یونس حەمەد ــ ئۆسلۆ
لە گەرمەی قەیرانەكانی نێوان چوار ساڵی 2014 - 2018، بڕینی مووچە، شەڕی داعش، ئاڵۆزیی ناوخۆ وێڕای بە ئاشكرایی چوونی هەندێك كورد بۆ باوەشی بەغدا ، جگە لە درووستكردنی میدیایەك بۆ بەكارهێنانی دژ بە ئەزموونی كوردستان ، سەرەڕای هەموو ئەوانە حكوومەتی كوردستان بیری لەوە كردەوە نەوتەكەی بەدەستی خۆی بفرۆشێت و سەربەخۆیی ئابووری كردە ئامانجی سەرەكی بژێوی و بەڕێوەبردن، تا ڕادەیەكیش سەركەوتوو بوو، توانی لەم چوارچێوەیەدا خۆی ڕابگرێت ئەگەرچی كەموكوڕی هەبوو ، بەڵام مووچە ماوە ماوە بۆ فەرمانبەران دابین دەكرا. جارێكیان بەمەبەستی فرۆشتنی نەوت، كەشتییەكی بارهەڵگری نەوتی كوردستان بەرەو بازاڕەكانی جیهان بەڕێ كەوت، بەڵام بەهۆی سكاڵایەكی دەسەڵاتدارانی بەغدا و بەپاڵپشتی ئێران بارهەڵگرە نەوتییەكە دووچاری كێشە و گرفت بوو، لێرەدا سكاڵا تۆماركرا، بە پێی ڕێچكەی دەستووری و یاسایی مافی كورد بوو.
لە ماوەیەكی كەمی پێش ئێستا ئەمجارەشیان مێژوو خۆی دووبارە كردەوە ، بەڵام بە جۆر و شێوازێكی دیكە دووبارەبوونەكە روویاندا ، كەشتییەكی نایاسایی كۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاڵای وڵاتی پاناما بەرەو بەندەرەكانی جیهان بەڕێكەوت، ئەوەبوو لە كەنارەكانیگیربلتاری نزیك ئیسپانیا و ژێر دەسەڵاتدارێتی بەریتانیای گەورە دەستبەسەركرا كە بەگوێرەی لێدوانە فەرمییەكان كەشتییەكە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران لەلایەك و ناردنی شت و مەك بۆ سوریا كە ئابڵۆقەی نێودەوڵەتی لەسەرە دەستبەسەر كراوە، ئەم كردەوە لە نێوەندە سیاسی و ئابوورییەكاندا قسە و باسی زۆری لەسەر كرا، چ لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە پێشوازی لێكرد و یەكێتی ئەوروپا لەلایەك، كۆماری ئیسلامی لەلایەكی دیكەوە، بۆ ئەم مەبەستە ئێران بە فەرمی باڵیۆزی بەریتانیای سەبارەت بەم دەستبەسەرداگرتنە بانگێشت كرد، وەك دەزانین ئەمڕۆ گەورەترین چەك لە جەنگەكاندا بەكار دێن جەنگی ئابوورییە ، كە لەم سەردەم و زەمەنەدا بۆتە جێگرەوەی جەنگی بۆمب و تەقەمەنییە ترسناكەكان تا ڕادەیەكی باشیش سەركەوتنی بەدەستهێناوە، وەك چۆن لە ساڵی 1990 ئەم جەنگە بەسەر ڕژێمی سەدام تاقیكرانەوە ،دواتر ڕووخانی ساناتر بوو ، هەروەها چۆكدادانی كۆریای باكوورو دواتر گرتنەبەری ڕێگای دیالۆك.
مێژوو لە زۆر خاڵ و حاڵەتدا دووبارەبوونەوەی خۆی نیشانداوە ، ئەمەی ئێستا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردوویانەتە سەر كۆماری ئیسلامی كردەیەكی جیهانییەو مەبەست لێی نەمانی بە پلە یەك چەكی ئەتۆمییە كە ئێران و زۆر وڵاتی دیكە بە نیازبوون خۆی لێبدەن، هەروەها لەباربردنی هەڕەشە و گوڕەشەیە كە دژ بە بەرژەوەندییەكانی جیهانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدرێت. جا لێرەدا و مەبەست ئەوەیە نیشان بدرێت، ئەو سەردەم كوردێكی بێ پشت و پەنا و بێ دارایی و دانانی ئابڵۆقەیەكی بەهێز وێڕای جەنگێكی بەهێز ، چونكە كورد لەسەر ماف بوو توانی زاڵبێت بەسەر گرفتەكاندا، ئەوەش بۆ مێژوو دەسەلمێندرێت هەر كات زوڵم لە كورد كرابێت ، زۆری پێنەچووە مێژووەكە بە جۆر و شێوازێكی دیكە دووبارە بۆتەوە.










