دیمانە-ڕۆشنا عەلی
ماوەی شەش ساڵە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی ئێواران لە زانكۆی سەڵاحەدین بۆمامۆستایانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە كراوەتەوەو تا ئێستاش 6400 مامۆستا لەم كۆلێژە دەرچوون و بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان بەدەست هێناوە ، وەزارەتی پەروەردەوە بەردەوام باس لەوە دەكات كەلە پێناو دوو ئامانجی سەرەكی داوای كردووە ئەم كۆلێژە بكرێتەوە ، كە ئەویش بەرزكردنەوەی توانستی زانستی مامۆستایان و زیادكردنی پسپۆڕییە زانستییەكانی وەك زانست و بیركارییە كە وەزارەتی پەروەردە بەردەوام كێشەی كەمی ئەو پسپۆڕییانەی هەیە، لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن دەربارەی خوێندن لەم كۆلێژەو دەسكەوتی وەزارەتی پەروەردە لەم رێگایەوە و بەدی هێنانی ئامانجەكانی دیمانەیەكی لەگەڵ د.سیروان عەرەب بڵباس ڕاگری كۆلێژی ناوبراو ئەنجامدا.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەم كۆلێژە بەدیاریكراوی كەی كرایەوەو تا ئێستا چەند مامۆستا لەو كۆلێژە سوودمەند بوون؟ ڕاگری كۆلێژەكە ئاماژەی بەوەدا كە تا ئێستا بە تەنها لە كۆلێژەكەی ئەوان 6400 مامۆستا سوود مەند بوون ئەو لەمبارەیەوە وتی: سەرەتای دامەزراندنی كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی ئێواران بە دیاریكراوی دەگەڕێتەوە بۆساڵی 2012- 2013 كە قوتابیان وەرگیران لەسەرەتاوە ئەو كۆلێژە تایبەت بوو بە مامۆستایانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە ، بۆساڵی یەكەم زیاتر لە پێنچ هەزار مامۆستا داواكاریان پێشكەش كرد لەو ژمارەیە نزیكەی 800 قوتابی وەرگیران لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە ، كە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم و ئەو مامۆستایانە بوون كەبە خولی شیاندن كرابوونە مامۆستا ساڵ لە دوای ساڵ ئەو ڕێژەیە زیادی كرد تا ئێستا نزیكەی 6400 مامۆستا خوێندنییان لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی تەواوكردووە ، جێگای شانازییە كەیەكەم زانكۆ دەستی بەو كارە كرد زانكۆی سەڵاحەدین بوو دواتریش لە شارەكان و زانكۆكانی دیكە كرایەوە بە گشتیش زیاتر لە سی هەزار مامۆستای سەر بەوەزارەتی پەروەردە سوودیان لە كۆلێژی بنەڕەتی ئێواران وەرگرتووە.
دەستكەوتی وەزارەتی پەروەردە دەربارەی ئەوەی كە ئایا وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی بوونی ئەم كۆلێژە چی دەستكەوتووە د. سیروان وتی : ئەم كۆلیژە بووە هۆی ئەوەی توانستی مامۆستاكانی بەرز كردەوە لەماوەی چوار ساڵی خوێندندا لەزانكۆ، كە كۆمەڵێك بابەتی نوێ و گرنگ بۆوەزارەتی پەروەردە خوێنراوە بۆنموونە شێوازەكانی وانە وتنەوە چۆنێتی وانە وتنەوەی بابەتەكان كە ڕەنگە پێشتر مامۆستایان پێی ئاشنا نەبوون ، بەڵام لە زانكۆ توانراوە سوود لەو بابەتانە وەربگیرێت كە بەچ شێوازێك بتوانن ئەو زانستە بگەیەنن بە قوتابیان ڕەنگە مامۆستایانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە لە ڕووی زانستییەوە زانیارییەكی باشییان هەبووبێت ، بەڵام شێوازی گەیاندنەكە كێشەی هەبووە ئێمە گرنگیمان داوە بە ڕێگاكانی وانە وتنەوە هەروەها بابەتەكانی دەرونزانی گشتی دەرونزانی پەروەردەیی كە هەموویان زۆر گرنگن بۆ قوتابیانی بنەڕەتی ، لەلایەكی تر لە ڕووی بابەتەكانەوە مامۆستایانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە پێشتر پسپۆڕی تایبەتییان نەبووە ، بەڵام لە زانكۆ پسپۆڕییەكانییان پێدراوە بۆنموونە لە زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانستە گشتییەكان لە ئینگلیزی كوردی و عەرەبی و ماتماتیك هەموو ئەو بابەتانەی پێویست بوو جیاكراوەتەوە ، بۆیە ئەگەر تەماشا بكەیت مامۆستایانی پێش خوێندنی ئێواران لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی دوو قۆناغی خوێندنی جیاوازە بۆ وەزارەتی پەروەردە.
