راپۆرت-كەنعان بەهادین
رواندز دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی هەولێری پایتەخت بە دووری 110كیلۆمەتر لەسەنتەری شارەوە دوورە ، 1500 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزە ، لەباشوورەوە چیای كۆڕەك هەڵكەوتووە ، لە رۆژهەڵاتەوە چیای هەندرێن ، لەباكورەوە چیای زۆرزان و لە رۆژئاواوە چیای برادۆست . ئەو شارۆچكە گەشتیاری و مێژووییە تاڤگەی بەناوبانگی گەلی عەلی بەگی تێدایە ، بێجگە لەهەبوونی دۆڵی خەرەند ، رواندوز بە سۆران دەبەستێتەوە و كە بە سەرنج راكێشترین دۆڵی كوردستان و هەموو عێراق ئەژمار كراوە ، وێڕای هەبوونی تاڤگەی بەناوبانگی بێخاڵ و هاوینەهەواری جوندیان ، جگە لە هەبوونی زۆرترین پێگەی گەشتیاری سەرنج راكێش ، .. بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان قەزای رواندز لەسەردەمی ئۆڕاتوییەكان لە هەزارەی یەكەمی پێش زاین دروست كراوە ، كە ئەوكات پایتەختی دەوڵەتی مەسامیر بووە ، لەسەردەمی فەرمانڕەوایی میر محەمەد ناسراو بە پاشای گەورە لەساڵی 1813تاوەكو 1836رواندووز حوكمی كردووە ، ئەو شارۆچكەیەی كردۆتە پایتەخت و خاوەنی پێگەیەكی سەربازی گرنگ بووە ، كە چەندین جۆر تۆپی دروست كردووە ، وەستا رەجەب ئەو پیاوە بەناوبانگە رواندوزیە بووە كە لەو سەردەمدا تۆپی دروست كردووە ..
لە ساڵی 1922 حوكمڕانی عوسمانییەكان رەمزی بەگیان كردۆتە قایمقامی رواندز لەكاتدا كە پێشڤەچوونێكی گەورەی بواری پەروەردەو هونەر و رۆشنبیری بەخۆوە بینیووە ، لەساڵی 1923 رواندز خراوەتە سەر لیوای هەولێر ، بەفەرمیش قوتابخانە لەساڵی 1926 لەو شارۆچكەیە كرایەوە ، هەر لەو ساڵەش یەكەمین رۆژنامە لە رواندووز دەرچوو بەنێوی زاری كرمانجی ، وێرای كردنەوەی كتێبخانەی گشتی لەساڵی 1965 ? لەساڵی 1977 كۆمەڵەی هونەرو وێژەی كورد دامەزرا كە بووە دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە . لەسەردەمی كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بەرچاو بە رواندز دراوە ، لەساڵی 2008 كراوەتە قایمقامیەت ، لە ساڵی 2009 فەرمانگەی رۆشنبیری و لەساڵی 2009 پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی لێ كراوەتەوە ، . لەهەڤپەیڤینێكدا كوێستان ئەحمەد قایمقامی رواندز بۆ خەبات رایگەیاند : پڕۆژەیەكی ئێجگار زۆر لە ساڵی 2016ەوە تاوەكو ئێستا بۆ قەزای رواندز ئەنجامدراوە ، لە كۆنكرێت كردن و دروست كردنی پەرژینی ئاسن و دروست كردنی ئاوەڕۆ بۆ چەندین گەرەكی قەزای ناوبراو و هەروەها قیرتاو كردنی شەقامەكانی ناحیەی وەرتێ كە سەر بە ئیدارەی رواندزە ، وێڕای چاككردنەوەو دانانی رووناكی بۆ رێگاكانی بێخاڵ و گوندی كاولۆكان و هاوینەهەواری فەقیان.
