خەبات-ساسان دەروێش
لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دنیا، باخچەی لاپەڕەكانی مێژووی خۆیان بە گوڵی رەنگاوڕەنگی كەسایەتییەكانیان دەڕازێننەوە و بۆن و بەرامیان لە كار و كردەوەكانیان و خزمەتەكانیان بۆ نەتەوە و نیشتیمان دەكەنە دیاری نەوەكانی دوای خۆیان. شەقام و كۆڵان و گۆڕەپانە سەرەكییەكان دەكەنە ناویان و پەیكەری جوانیان بۆ دادەنێن بۆ ئەوەی لەبەر چاوان بن تا لە بیر نەكرێن و لە خاوەندارێتی بنەماڵەوە دەبنە موڵكی گشتی و ساڵانەش گەنجان و لاوانی وڵات، تاجەگوڵینەی رێزگرتنیان بۆ دادەنێن لەپای گەورەیی و خزمەتەكانیان.
ئێمەی نەتەوەی كوردیش بەدەرنین لە كەسایەتیی گەورەی نیشتمانپەروەر و خۆنەویست و خزمەتكاری گەلی خۆیان، یەكێك لەو گوڵە گەشاوانەی باخچەی لاپەڕەكانی مێژووی كوردستان، پڕۆفیسۆر دكتۆر جەمال نەبەزە، وەك قەڵەمێكی خۆشڕەوان بۆ زمان و ئەدەبیاتی كوردی، لە چەند رۆژێكی رابردوودا لە شاری سلێمانی لەنێو حەوشەی هۆتێل فەرەح لەنێو بازاڕی شاردا بە ئامادەبوونی بەشێكی بەرچاو لە هاوبیران و دۆستان و رۆشنبیران و خەڵكی شار لە مەراسیمێكی شایستەدا لە 27ی تەمموزی 2019 رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیكەری زانای نێوداری كورد پڕۆفیسۆر جەمال نەبەز لادرا، كە تیایدا لەلایەن ئامادەكاری رێوڕەسمەكە دەوەن مەعروف، گوتارێكی پێشكەشكرد و لە گرنگی پەیكەرەكە و شوێنەكە دوا.
دواتر لەلایەن خوشكی جەمال نەبەز و چەند كەسایەتییەكی ئامادەبوو، پەردەكە لە ڕووی لادرا و لە كۆتایشدا خاتوو نیعمەت تۆفیق لە گوتەیەكدا وەك سوپاسی ئامادەبووانی كرد و گوتی ئاخری خەمی كوردستان بێ و هەر جەمال نەبەزیان لەبیر بێت، ئەوەی شایانی باسە پەیكەرەكە بە دەست و پەنجەی رەنگینی هونەرمەندی پەیكەرسازی بە توانا و ئەزمووندار چینەر نزار دروستكراوە و خاتوو نیعمەت تۆفیق خوشكی جەمال نەبەز، ئەركی خەرجی جێبەجێكردنی گرتووەتە ئەستۆی خۆی و لەلایەن نووسەر و رۆشنبیری گەنج و دۆستی نزیكی جەمال نەبەز و خانەوادەكەیان دەوەن مەعروف وەك هەڵسوڕاوێكی نێو ئەم ئامادەكارییە دیار بوو، بۆ زانیاریش هۆتێل فەرەج كە پەیكەرەكەی لە ئامێزی خۆی گرت، دیاری و موڵكی بنەماڵەی رەوانشاد مامۆستا جەمال نەبەز و سەرجەم خوشكەكانی بوو بۆ شاری سلێمانی كە بكرێت بە مۆزەخانەی كەلەپوری لە سلێمانی و لە ساڵی 2006 ئەم دیارییەیان پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی كرد، ئەمەش یەكێكە لە دیارییە جوانەكانیانە بۆ شاری سلێمانی لەگەل ئەو خانووەی كە لە نزیكی ئەسحابە سپییە و لە نۆژەنكردنەوەیدان بۆ بوونی بە مۆزەخانەیەكی نیشتمانی و هەڵگری بەها پیرۆزەكانی مامۆستا جەمال نەبەز بێت.
جەمال نەبەز لە رۆژی 8ی مانگی 12 ساڵی رابردوو لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە شاری بەرلین پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد و لە رۆژی 22ی هەمان مانگدا تەرمەكەی گەڕێندرایەوە شاری سلێمانی و لە گردی شێخ مارف بە خاكی پیرۆزی كوردستان سپێردرا.
لە كۆتایشدا جێگای خۆیەتی سوپاسێكی پێ پایانی نووسەری گەنج و لێهاتوو دەوەن مەعروف بكەم كە ئەم ساڵ لە مانگی نیسان كە بۆ یادی 60 ساڵەی بە ئاشكرا دەرچوونی رۆژنامەی خەبات گەڕابوومەوە بۆ كوردستان و دەرفەتێكی پڕ لە بەهای بۆ خۆم و زانیار سەردار قڕگەیی نووسەر و رۆژنامەنووس سازكردین بۆ دیدەنیكردنمان بۆ لای خاتوو نیعمەت خوشكی رەوانشاد جەمال نەبەز و دواتر ئەو خانووەی نیشانداین كە رەوانشاد جەمال نەبەزی تیایدا ژیاوە و كاژیكنامەی تیایدا نووسیوە، لە داهاتوویەكی نزیكیشدا دكرێتە مۆزەخانە، هەروەها هەموومان سەردانی مەزارگاكەیمان كرد لە گۆڕستانی شێخ مارف و رۆحمیان شاد كرد بە دانانی گوڵ بۆ رۆحی پاكی ئەو گەورە نووسەر و رۆشنبیرەی كورد.










