
دلاوەر عیسا ڕێزانەیی❊
ئەو مەرگەسات و تاوانانەی دەرهەق بە میللەتی كورد ئەنجام دراون، ئەگەر بەرامبەر هەر میللەتێكی تر ئەنجام درابوایە، رووبەڕووی توانەوە دەبوویەوە و خەسڵەتەكانی وەك میللەت لە دەست دەدا. دوژمنان پیلانی زۆریان داڕشتووە بۆ قڕكردن و شێواندنی مێژوو و ڕەسەنایەتی ئەم میللەتە، كورد مافی خۆیەتی شانازی بكات كە تا ئێستا ناسنامەی لە دەست نەداوە و پارێزگاری لە زمان و كولتوور و ڕەسەنایەتی خۆی كردووە، سەرەڕای هەوڵی داگیركەران بۆ سڕینەوە و تواندنەوەی ئەو نەتەوەیە لە ناو بۆتەی نەتەوەكانیان. یەكێك لە دڕندانەترین ئەو تاوانانە، پاكتاوی نەژادی بوو كە لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە نەخشەی بۆ كێشرا و لە پرۆسە بەدناوەكانی ئەنفال دا خۆی نواند، كارەساتی ئەنفال گەورەترین تاوانە لە سەدەی بیستەمدا دژی میللەتی كورد ئەنجام درا، ترسناكترین هەوڵی رەگەزپەرستی بوو بۆ پاكتاوكردنی نەژادی نەتەوەیەك كە لە ئەزەلەوە لەسەر خاكی باب و باپیرانی خۆی ژیان بەسەر دەبات. لێرەدا بە كورتی باسی پرۆسەی بە جینۆسایدكردنی (8000) بارزانی دەكەین كە ساڵی (1983) لە لایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجام درا، نووسین لەسەر هەر رووداوێك پێویستی بە زانیاری و راستگۆیی هەیە، بەڵام ئەگەر مرۆڤ لە ناو خودی ئەو رووداوەدا ژیابێت، بێگومان نووسینەكە واقیعی تر و روونتر بەرجەستە دەبێت. پاش پیلانی شوومی نێودەوڵەتی جەزائیر و نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە ساڵی (1975)، ڕژێمی بەعس هەستا بە راگواستنی دەیان هەزار خێزانی كورد و، لە نێویشیاندا هەزاران خێزانی بارزانییەكان لەسەر زێدی باب و باپیرانیان راگواستن، بۆ ناوچەیەكی بیابانی لە سنووری پارێزگای دیوانیەی باشووری عێراق، ناوچەكە بریتی بوو لە چەند ئۆردوگایەك تیایدا خانووی زۆر سەرەتایی دروست كرابوون، ئاوی پیس و كەش و هەوای تۆزاوی و گەردەلولیش تەنگی پێ هەڵچنیبووین، ژینگەی ئەو ناوچەیە زۆر نامۆ بوو بۆمان و دەردەسەرییەكی زۆرمان بینی، لە ماوەیەكی كورت دا چەندین نەخۆشی كوشندە بڵاو بوەوە كە بەداخەوە بە دەیان كەس لە منداڵ و پیر و ئافرەت گیانیان سپارد، بەشی زۆری ئەو قوربانیانە لە ئۆردوگایەك بوون بە ناوی (مەرەجوج)، ماوەی پێنج ساڵ ئەو دۆخە بەردەوام بوو، كاتێ رژێم بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانەیدا بۆ چەند ئۆردوگایەكی زۆرە ملێ لە دەوروبەری شاری هەولێر، گەورەترینیان ناویان نابوو ئۆردوگای (قودس) و ئۆردوگای (قادسیە). ساڵانێك بەسەر جەنگی عێراق و ئێران تێپەڕی بوو، ئاگرەكەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە گوڕتر دەبوو (ئەو جەنگە دەرهاوێشتەی زوڵم و پیلانەكەی “جەزائیر” بوو كە دەرهەق بە شۆڕشی ئەیلوول و میللەتی كورد