كاروان محەمەد سینۆ
بارزانییەكان كەسانێكن ناسراو ترن لەوەی لە چەند دێرێكدا بیانناسێنم، هەركاتێكی ناوی ئەو جوامێرانە دەبیسترێ، دەمودەست لەو چركە ساتەدا بیبلۆگرافیا زیاتر لەسەدەیەك شۆڕش و خەبات و قوربانیدان بە ئەندێشەی بیسەردا تێدەپەڕێت. تەنانەت ناوی بارزانی ببووە ناسنامەی كورد لە سەرانسەری جیهاندا. لێرەدا لە 36 ساڵەی ئەنفال كردنی بارزانییەكان، دەخوازم بەخێرایی سەرەتای سەرهەڵدانی خەبات و قوربانیدانی بارزانییەكان بخەمەروو كە زیاتر لە سەدەیەكە ئەم جوامێرانە خەبات و قوربانی دەبەخشن لەپێناو ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆی میللەتی كورد و تەواوی خەڵكی كوردستان. لە ساڵی 1872 پاش ئەوەی باوكی وەفات دەكات، جەنابی شێخ محەمەد شێخ عەبدلسەلام سەرپەرشتی تەكیەی بارزان دەكات. شێخ محەمەد مرۆڤێكی زانابوو لە كارووباری ئاینی و دونیایی، مرۆڤێكی زاهید و تەقوادار بوو، عادیل و دادپەروەر بوو، لەگەل ئەوەی ڕابەرێكی ئاینی پاك و پاراو بوو، هەروەها ڕابەرێكی كۆمەڵایەتی و دادپەروەربوو. لەسەر دەمی ئەودا تەكیەی بارزان لە سەرانسەری كوردستاندا ناوبانگی دەركردبوو لە زانست و ماف و دادپەروەی، بەڵكوو ببوە فریاد رەس وپەناگای مەزلوم و لێقەوماوان، وایلێهاتبوو خەڵكی دەڤەرەكە و دەوروبەر پەنایان بۆ تەكیەی بارزان و خودی جەنابی شێخ محەمەد دەهێنا بۆ ئەوەی ناعەدالەتی و زوڵمیان لەسەر لاببات و هاوكاری و پاڵپشتییان بكات و مافە زەوتكراوەكانیان بۆ بگەڕێنێتەوە. بەم شێوەیە ڕۆژ دوای رۆژ مورید و شوێنكەوتوانی تەكیەی بارزان و خودی جەنابی شێخ محەمەد ڕۆژدوای ڕۆژ لە زیاد بووندا بوو، ئەمەش بووە جێگای نیگەرانی چەند سەرۆك عەشیرەتێكی دەڤەرەكە كە وردەوەردە دەسەڵاتیان لە نێو خەڵكدا كەم دەبووەوە. بۆیە ئەم سەرۆك عەشیرەتانە سكاڵای خۆیان لەسەر جەنابی شێخ محەمەد بردە لای سوڵتانی عوسمانی، لە ئەنجامدا بەفەرمانی سوڵتانی عوسمانی جەنابی شێخ محەمەد بارزانی ڕادەگوێزرێتە شاری (بەدلیس) و لەوێ بۆ ماوەی ساڵێك زیندانی دەكرێ. ئەمەش بووە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایی لەلایەن خەڵكی ستەمدیدە و مەزڵوم و هەژار كە جەنابی شێخ پشت و پەنای ئەوان بوو. بۆیە دەتوانین بڵێین سەرهەڵدانی خەبات و شۆڕش دژی داگیركەر و زاڵم و دوژمنان لەمێژووی نزیكدا لەم رۆژەوە دەستی پێكرد، ئیتر لەمەوپاش بارزان و بارزانییەكان بوونە پێشەنگ و سومبولی شۆڕش و خەبات و ڕاپەرین و بزاڤی رزگاری خوازی كورد. پاش وەفاتی شێخ محەمەد، جەنابی شێخ عەبدلسەلام (شیخ عەبدلسەلامی دووەم) كوڕی شێخ محمەد بارزانی، وەكو سەركردەیەكی نیشتیمان پەروەر و ڕابەری