خهبات: سەنگەر حوسێن:-
ماوەی چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان لە رووی كشتوكاڵییەوە پێشڤەچونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە، چ لەلایەن حكومەتەوە یاخود كەرتی گشتییەوە، لەئێستادا جۆرە درەختێك كە بە داری پاولۆنیا ناسراوە بە بڵاوەیی لە ناوخۆدا دەچێنرێت كە لە داهاتوودا سوودێكی زۆری بۆ جووتیار دەبێت. لەم دیمانەیەدا لەگەڵ نەسرەدین جەمیل عەلی بەڕێوەبەری كۆمپانیای شەی پاولۆنیا تیشكی زیاتر دەخەینە سەر چاندنی داری پاولۆنیا:
لەسەرەتادا دەڵێت: سەرەتای دۆزینەوەی ئەم جۆرە دارە پێش چوار هەزار ساڵ لە وڵاتی چین بووە. لە ئوسترالیا و نیوزلەنداش رووبەرێكی فراوانی داگیر كردووە. داری پاولۆنیا لە ماوەی ساڵێكدا شەتڵەكەی لە 10 تا 15 سانتیمەترەوە بۆ 4 مەتر بەرز دەبێتەوە، هەر ساڵە و 4 تا 6 مەتر بەرزدەبێتەوە، تەمەنی ئەو دارە دەگاتە 80بۆ 100 ساڵ. دوای ئەو تەمەنەش هەر سوودی دەبێت، بەڵام ئەوكات بۆ تەختە بەكەڵك نایەت، بەڵكو بۆ دروستكردنی كاغەز و دەستماڵ و شتی دیكە بەكار دێت. داری پاولۆنیا هەر چوار ساڵ جارێك دەبڕدرێتەوە بۆ تەختە دروستكردن. نرخی یەك مەتر سێجا تەختەی ئەم جۆرە دارە نزیكەیی500 تا 600 دۆلار دەكات. لەهەر دۆنمێكدا دەتوانرێت1250 دار بچێنرێت، لەدوای بڕینەوەی هەر دارێك نرخەكەی لەنێوان 200 تا300 دۆلار دەبێت. داری پاولۆنیا لەوەرزی بەهاردا گوڵێكی هەیە بۆ مێش هەنگوین زۆر بەسوودە. گەڵایەكەشی بۆ مێش هەنگوین باشە چونكە شیلەی تێدایە و لە هەموو وەرزێكیش سوودی لێدەبینێت تەنها لەوەرزی زستان نەبێت. لەبارەی سوودی گەڵاكانی داری پاولۆنیا، نەسرەدین جەمیل گوتی: گەڵای ئەم دارە وەك عەلەف بۆ ئاژەڵ بەسوودە، چونكە بەهای خۆراكی زۆرە، 22.6٪ پرۆتینە، بەبەراورد بە وێنجە كە عەڵەفێكی زۆر باشە 17٪ی پرۆتینە، هەر دارێك ساڵانە60 كیلۆ گەڵای دەوەرێنی كە بۆ پەینی كیمیایی زۆر گرنگە، چونكە دەتوانی گەنمی لەگەڵ بكەیت و بۆ ساڵی دووەم پێویستی بە پەینی كیمیایی نابێت، ساڵانە 18٪ تا 20٪ بەرهەمی گەنم و جۆ زیاد دەكات، هەروەها دەتوانرێت لەنێوان دارەكاندا بەرووبوومی دیكە بچێنرێت. گشت بەشەكانی ئەو دارە گەڵاكەی، لقەكەی، قەدەكەی و گوڵەكەی بەسوودە، هەروەها ئۆكسجینێكی باشمان دەداتێ، هەر دارێك بەقەد 10 تا 12 دار ئۆكسجین دەدات. داری پاولۆنیا لە 15تشرینی دووەم تا كۆتایی مانگی نیسان ئاوی ناوێت، دواتر هەر3 رۆژ جارێك دەبێ ئاو بدرێت.
سەبارەت بە بەرهەمی ئەو جۆرە درەختە، نەسرەدین جەمیل گوتی: ئەوەی جێی دڵخۆشییە لە ئێستادا گەیشتینە بەرهەمی ئەو دارە، دوای4 ساڵ دارەكان گەورە بوون و توانیمان بیبڕینەوە و ئەنجامەكەی زۆر باش بوو. ئێمەش وەك كۆمپانیا بەرهەمەكەی لە جووتیاران دەكڕینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەر لە سەرەتای چاندندا گرێبەستێك لەگەڵ جوتیار دەكەین و دوای بڕینەوەی دارەكەی لێی دەكڕینەوە و هەناردەی دەرەوەی دەكەین.
نەسرەدین دەشڵێت: پێش 12 ساڵ ئێمە یەكەم كۆمپانیا بووین ئەم جۆرە دارەمان هێنا كوردستان، بەڵام ئەوكات بەشێوەی تاك تاك دەمانڕواند، بەڵام وەك پرۆژەی چاندنی رووبەری گەورە و فراوان ماوەی 3 ساڵە دەستمان پێكردووە، لە ئێستادا نزیكەیی25000 دارمان لەیەك پارچە زەوی چاندووە، هەمانە 15 هەزار و 10 هەزار و 8 هەزار دار، تێیدا سەركەوتنی باشمان بەدەست هێناوە. دوای3 مانگ لە بڕینەوە دارەكە باڵای دەگاتە نزیكەیی 5-6 مەتر، كە تەمەنی ساڵێك بوو دوای بڕینەوە ئەوا دەبێتە 8مەتر.
ئەو خاوەن كۆمپانیایە زیاتر دەڵێت: لەبەرنامەمان دایە كارگە بهێنینە كوردستان تاكو بەرهەمی ئەو جۆر دارە لە ناوەخۆی كوردستان سوودی لێوەربگیرێت، ئەوەی زیادەش دەبێت دەینێرینەوە دەرەوە ئەم هۆیەش لەگەڵ چەندین كۆمپانیای رۆمانی و سوێدی و فینلەندی پەیوەندی باشمان هەیە و یەك گروپین.
لەبارەی كۆمپانیاوە:
كۆمپانیای شەی پاولۆنیا كاری سەرەكی هاوردە و چاندنی داری پاولۆنیایە. پرۆژەیەكی گشتگیرە، هەر لە هێنانی شەتڵ و چاندن و سەرپەرشتیكردن تا بە بازاڕكردنی تەختەی دارەكە، لەگەڵ راهێنانی جووتیاران لەسەر پەروەردەكردنی ئەم جۆرە دارە. لەبەر ئەوەی پەروەردەكردنی داری پاولۆنیا تایبەتمەندی خۆی هەیە و كۆمپانیاش تا بڕینەوەی دارەكە لەگەڵ جوتیار دەبێت. خاوەن كۆمپانیاكە دەڵێت: ئێمە شەتڵ نافرۆشین بەڵكو دارستان دروستدەكەین و سەرپەرشتی دەكەین بەبێ بەرامبەر و دڵنیایش دەدەین ئەگەر هەر دارێك تا ساڵێك لەناووچوو ئێمە بەخۆڕایی بەداری دیكە قەرەبووی دەكەینەوە.