گۆڕینی پسپۆڕی
دەربارەی ئەوەی دەوترێت زۆربەی ئەو مامۆستایانەی دێنە كۆلێژەكە ئامانجییان زیاتر بەرزكردنەوەی بڕوانامەیە لەوەی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی بێت كە هەندێكییان واز لە پسپۆڕییەكەی خۆشییان دەهێنن كەچەندساڵە ئەو پسپۆڕییە دەڵێنەوە و پسپۆڕییەكی پێویستیشە ؟ڕاگۆری كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت ئاماژەی بەوەدا و پشڕاستی كردەوە كە زۆرێك لە مامۆستایان پسپۆڕییەكەیان دەگۆڕن لەمبارەیەوە وتی: ڕاستە بەشێك لەو مامۆستایانەی كە دێنە ئێرە لەوانەیە پسپۆڕی خۆیان بگۆڕن و ڕێژەی %61ی مامۆستایان پسپۆڕی خۆیان كردووە بە بابەتی كوردی و كۆمەڵایەتی بۆنموونە پێشتر زانستەكان بوون یان ماتماتیك بوون ئێستا دێن بابەتەكانی كوردی و كۆمەڵایەتی دەخوێنن ئەوە لەسەرەتاوە وابوو ، بەڵام ئێستا شێوازەكە گۆڕاوە ساڵی یەكەم و دووەمی وەرگرتنی قوتابییان بەو شێوەیە بوو، ئێستا چەند ڕێوشوێن و هاندەرێكمان بۆ مامۆستایان فەراهەمكردووە بۆئەوەی ئەو بەشانە بخوێنن بۆنموونە كرێی خوێندنی ساڵانەی ئەو دوو بەشە زۆر كەمترە لەبەشەكانی تر هەر بۆنموونە پێش دوو ساڵ بەو پێیەی قوتابییانمان كەم بوون لەو دوو بەشە بە خۆڕایی قوتابیان وەرگیران بەبێ پارە مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەیانتوانی بێ بەرامبەر درێژە بە خوێندن بدەن بۆیە ئێستا دەبینین حاڵەتەكە گۆڕاوە لەلایەكی تریش پار ساڵ بڕیارماندا كە مامۆستایانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە بە هیچ جۆرێك لەبەشەكانی كوردی و عەرەبی وكۆمەڵایەتی وەرنەگیرێن بۆئەوەی ناچار بن بچنە بەشەكانی دیكە جیگای خۆشحاڵیشە دەبینین مامۆستایان ئاستێكی باشییان هەیە و ژمارەیەكی زۆریان ئاستییان نایابە ئەمەش بەڵگەیەكە كە مامۆستاكان بۆ لایەنی زانستیش هەوڵ دەدەن نەك تەنها بڕوانامە.
داوای وەزارەت
دەربارەی ئەوەی كە بۆچی لەسەرەتای كردنەوەی كۆلێژەكە وەزارەتی پەروەردە كە بەردەوام كێشەی كەمی پسپۆڕییە زانستییەكانی هەیە ئایا داوای ئەوەی نەكردووە كە قوتابی لەبەشە زانستییەكان زیاتر وەربگیرێن ؟ د. سیروان لەمبارەیەوە وتی: نەخێر ئەوان ئەو داوایەیان نەكردووە، بەڵام ئێمە لای خۆمانەوە ئەو كارەمان كرد و لەو دوو ڕێگایەوە هەوڵمانداوە ئەو دوو پسپۆڕییە كەمبكەینەوە هەتا هەر مامۆستایەك كە پسپۆڕی زانست و بیركاری بێت لە هەمان پسپۆڕی بخوێنێت پێنچ نمرەی زیادەی دەدرێتێ بۆ پێشبڕكێی بە دەستهێنانی كورسی خوێندن ، بەڵام وەزارەتی پەرەردە ماوەی سێ ساڵە جەخت لەوە دەكاتەوە كە مامۆستایان نەتوانن پسپۆڕی خۆیان بگۆڕن .