بەگشتی كرا)، بۆ دامركاندنەوەی ئەو رق و كینەیە لە بەرامبەر شكستە سەربازیی و هەڵە سیاسییەكانی كە رووبەڕووی ببوونەوە، رژێمی بەعس بیری لە بە جێگەیاندنی تاوانێكی گەورە كردووەوە ئەویش جینۆساید كردنی گەلی كورد و لەنێویشیاندا خەڵكە بارزانییەكان بوو. بۆ ئەم مەبەستە بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە 31/7/1983، ڕژێم بە ژمارەیەكی زۆر لە تانك و زرێپۆش و هێزی تایبەتی سەربازییەوە، ئابڵۆقەیەكی تەواوی ئەو ئوردوگایانەیدا كە بارزانییەكانی لێ نیشتەجێ كردبوون و، سەرجەم رێگاكانی داخست تا بە هیچ جۆرێك بواری ڕزگار بوون بۆ كەس نەمێنێتەوە هەر بۆیە (چەند ڕۆژێك پێش ئەو بەروارە، رژێم چاودێریەكی توندی خستبووە سەر ئەو ئۆردوگایانە و، خەڵكەكە هەستی كردبوو رژێم خەریكی ئەنجام دانی تاوانێكی ترسناك و مەترسیدارە لە هەمبەریاندا). سپێدەیەك لەگەڵ خۆر هەڵاتندا دەستیان كرد بە رەشبگیریەكی بێ وێنە هەر لە تەمەنی سێزدە ساڵییەوە بگرە تا دەگاتە پیاوی زۆر بەتەمەن و پیر و پەككەوتە و تەنانەت مرۆڤی ناكامیش لەم كردارە نامرۆڤانەیە ڕزگاریان نەبوو، ئەو هێزانە بە ناو ئۆردوگاكان پەرش و بڵاو ببوونەوە، ماڵ بە ماڵ و ژوور بە ژوور دەگەڕان و هەتا كەل و پەلی خەوتنیشیان دەپشكنی (چونكە فەرمانی بەرپرسەكانیان وابوو كە كەس لە دەستیان قورتار نەبێت)، پڕۆسەكە وەها بە بەرنامە و پلانی پشكنینەوە داڕێژرا بوو كە ژمارەیەكی یەكجار كەم و لە بارودۆخی ئەفسوناوی دا نەبێت، ئەگینا كەس لە دەستیان رزگار نەبوو. هەر یەكێكیان دەستگیربكردایە بە ئۆتۆمبێڵی تایبەتی سەربازی راپێچ دەكرایە ناو پاسی گەورە كە لەسەر جادەی گشتی هەولێر- كەركووك ئامادە كرابوون و هەموو دەورووبەریان پەردەپۆش كرابوو، پاڕانەوە و نزای دایك و خوشكی ئەو قوربانیانە بۆ ئەوەی برایەكی مێردمنداڵیان یان باوكێكی پەككەوتەیان راپێچ نەكەن، هیچ كاریگەریەكی نەبوو بەسەر دڵە ڕەقەكانی ئەو تاوانبارانە. رەشبگیری گەورە لەو بەروارەی سەرەوەدا ئەنجامدرا، بەڵام چەند ڕۆژێك پاش ئەو بەروارە پڕۆسەكە هەر بەردەوام بوو بە پشكنینی ئەو ئۆردوگایانە تا ئەوانەی ماون و رزگاریان بووە بە دەردی ئەوانی تر ببەن، بە تایبەتی لە ئۆردوگای (بەحركە و هەریر و دیانا)، لە ئاكامدا (8000) مرۆڤی كوردیان جینۆساید كرد. ئەو ڕۆژە بۆ ئێمەومانان وەكو رۆژی حەشر وابوو، باوك و برا و كەسوكارمان بێ سەروشوێن كران و لە ناو رۆژگارێكی وا تاریك دا جێیان هێشتین، مەگەر ئەوانەی لە ناو ئەو دۆزەخەدا ژیا بن بتوانن وەسفی بكەن، ڕژێم بەوەش نەوەستا و دەستی كرد بە بڕینی كارەبا و ئاو لە سەر خێزانی ئەو جینۆسایدكراوانە، تا دەهات ژیان بۆ ئەو خێزانانە سەخت تر دەبوو، ناچار بووین (ئافرەت و مێردمنداڵ) دەستمان دایە كاركردن و پەیدا كردنی بژێوی ژیانی رۆژانەمان تا بژین، چ ژیانێك ژیانێكی