تەكیەی بارزان بەدەركەوت. وێرای ئەوەی شێخ عەبدلسەلام ڕابەری تەكیەی بارزان بوو، هەروەها سەركردەیەكی نیشتیمان پەروەر و سیاسەتمەدار و ئازادی خواز بوو، چەند عەشیرەتێكی دەوروبەر و خەڵكی دەڤەرەكەی لەژێر دەسەڵاتی تەكیەی بارزاندا رێكخست و چەندی چاكسازی مولكایەتی و كشتوكاڵی و یەكسانی و دادوەری و كۆمەڵایەتی لەم دەڤەرەدا پەیڕەوكرد. ئەمەش هەوێنی دروستكردنی دەوڵەت و حوكمڕانی و سەركردایەتی و شۆڕش بوو. پاش ئەوەی شێخ عەبدلسەلام داوای ماف و حوكمڕانی ئیداری دەڤەرەكەی دەكات، سوڵتانی عوسمانی ئەمە بە لادان و سەربەخۆیی لەقەڵەم دەدات و لەساڵی 1907 بەفەرماندەیی (محەمەد فازل پاشا داغستانی) هێڕشێكی بەرفراوان دەكاتە سەر دەڤەری بارزان و تەڕو وشك پێكەوە دەستوتێنن و ژن و منداڵ و پیرو پەككەوتەكان زیندانی دەكان،پاش بەرگریێكی جوامێرانەی بارزانییەكان، شێخ عەبدلسەلام رزگار دەبێت،لەم هێڕشەی عوسمانییەكان جەنابی مەلامستەفای بارزانی لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ دایكی لە موسڵ زیندانی دەكرێن. ساڵی 1908 دووبارە شێخ عەبدلسەلام هێڕش دەكاتەوە سەر سوپای عوسمانی لە دەڤەری بارزان و سەركەوتنێكی گەورە بەدەست دێنیت و زیانێكی زۆر بە سوپای عوسمانی دەگەینێ، لەئەنجام حكومەتی عوسمانی داوای دانوستان لە شێخ عەبدلسەلام دەكات. دواتر لە ساڵی 1913 دووبارە سوپای عوسمانی هێرش دەكەنەوە سەر بارزان بۆ دەستگیر كردنی عەبدلسەلام. دواتر بە خیانەت شێخ عەبدلسەلام لە گوندی (گەنگەجین/رۆژهەڵاتی كوردستان) دەستگیر دەكرێ و ڕادەستی دەوڵەتی عوسمانی دەكرێ، دواتر لەسێدارە دەدرێ. ئینجا لەتەمەنی 18 ساڵیدا جەنابی شێخ ئەحمەد بارزانی سەركردایەتی تەكیە و بزوتنەوەی بارزان دەكات و لە ساڵی 1919 شێخ ئەحمەد بارزانی هێزێكی چەكدار بەسەركردایەتی مەلامستەفا بارزانی بۆ بەهاناچوونی شۆڕش شێخ مەحمودی حەفید دەنێرێت. لە ساڵی 9/12/1931 لەژێر بردومنی فڕوكەجەنگییەكانی ئینگلیز، عەقید (برقی بەگ) خۆی و سوپاكەی هێڕشیان كردە سەر گوندی (بارزان) بۆ دەستگیر كردنی شێخ ئەحمەد، بەڵام دوژمن شكستی هێنا و پاشەكشەیان كرد. لەساڵی 19/3/1932 دیسانەوە سوپای عێراق بەپاڵپشتی فرۆكە جەنگییەكانی ئینگلیز هێڕشیان كردە سەر گوندی بارزان و بەچڕ بردوومان كرا. لەساڵی 17/7/1943 لە شاری سلێمانی مەلامستەفا بارزانی بەهاوكاری حزبی “هیوا”لە زیندان دەرهێنرا و روویكردە رۆژهەڵاتی كوردستان شاری(شنۆ)، لەوێوە مەلامستەفا بارزانی لەگەڵ 30 پێشمەرگە رووی كردەوە دەڤەری بارزانی و دەستیكردەوە بە خەبات و شۆڕش، ئەم جارە شۆرشی بارزان (1943-1945) بەردەوام بوو. دواتر مەلامستەفا بارزانی