بەكر كەریم حەسەن❊
فەیلەسوفی بە ناوبانگی چینی كۆنفۆشیۆس دەلێ” خوێندنەوەی رابردوو گرنگە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ پلان بۆ پاشەرۆژ دابنێن”.
بێگومان دانانی پلانی ستراتیژی چوار ساڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە ئاماژە ئومێد بەخشەكان كە چاوەڕوانی ئەنجامی باشی لێ دەكرێ. وەزارەتی پەروەردەش كە دەیەوێ بەرنامە و پلانی ستراتیژی بۆ چوار ساڵی ئایندە دابڕێژێ بێ شك هەنگاوەكانی هەستانەوەی پەروەردە و فێركردن دەبێ لە هەرێمی كوردستان، چونكە داڕشتنی پلانی ستراتیژی مەبەست لێی بنیاتنان و ئیدارەدانی سیستەمی نوێی پەروەردە و فێركردنە بە كۆمەلێ داهێنان و پەرەپێدانی نوێ و بیركردنەوەی پێداویستییەكانی كاری پاشەرۆژ و بنیاتنانی مرۆڤی كوردستانی بێت لە كۆمەلێ رووە وە، پلان وستراتیژی وەزارەتی پەروەردە كە دەیەوێ لە دەستپێكی كابینەی نوێ رابگەیەنرێ و بكەوێتە واری جێ بەجێ كردن بۆ چوار ساڵی ئایندە هەڵگری كۆمەلێ ئامانج دەبێ مەبەست لێی جێ بەجێ كردنیان بێت لەو چوار ساڵەدا بە تەماشاكردنی من بۆ پلانەكە گرنگە كار لە سەر ئەو خاڵانە بكرێ. دەستە بەركردن و مسۆگەركردنی خوێندن بە یەكسانی لە باخچە و قوتابخانە حكومییەكان بە گرنگیدانی زۆر رەوە ، رەخساندن و كردنەوەی چەندەها خولی راهێنان و مەشقی بەردەوام بۆ پێش خستنی توانا كارگێڕی و پەروەردەییەكان بۆ كارگێڕی سەركردایەتییەكانی پەروەردە و فێركردن بە گشتی .
كردنەوەی خولی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی تواناكانی پسپۆڕی مامۆستایان.
رەخساندنی كەشی ژینگەیی لە بار لە قوتابخانەكان بۆ قوتابیان و مامۆستایان و نۆژەن كردنەوە و فراوان كردنی قوتابخانەكان .
پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیارانی سپۆڕی و كارگێڕی دوو ساڵ لە سەر یەك كاریگەری لە سەر مانەوەیان هەبێت .
پێداچوونەوە و دانانی سنورێك بۆ ئەو هەموو خوێندنە ناحكومییە بەر بڵاوە جودا كردنەوەیان لە یەكتری و دوورخستنەوەیان لە بزنس و بازرگانی كردن بە پەروەردە و فێركردن، لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمەكان لەو بوارە و هاندانی ئەوانەی كوالێتی و چۆنایەتیان باش بووە . هەموار كردنەوەی یاسای خوێندنی ناحكومی .
پێداچوونەوە و گرنگیدان بە پرۆگرامەكانی خوێندن لە سەرجەم قوناغەكانی باخچە و بنەڕەتی و ئامادەیی لە هەموو روویەكەوە لەلایەن كەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بە ئەزموون .
گرنگیدان بە بابەتەكانی بنیاتنانی مرۆڤ لە پرۆگرامەكانی خوێندن وەكو بەها كۆمەڵایەتییەكان و بابەتەكانی رەوشت و كارامەییەكانی ژیان و پیشەیی .
چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و كارگێڕی راستەقینە لە پەروەردە لێپرسینەوە و بەشداری پێكردن
هەموار كردنەوەی یاسای پەروەردە و فێركردن لە پێناو پەروەردە و فێركردن بێت، لەلایەن لێژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕ لە پەروەردە.
پێداچوونەوە بە چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەزموونەكانی وەزاری بۆ قۆناغی نۆیەمی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی.
پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردە و فێركردن تاكە ئامانج قوتابی بێت و مامۆستاش هاندەر .
پەرەپێدانی تواناكان لە سەر بنچینەی داهێنان و شارەزایی .
پێداچوونەوە بە كۆمەلێ رێنمایی و بڕیار كە سەرنج و تێبینی لای پەروەردەكاران دروست كردووە.
دروست كردنەوە و بەهێزكردنی متمانە و سیقە لە نێوان پەروەردە و كۆمەڵگە بە گشتی و مامۆستایان و قوتابیان بە تایبەتی.
بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی و جێ بەجێ كردنی پڕەنسیپی سزا و پادداشت لە سەر بنەمای لێهاتوویی و دڵسۆزی و پسپۆڕی. داڕشتنەوەی هەیكەلیەتی پەیكەری كارگێڕی وەزارەتی پەروەردە و تا بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكان.
سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتانی پێشكەوتوو لە بواری پەروەردە و فێركردن. ئەوە و چەندەهای تر لە خاڵی گرنگ كە مەبەست و ئامانج لێی بەرەووپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بێت لە هەرێمی كوردستان و لێپرسینەوە و هەنگاونان و هەستانەوە و تەكاندانی پەروەردە بێت لە كوردستان كە هەردەم لە لوتكە بێت لە جێ بەجێ كردن .
❊ بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەر









