شۆڕشی ئەیلولی لێبكەوێتەوە، هەر لەپاش راپەڕینەوە، سەرۆكی هێژامان جەنابی كاك “مەسعود بارزانی” زۆر خێرا داوای هەڵبژاردن و دروستكردنی دەوڵەتی قانوونی كرد و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردە بەرهەمی رەنج و خەباتی گەلەكەمان و پاشان راگەیاندنی سەربەخۆیی كە ئامانجی سەرەكییە، وەك ئافرەتێكیش شانازی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكەم، كە یەكەم پارتی سیاسی بووە دەرفەتی بۆ ئافرەت رەخساندوە و هاوشانی پیاو ماف و ئەركی لە شاخ و لە حكوومەت پێڕاسپاردووە، گەورەترین شانازیمان بە پارتی هەڵگر و زیندوڕاگری ئاڵای كوردستانە، وەرگرتنی ئاڵایكوردستان، لە شۆڕشی مهابادەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، بە دەریایەك خوێنی شەهیدان ئاویداوە تا رەگ و ریشەی داكوتراو هەمیشە شەكاوە بێت.
جوانترین بیرەوەریم دووساڵ لەمەوبەر و لەمانگی ئابدا لە دیدارمان لەكۆڕێكدا كە لە خزمەتیاندا ئامادەبوین لە ئابی 2017 بەڕێزیان فەرموویان (رێگا بێ گرێ و گۆڵ نیە، بەڵام فەرموون.. من سەرمەشقی رێگای دڕك وداڵم و سەركەووتنی نەتەوەكەمان بۆ هەموومان و شكستەكەشی بخەنە ئەستۆی من و سەری خۆمی لەپێناودا بۆدادەنێم.) بۆیە ئێمەش پەیمان نوێ دەكەینەوە كە لەم رۆژەدا تا دڵۆپی خوێنمان مابێ لەگەڵ بانگی سەربەخۆیی كوردستانین و گیانفیدای ئەو رێبازە پیرۆزە ئەبین.
پارتی بە شانازییەوە بۆتە چەترێك بۆ هەموو كوردستانیان لە هەر شوێنێك بن
”بارزان خدر جاف بۆ رۆژنامەی خەبات لە یادی 16ی ئاب گوتی: لەرۆژێكی پڕشنگدارو و مێژووی خۆرێكی زەرد لەناو ناوچەكان و شاخەكانی كوردستائەوە دەركەوت بۆ میلەتێكی ژێر دەستە و ستەمدیدە، ئەویش (پارتی دیموكراتی كورد) بوو ئەو پارتەسیاسیەی كە ئاڵای شۆڕش و ئاڵای وڵاتێكی بێ شوناس و بێ نەوای هەڵگرت،( 73) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە كات و ساتێك و هەلومەرجێكی سیاسی گونجاودا وەك زەروورەتێكی مێژویی بە رابەرایەتی “بارزانی نەمر” ئەو كیانە سیاسیە دامەزرا، كە لەتەمەنیدا میژویەكی پڕ زێڕین و پڕ لە دەستكەوت و سەروەری و رۆژانێكی درەوشاوەی بۆدۆزی رەوای گەلی كورد تۆماركردووە، كە لە ئێستاشدا بەردەوامی هەیە، و لەسكەی خۆی لاینەداوە بەڵكو بە پێداگرییەكی نەگۆڕەوە جەخت لەخەبات و تێكۆشان دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلی كوردستان و گەیشتن بە دوا وێستگەی ئاواتەكانی گەلی كورد، ئەویش (سەربەخۆیی كوردستان)ە، كە زیاتر لەسەدەیەكە ئەم تێكۆشانە بەڕابەرایەتی “عەبدولسەلام بارزانی” كە وەك تاكە سەركردە، داوای سەربەخۆیی لە (حاكمی ئینگلیز) كردووە و كردی بە ئەمری واقیعی ئەو سەردەمە و تاكو ئێستاش بەردەوامی هەیە، كە ئەمەش شاهیدی ئەو خەبات و تێكۆشان و مێژووە مەزنەی ئەو رێبازە پیرۆزەن كە لە ئێستاشدا بە سەركردایەتی بەڕێز “سەرۆك بارزانی” جەخت لە بەدەستهێنان و دانپێدانانی ئەو مافە زەوتكراوە دەكاتەوە.
پارتی وەك پێداویستیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی هاتۆتە دامەزراندن
لە كۆتاییدا (رێبوار حمە علی) لە لێدوانێكیدا لە یادی 16ی ئاب بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا هێزێكی كاریگەری گۆڕەپانی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە و دەبێت، چونكە بنەمای دروستبوونی ئەم حزبە یاخود هەڵگری پەیامەكەی یەكدەگرێتەوە لەگەڵ واقیعی كوردستان لە هەر چوارپارچە، پارتی وەك پێداویستیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی هاتۆتە دامەزراندن، پارتی دەستی بۆ دروشمێك نەبردووە كە جێبەجێنەكردبێت، حەتمەن بەپێی قۆناغ و هەل و مەرجی جیاواز و كاریگەری رەوتی رووداوەكان لەو دەمانەدا. بۆیە جیاوازییەكە و بنەمای مانەوە و درێژەیی خەباتی پارتی بەشێكی پەیوەندی بە راستگۆیی لە هەڵبژاردنی دروشم هەبووە. پارتی لە مێژووی 73 ساڵیدا دەبێت گەنج بكرێتەوە و ئایندەی پارتی بەهێزتر بكات تا كوردستانیان زێدەتر هەست بە سەركەوتنی مافەرەواكانیان بكەن.