بەشداری كرد لە ڕاگەیاندی كۆماری كوردستان لە مهاباد (1946). پاشان بۆماوەی 11 ساڵ بارزانی و زیاتر لە (500) پێشمەرگە ئاوارەی یەكێتی سۆڤیەت بوون. لە ساڵی 1958 بارزانی و هەڤاڵانی وەكو پاڵەوانانی نیشتیمان پەروەر گەڕانەوە عێراق و كوردستان. لە ساڵی 1961 مەلامستەفا بارزانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول جۆش دەدەدا و لە 11ی ئازاری 1970 مافی ئۆتۆنۆمی و خۆ بەرێوەبردن بۆ كوردستانی باشوور بەدەست هێنا و مافی كوردی لە نێو دەستوری عێراقدا چەسپاند. پاش وەفاتكردنی جەنابی مەلامستەفا بارزانی، لە 26 گوڵانی 1976 جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و كاكە ئیدریسی هەمیشەلەیاد، شۆڕشی گوڵانیان جۆشدا وەك درێژەپێدەری شۆڕی ئەیلوول، ئینجا لە ئەنجامدا ڕاپەڕینەمەزنەكەی 1991 بووە بەرهەمی هەموو ئەم خەبات و شۆڕشانەی بنەماڵەی بارزانی، ئینجا حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان دامەزارا، دواترلە 25/ئەیلوولی 2017 لە پڕوسەی ریفراندۆمی سەرەبەخۆیی كوردستاندا تێكڕای خەڵكی كوردستان بڕیاریاندا “بەڵێ” ئێمە دەخوازین سەبەرخۆ بژین. خەباتی بارزانی و بارزانییەكان لەماوەی زیاتر لە سەدەیەك،هەڵبەت خاڵی نەبووە لە فرمێسك و ڕاوەدوونان و قوربانیدان و شەهادەت و كیمیاباران و ئەنفال و لەسێدارەدان و زیندەبەچاڵكردن و … هەرجۆر مەرگەساتێك كە هەییە. ماوە بەشێنەیی بڵێم.. بەڵێ بارزانییەكان كوژران و لەسێدارەدران و ئەنفال كران و زیندەبەچاڵ كران و مردن.. بەڵام مردنی و شەهید بوون و ئەنفال كردنی بارزانییەكان ژیان و مانەوەیان بە تەوای خەڵكی كوردستان بەخشی. بەڵێ بارزانییەكان مردن بۆ ئەوەی كورد و تەواوی خەڵكی كوردستان بژین، قەدەر وای خواستووە كە مردنی بارزانییەكان ژیان ببەخشێ بە تەواوی میللەتێك. بۆیە لێرەدا لەیادی 36 ساڵەی ئەنفالكردنی بارزانییەكان. سەری رێزونوازش بۆ هەر خوشكێكی بارزانی دەنوێنم كە چەندین ساڵ چاوەڕوانی گەڕانەوەی براكەی بووە. سەری رێزونوازش بۆ هەر بوكێكی پاكیزە دەنوێنم كە چەندین ساڵ چاوەڕوانی گەڕانەوەی زاواكەی بووە. سەر رێزونوازش بۆ هەر دایكێك دەنوێنم كە چەندین ساڵ چاوەڕوانی گەڕانەوەی كوڕەتاقانەكەی و پیاوەكەی و برا و برازا و ئامۆزا و خوارزاكانی بووە. پێویستە مێژوو خەبات و شۆڕشەكانی بارزانی و بارزانییەكان بە ئاڵتوون بنوسێ و هەرگیز لەیاد نەكرێن. سەربەرزی و سەرفەرازی بۆ بارزانییە ئەنفالكراوەكان و تەواوی كوردی ئەنفال كراو لە بادینان و گەرمیان و خۆشناوەتی و هەر دەڤەرێكی دیكەی كوردستان. رێز و پێزانین بۆ خەباتی دوورو درێژی بنەماڵەی سەربەرزی بارزان.










