لە سێرت مازووەكان دوای ئەوەی لە درەختەكان دەكرێنەوە و كۆدەكرێنەوە، لەلایەن كۆمپانیاكانەوە هەناردەی چەندین وڵاتی جیهان دەكرێن و ئەمەش سەرچاوەی بژێویی و داهاتە بۆ دانیشتوانی ناوچەكە.
هەندێك لە دانیشتوانی گوندەكان، دوای لێكردنەوەی مازووەكان بە ماندووبوونێكی زۆر لە لقی درەختەكان، بەو كۆمپانیایانەی دەفرۆشن كە كاری هەناردەكردن دەكەن. مازووەكان لە سێكتەری دەرمان و جوانكارییدا بەكاردەهێنرێن و بۆ هەریەك لە وڵاتانی چین، رووسیا، فەڕەنسا، بەلجیكا، هیندستان، دوبەی، ئێران، عێراق، پاكستان و مالیزیا هەناردە دەكرێن. هەر كیلۆیەك مازوو بە 15 لیرە بەمەبەستی هەناردەكردن دەفرۆشرێت و بەو هۆیەشەوە دەبێتە سەرچاوە بۆ دانیشتوانی گوندەكان. سەفا ئۆزگور كە لە گوندی ئۆرمانئاردی سەربە شارۆچكەی ئەروح دەژی، لە لێدوانێكدا، ئاماژەی بەوەكرد بە كۆكردنەوەی مازوو بژێویی خێزانەكەی دابین دەكات.
ئۆزگور گوتی: بەهۆی كۆكردنەوەی مازووەوە لە بێكاری رزگارم بووە. لەرێگەی ئەو مازووەی كە بەشێوەی خۆرسك لە چیاكان پێدەگات، دەتوانین بژێویی خۆمان پەیدا بكەین. لەجیاتی ئەوەی بچینە پارێزگایەكی دیكە و كاربكەین، لە شارەكەی خۆمان رۆژانە 20-30 كیلۆ مازوو كۆدەكەینەوە و قازانجی زۆرتر دەكەین.
ئەو باسی لەوەكرد تەنها لە گوندەكەی ئەو ساڵانە تێكڕا 10 تۆن مازوو كۆدەكرێتەوە و داهاتێكی بەرچاوی ئابووریی بۆ گوندنشینەكان دەهێنێت و پێشنیاری كرد دانیشتوانی گوندەكانی دەورووبەریش مازوو كۆبكەنەوە و داهاتیان دەستبكەوێت. ئەحمەد ئۆزگوری تەمەن 35 ساڵ كە لە سێرت دەژی، گوند بە گوند دەگەڕێت و ئەو مازووەی هاووڵاتییان كۆیان كردووەتەوە، دەكڕێتەوە و هەناردەی دەرەوەی وڵاتی دەكات.
ئۆزگور باسی لەوەكرد ساڵانە هەزار و 500 تۆن مازوو هەناردەی دەرەوە دەكات و ئاماژەی بەوەكرد مازوو لە سێكتەرەكانی دەرمان، بۆیە و جوانكارییدا بەكاردەهێنرێت.
تیشكی خستەسەر ئەوەش كیلۆیەك مازوو لە گوندەكان بە 13 لیرە دەكڕێت و بە 15 لیرە هەناردەی دەرەوەی دەكات.









