لە 3ی ئابی 2014 داعش پەلاماری شاری شنگالیدا و لە شەو و رۆژێكدا هەزار و 293 ژن و پیاوی كوشت و 6 هەزار و 417 كەسی رفاند، تا ئێستا 3 هەزار و 509 كەس رزگار كراون و هێشتا چارەنووسی 2 هەزار و 908 كەس نادیارە. لە كاتێكدا لە شنگال هێشتا دەیان گۆڕی بە كۆمەڵی كوردانی ئێزدی هەڵنەدراونەتەوە و خاپووربوونی هەزاران خانوو لە سنوورەكە سیمای وێرانەی بە شنگال بەخشیوە، هێشتا پێنج ساڵە شەڕ و ململانێ بەرۆكی سنوورەكەی بەرنەداوە. ساڵێك و سێ مانگ و دە رۆژ داعش لە قەزای شنگال دەسەڵاتدار بوو، لەو ماوەیەدا وێڕای قاییمكردنی بنكە و بارەگاكانیان و هەڵكەندنی دەیان تونێل، سەروەت و سامانی خەڵكیان بە تاڵان برد و كچ و ژنانی ئێزدیان بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتییان لە عێراق و سووریا گواستەوە، دواتر هێزەكانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان دەستپێكرد و لە ماوەیەكی كەمدا شنگالیان لە داعش رزگار كرد.
لە سەدا 80ی شنگال وێرانەیە
قایمقامی قەزای شنگال، مەحما خەلیل لەبارەی تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر كارەساتی شنگال دەڵێت: ماوەی پێنج ساڵە بەهۆی نەهامەتی و جەنگی داعش و دواتر ململانێكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی دژ بە خەڵك، ئیدارەی شەرعی شنگال و هێزەكانی پێشمەرگە لە سەدا 80ی قەزای شنگال بە وێرانی ماوەتەوە و زیاتر لە 20 هەزار خانوو خاپوورن و زیاتر لە 520 شوێنی ئەندازەیی لە قەزاكە زیانیان بەركەوتووە و رێگاوبان و سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان تێكدراون و تا ئێستا هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال، حكوومەتی عێراق لە رابردوو كەمتەرخەم بووە لە سەقامگیركردنی شنگال و ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، ئومێدمان بە حكوومەتی نوێی عێراق هەیە كە هاوكار بێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاوەدانی بۆ شنگال.
ئاوەدانكردنەوەی شنگال نزیكەی
10 ملیار دۆلاری پێویستە
مەحما خەلیل لەبارەی تێچووی ئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال گوتی: ئەگەر حكوومەتی عێراق مەزەندەی 45 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای نەینەوا بكات، ئەوا ئاوەدانكردنەوەی شنگال نزیكەی 10 ملیار دۆلاری پێویستە، چونكە هەر شنگال نییە، بەڵكو ناحییەكانی سەربە قەزاكەش پێویستییان بە ئاوەدانكردنەوە هەیە، بەڵام ئەوەی پێش ئاوەدانكردنەوەی پێویست بێت، ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و دەركردنی چەكدارانی پەكەكە و حەشدی شەعبین. قایمقامی قەزای شنگال نایشارێتەوە كە ماوەی پێنج ساڵە زیاتر لە سەدا 80ی هاووڵاتییانی شنگال ئاوارەن و لە كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك نیشتەجێن، بەهۆی بوونی پەكەكە و بەشێك لە حەشدی شەعبی نەبوونی خزمەتگوزاری لە سنوورەكە ناتوانن بگەڕێنەوە.
پێنج ساڵە شنگال ئارامی
بەخۆیەوە نەبینیوە
هەروەها سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، وەیس نەواف دەڵێت: پێنج ساڵە شنگال ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە، لە ئابی 2014 داعش شارەكەی وێران كرد و زیانێكی گەورەی گیانی پێگەیاندین و دوای 16 ئۆكتۆبەر و تا ئێستا ئەو گرووپە چەكدارەی لە شارەكە بوونیان هەیە كە لە پەكەكە و لقەكانی و حەشدی شەعبی پێكدێن، تا ئەمڕۆش سەرقاڵی ململانێی حیزبین و نەهامەتی بۆ هاووڵاتییانی شارەكە دەنێنەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە شنگال لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، چونكە شانەنووستووەكانی داعش لە سنووری شنگال چالاكییان هەیە و پەیوەندیی و رێكخستنیان لە نێواندا هەیە، مەترسی دووبارە خۆ رێكخستنەوەیان هەیە.