قایمقای رواندز گووتیشی: پڕۆژەی ئێجگار گرنگ و باش بۆ رواندز ئەنجام دراوە ، لەوانە گەیاندنی ووزەی كارەبا بۆ وەرتێ و 9 گوندی سەر بەو ناحیەیە ، هەروەها چاكردنەوەی وێستگەی مۆبایلی وەرتێ كە ئێستا شوێنێكی گەشتیاری گرنگە ، وێڕای چاكردنەوەی تۆڕی كارەبای وەرتێ هەروەها نۆژەنكردنەوەی ئاوی بێخاڵ و گۆڕینی هێڵی سەرەكی 12 گەرەك و درێژ كردنەوەی 200 بۆڕی لەنێو گەڕەكەكانی قەزای ناوبراو و هەروەها درێژ كردنەوەی بۆڕی 140ملم بۆ گەڕەكی بانەزێوك و دانانی غەتاس و راكێشانی 1200مەتر بۆڕی لەحەوزی سەرەكی رواندز بۆ كۆمەڵگەی لاوان و خاوێن كردنەوە و دروست كردنی جۆگەی ئاودێری كوێستان ئەحمەد قایمقامی رواندز بۆ خەبات گووتی : پڕۆژەی دیكەی وەك نۆژەنكردنەوەی رێگاكانی ناو شارۆچكە كە بەهۆی لافاو بارانی ئەمساڵ تێكچووبوو ، وێڕای دروست كردنی پردی رێزانۆك و ڕەژوو كەریان . قایمقامی رواندز زێتر بۆ خەبات رایگەیاند : كۆمەڵێك پڕۆژەی دیكە هەن كە لە2013 دراوەتە بەڵێندەر بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو پڕۆژانە وەستاون و جێبەجێنەكراون و ئارەزوو دەكەین لە ئایندەیەكی نزیك ئەو پڕۆژانە بكەونەوە كار ، لەوانە تەواو كردنی شووقەكانی رواندز كە بۆ كەمدەرامەتان دروست كراوە ، هەروەها دروست كردنی نەخۆشخانەی 50 قەرەوێڵەیی و قیرتاو كردنی زۆربەی گەرەكەكان و دروست كردنی ئاوەڕۆ ، چەندین پڕۆژەی گرنگی دیكە كە بەهیواین لە داهاتوو بكەونەوە ئیش. هەروەها گووتی: پڕۆژەی تانكەرین و دابین كردنی ئاوی خواردنەوە تا ئێستاش بەردەوامە لەسنووری رواندز بۆ ئەو گەرەك و گووندانەی كە كێشەی كەم ئاویان هەیە ، هەروەها پاك كردنەوەی رواندز بەردەوامی هەیە كە لەسەنتەری قەزا و گووندەكانیش لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە ..هەروەها پڕۆژەی قیرتاو كردنی مەكێ لەناحیەی وەرتێ ئێستا جێبەجێ دەكرێت ..
لەلایەكی ترەوە بارزان موحەمەد حاجی بەرێوەبەری گەشت و گوزاری دەڤەری سۆران بۆ خەبات گووتی : رواندز قەزایەكی گەشتیاری سەر بە پارێزگای هەولێرە، ساڵانە 700هەزار گەشتیار رووی تێ دەكەن ، ئێمە وەك گەشت و گوزار چەندین چالاكی و پڕۆژەمان لە رواندز ئەنجام داوە لەوانە نووژەنكردنەوەی هاوینە هەواری بێخاڵ بەشێوەیەكی سەردەمیانە و چاكردنەوەی رێگەی فەقیان و ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی ساڵانەی خلیسكانێی سەر بەفر لەچیای كۆڕەك و ئەنجامدانی ئاهەنگی نەورۆز و بەرێوەبردنی چەندین دیبەیت لەگەڵ كۆمپانیاكانی گەشتیاری و چەندین پڕۆژەی گرنگی دیكە كە ئێمە لە گەشت و گوزار زۆر بە گرنگییەوە لەو دەڤەرە دەڕوانین.