خوێندنێكی پێشكەوتوو
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا تاچەند ئەو وانانەی لەم كۆلێژە دەوترێتەوە هاوكات بە پێی پەروەردەی سەردەمە وئایا جگە لە ڕێگاكانی وانە وتنەوەو دەرونزانی وانەیەكی تر دەخوێنرێت كە كاریگەری زۆر زیاتر بەسەر مامۆستاوە دروستبكات و شێوازێكی جیهانی بێت خۆ ئەو دوو وانەیە لە خولی شیاندنیش دەخوێنرێن؟
ئێمە لە كۆلێژی پەروەدەی بنەرەتی ماوەی پێنچ ساڵە لەگەڵ زانكۆی ئێف ئەی ئەڵمانی گرێبەستێكمان هەیە كە ساڵانە سی مامۆستای ئێمە سەردانی ئەو زانكۆیە دەكەن و خولی ڕاهێنان دەبینن ئاشنا دەبن بەو زانستە نوێیانەی كە ئێستا لە جیهان دەخوێنرێت ، هەر لە ڕوانگەی ئەم بابەتەوە ئێمە چەند بابەتێكی دیاریكراومان زیاد كردووە لە كۆلێژەكەمان كە دەمانبەستێتەوە بە زانكۆ گەورەكانی جیهان هەردوو بابەتی پەروەردەی پێشەنگكاری و پەروەردەی فرەیی كە دوو بابەتی زۆر گرنگن بۆ مامۆستایان بۆنموونە لە پەروەردەی پێشەنگكاری ئەوە فێری مامۆستایان دەكرێت كە چۆن بتوانن بیرۆكەی داهێنەرانەی قوتابی لە قۆناغەكانی بنەڕەتی پەرە پێبدەن و ئەو كارە دەستییانەی قوتابیانیش گەشە پێبدەن جگە لە وانەكان فێری پیشە ببن هەروەها پەروەردەیی فرەییش یەكێكە لە بابەتە گرنگەكان كە تەنها لە زانكۆی سەڵاحەدین دەخوێنرێت ، كە باس لەوە دەكات چۆن تاكێك بەرهەم بهێنێت قبووڵی جیاوازییەكان بكات چ ئاینی یان نەتەوەیی و ناوچەگەرێتی ؟ كە بابەتێكی گرنگەو ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان پێیەتی و ماوەی چوار ساڵە ئەم بابەتە لە كۆلێژەكەی ئێمە دەخوێنرێت. تاچەند لەگەڵ وەزارەتی پەروەدە هەماهەنگن بۆ چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكانی خوێندن لەڕێگای ئەم كۆلێژەوە وئایا بۆ ئەمساڵ هیچ بەشێكی نوێ دەكەنەوە كە پێشتر نەبووبێت و وەزارەتی پەروەردەش پێویستی بێت ؟ ئێمە لە ساڵی ڕابردوو دوو كۆنفڕانسی زانستیمان بە هاوكاری وەزارەتی پەروەردە ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بابەتەكان نزیكبكرێنەوەو پێداویستییەكانی وەزارەتی پەروەردە دابینبكرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری داوە كە هەموو بەشەكانی خوێندنی ئێواران دابخرێت جگە لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی نەبێت بە خۆشحاڵییەوە دەتوانن بەردەوام بن ئەوەی ئێمە بۆ ئەمساڵ دەیكەینەوە بەشی زانستی كۆمبیوتەرە كە وەزارەتی پەروەردە زۆر پێویستی پێیەتی و وەزیری پەروەردەی پێشوو بە نوسراوی فەرمی داوای كردنەوەی كردووە.
سهرهتا چاوپێكهوتن تا چەند وەزارەتی پەروەردە سوودی لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی وەرگرتووە؟