68 مەزارگە و شوێنی ئایینی
كوردانی ئێزدی تەقێندراوەتەوە
بەڕێوەبەری كاروباری كوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خەیری بۆزانی لە لێدوانێكی لەبارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی گوتی: هەر لە دوای رزگاركردنی شنگال لە چنگ تیرۆریستانی داعش تا ئێستا 80 گۆڕی بە كۆمەڵی كوردانی ئێزدی لە سنووری شنگال دۆزراوەتەوە كە داعش بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە كۆمەڵكوژی كردوون و دەیان رووفات لە نێو گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا هەیە، كە لە منداڵ و پیر و پەككەوتە بە هەردوو رەگەزەوە لەخۆی دەگرێت. خەیری بۆزانی ئاماژەی بەوەش دا كە بەهۆی كەمتەرخەمی حكوومەتی عێراقەوە تا ئێستا تیمێكی نێودەوڵەتی بۆ هەڵكەندنەوەی گۆڕە بە كۆمەڵە پێكنەهێندراوە گوتیشی: لە كۆی 80 گۆڕی بە كۆمەڵ تا ئێستا تەنها 6 گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، كە ئەمە ژمارەیەكی زۆر كەمە، بەڵكو دەبوو زیاتر لە 40 گۆڕی بە كۆمەڵ تا ئێستا هەڵدرابایەوە و بەڵگەكان كۆبكرایەوە.
بەڕێوەبەری كاروباری كوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو مەزارگانەی كوردی ئێزدی ئاشكرا دەكات كە لەلایەن داعشەوە تەقێندراونەتەوە و گوتی: لە سەردەمی داعشدا 68 مەزارگە و شوێنی ئایینی كوردانی ئێزدی تەقێندرایەوە لە ناوچە ئێزدی نشینەكان. بۆزانی ئاماژەی بەوەشدا كە داعش سەرەڕای كوشتن و رفاندن و فرۆشتنی كچ و ژنانی ئێزدی وەك كەنیزەك، هەڵستا ئایینی ئێزدی بە بە رفێندراوانی كوردی ئێزدی گۆڕی، دەیان منداڵی رفێندراوی لەسەر بیری توندڕەوی پەروەردە كرد، ئەم بیری توندڕەوییە دەبێت بەردەوام كار لەسەر بنبڕكردنی بكرێت.
پێشمەرگە نەبووایە
شنگال كۆنتڕۆڵ نەدەكرایەوە
جێگری فەرماندەی فەرماندەیی شنگال، عەمید سمێ بۆسەلی كە یەكێك بوو لە فەرماندە دیارەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال لە چنگ چەكدارانی داعش دەڵێت: پێش پێنج ساڵ لە 3ی ئابی 2014 داعش دوای كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ و دەستكەوتنی چەك و تفاقێكی زۆری سوپای عێراق، بە شێوەیەكی دڕەندانە پەلاماری قەزای شنگالیدا كچ، ژن، پیاو و منداڵانی شنگالی خەڵتانی خوێن كرد، داعش هەموو كردەوەیەكی تیرۆریستی تاقیكردەوە بەرامبەر شنگالییەكان و كوردانی ئێزدی. گوتیشی: لە بەرواری 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 هێزەكانی پێشمەرگە، بە بەشداری 7 هەزار و 500 پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی دژی داعش ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال دەستپێكرد، لە ماوەی شەو و رۆژێكدا شنگال لە داعش رزگار كرا، لە ئۆپەراسیۆنەكە زیاتر لە 100 تیرۆریستی داعش كوژران و سەدانی دیكەش بریندار بوون.
ئەو فەرماندەیەی هێزەكانی پێشمەرگە نیگەرانە لەوەی دوای داعش تا ئێستا دۆخەكە ئاسایی نەبووەتەوە و بوونی ژمارەیەكی زۆر لە گرووپی چەكدار لە شنگال بە هۆكاری سەرەكی نائارامی دەزانێت و دەڵێت: پێشمەرگە بە خوێن و هەوڵ و دەستی خۆی شنگالی لە داعش رزگار كردووە و ئەو چەكدارە نادەستوورییانەی لە سنوورەكەن دەبێت رێز لە خواستی رەوای خەڵكی سنوورەكە بگرن، ئاشكرایە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، شنگال كۆنتڕۆڵ نەدەكرایەوە بەو گرووپانەی لە ئێستادا بوونەتە سەرئێشە بۆ ناوچەكە.