پڕ لە دەردەسەری و مەینەتی، ژمارەیەكی زۆر ڕوومان لە شاری هەولێر كرد (پاش ئەستەم بوونی ژیان لەو ئۆردوگایانە كە وەكو تارمایی و زیندان دەهاتنە بەرچاو، بەهۆی فشار و ئازار و ئەزیەتدانی بەردەوامی ڕژێم و لە ترسی ئەوەی مێردمنداڵەكانیش وەك باوك و براكانیان بێ سەروشوێن بكرێن). ئەوەی دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە نابێت رۆڵی كوردپەروەرانەی خەڵكی بە ئەمەكی شاری هەولێری خۆشەویست و دەوروبەری لە بیر بكرێت كە ئەوپەڕی هەڵوێستی كوردپەروەری و جوامێری و مێرخاسیان نواند بەرامبەر خێزانە بارزانییەكان لەو سەردەمەدا، كە لەلای ئێمە هەمیشە جێگای ڕێز و ستایش و پێزانینە. كاریگەری ئەو تاوانە بەسەر ڕەوتی ژیانی ئەو خەڵكە چەند زۆر بوو ، بەڵام چاوەڕوانی دەیان ساڵەی ئەو خێزانانە و نە بڕانی ئومێد بە گەڕانەوەی كەس و كاریان ، گاریكەریەكی زیاتری هەبوو بە تایبەتی لە ڕووی كۆمەڵایەتیەوە. جیهان بە گشتی و وڵاتە (موسڵمانەكان) بە تایبەتی ، بە چاوپۆشی كردنیان لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، ڕێگایان بۆ ڕژێمی بەعس خۆش كرد تا تاوانی دڕندانە تر دژی كورد ئەنجام بدات، كە كۆمەڵێك پرۆسەی بەدناوی تری (ئەنفال) دژی میللەتی كورد بەدوادا هات ، بەڵام نەك تەنها دژی پیاوان ، بەڵكو منداڵ و ئافرەتیشی گرتەوە و گەیشتە ڕادەی بە كارهێنانی چەكی كیمیایی قەدەغەكراو. ڕۆژی 17/9/2005 توانرا ڕوفاتی زیاتر لە ( 500) كەس لەو بارزانیە جینۆسایدكراوانە لە بیابانەكانی عێراق بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان لە (بارزان) ی (لانەی شێران) ولە گردی (ملە درێژ) لە ڕێورەسمێكی شكۆدار دا بە خاك سپێردران. ئێمەی ( كەسوكاری جنۆسایدكراوە بارزانیەكان ) چەندە فرمێسكی حەسرەتمان بە چاودا دەهاتە خوارەوە ، ئەوەندەش فرمێسكی خۆشیمان دەڕشت كە بینیمان پاش (22) ساڵ ڕوفاتی هەندێكیان گەیشتەوە خاكی كوردستان، و منەتباری جەنابی (سەرۆك بارزانی) ین كە هەوڵ و رەنجێكی زۆری كێشا لەم پێناوەدا و بەڵێنیدا كە ئەو هەوڵ و بە دواداچوونە بەردەوام بێت تا ڕوفاتی هەموو ئەنفالكراوەكان لە سەر تا سەری كوردستان بۆ خاكی پیرۆزی وڵات بگەڕێنرێنەوە. كارەساتی ئەنفال چەندە لە ناوبردنی فیزیكی بوو دژی میللەتی كورد ، زیاتریش ڕووخاندنی دەروون و كەسایەتی تاكی كورد بوو ، كە ڕەنگە ئاسەوار و كاریگەریەكانی تا چەند نەوەیەكی تر بمێنێت. سەرانی ڕژێمی بەعس گەیشتنە سزای خۆیان ( لەسەر كەیسێكی تر ، كە كەیسی جینۆساید و ئەنفال و هەڵەبجە، زۆر لەو كەیسە گەورەتر بوو) ، بەڵام خۆزگە ڕێوڕەسمی دادگاییەكە و لەسەر ئەو كەیسە دژ بە مرۆڤایەتیانە، لە سەر خاكی كوردستان بەڕێوە دەچوو كە تا دوێنێ لەسەر دەستی ئەو ڕژێمە سووتماك و خاپور دەكرا.
❊ كوڕی یەكێك لە جینۆساید كراوە بارزانیەكان.









