مافپەروەر:جەواد مستەفا ستوپەیی
جۆرەكانی دەستوور
لەڕووی هەموار كردنەوەوە:
دەكرێت دەستووری هەر ولاتێك بەپێی گۆڕانكاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان و بە پێی بەرژەوەندی گشتی وڵات هەموار بكرێت، بەڵام هەر وڵاتێك بە رێگای جیاواز. بەگشتی جۆرەكانی دەستوور لە رووی هەمواركردنەوەوە دابەش دەكرێن بو دوو جۆر، دەستووری نەرم و دەستووری بەستەلەك. ئەو دەستوورانەی شێوازی هەمواركردنیان سەختە دەستووری بەستەلەكن، هەروەها ئەو دەستوورانەی شێوازی هەمواركردنیان ئاسانە دەستووری نەرمن. لە دەستووری هەر ولاتێكدا چۆنیەتی شێوازی هەموار كردن و ئەو دەسەڵاتەی دەستوور هەموار دەكات دیاری كراون.
دەستووری هەندێك وڵات دەسەڵاتی هەمواركردنی دەستووری داوەتە دەسەڵاتی یاسادانان یان داویەتیە ئەنجوومەنی دامەزرێنەری دەستوور یان راپرسی گەڵ، كە لە هەر یەكێك لەم شێوازانەدا بە رێوشوێنی جیاواز و تایبەت ئەنجام دەدرێت.
دەستوور لە رووی نوسینەوەوە دوو جۆرە دەستوری نوسراو و دەستووری نەنووسراو (نەریتی)، بەزوری دەستوورە نووسراوەكان دەستووری بەستەلەكن، بەڵام دەستووری نەنووسراو(نەریتی) هەموویان دەستووری نەرمن دەسەڵاتی یاسادانان دەتوانێت بەهەمان شێوازی دەركردنی یاسا ئاساییەكان دەستووری نەرم هەموار بكات. هەروەها دەكرێت دەستووری نەریتی بە نەریتێكیتری دەستووری هەموار بكرێت. لەبەر گرنگی بابەتەكە لە رووی هەموار كردنەوە باسی هەردوو جوری دەستووری نەرم و بەستەلەك دەكەین:
یەكەم: دەستووری نەرم:
دەستوری نەرم بریتییە لەو دەستوورانەی مادە و برگەكانی بە هەمان رێگای هەموار كردنی یاسا ئاساییەكان هەموار دەكرێن یان لادەبرێن، كەواتە دەسەلاتی هەموار كردنی دەستووری نەرم بە پێی بنەماكانی دەستوور بریتییە لە دەسەڵاتی یاسادانان. دەستووری نەریتیش بریتییە لە دەستووری نەرم، بونمونە وڵاتی بەریتانیا كە پێشكەوتووترین دەستووری نەریتیان هەیە دەسەڵاتی هەموار كردنی دایتە پەرلەمان. كەواتە نەك تەنیا دەستوورەكانی نەریتی بەلكو دەستووری نووسرویش ئەوانەی مەرجی توندیان بو هەموار كردن و كوتایی پێهێنان دانەنراون دەستووری نەرمن، واتە پەرلەمان هاوشێوەی دەركردنی یاسا ئاساییەكان دەتوانێت دەستووری نەرم هەموار بكات. بو نمونە وەك دەستووری ئیتالیای سالی 1948، و دەستووری یەكێتی سوڤیەتی ساڵی 1918، و دەستووری ئیرلەندای ساڵی 1922 و دەستووری فەرەنسای ساڵی 1814 . لەبەر ئەوەی دەستووری نەرم بە دەركردنی یاسای ئاسای هەموار دەكرێت كەواتە یاسای ئاسایی هەمان هێزی یاسایی دەستووری نەرمی هەیە، بە پێچەوانەشەوە دەستووری نەرمیش هەمان هێزی یاسا ئاساییەكانی هەیە.
هەندێك لە زاناكان پێیان وایە دەستووری نەرم زور باشترە، چونكە بە ئاسانی هەموار دەكرێت بەبێ ئەنجامدانی رێوشوێنی سەخت و وڵاتیش لە شورش و كودەتا دەپارێزێت، بەڵام رای زوربەی زاناكان پێچەوانەی ئەم رایەیە و ئەوان دەستووری بەستەلەكیان پێ باشتر و گونجاوترە، چونكە هەر پارتێك زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست هێنا ناتوانێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و بە پێی بەرژەوەندی حزبی خۆی دەستوور هەموار بكات.
سەرەرای ئەوەی دەستووری وڵاتانی فیدرالی و دەستووری هەرێمەكانی دەبێت بەستەلەك بێت. ئەگەر سەیری بارودۆخی سیاسی و كۆمەلایەتی هەرێمی كوردستان بكەین نابێت دەستووری هەرێمی كوردستان دەستووری نەرم بێت، لەبەر چەند هۆكارێك: چونكە لە هەموو وڵاتانی فیدرالی دەبێت دەستووری فیدرالی و هەرێمەكان دەستووری بەستەلەك بێت، لەبەر ئەوەی دەستووری نەرم دەكەوێتە ژێر رەحمەتی ململانێی لایەنە سیاسییەكان لەبەر بەرژەوەندی حزبی خۆیان بەرژەوەندی گشتی هەرێم بن پێ دەخەن و دەبێتە هۆی دروست بوونی قەیرانی زیاتر، لەلایەكیترەوە هەوڵ بو دروستكردنی هاوپەیمانیەتی سیاسی دەدرێت بۆ ئەوەی بە زۆرینەی ناو پەرلەمان بتوانن دەستوور لە بەرژەوەندی حزبی خۆیاندا هەموار بكەن بەبێ رەچاو كردنی بەرژەوەندی گشتی هەرێم. بەگشتی دەستووری نەرم هیچ سەروەرییەكی شكلی نییە، بەلكو تەنها لە رووی ناوەرۆك و بابەتییەوە سەروەری خۆی بەسەر یاسا ئاساییەكاندا هەیە.
دووەم: دەستووری بەستەلەك: دەستووری بەسەلەك ئەو دەستوورانەن كە مەرجی توندیان داناوە بو لابردن و هەموار كردنی دەقەكانی، واتە ئەو رێ وشوێنانەی بەكار دێن بو هەموار كردنی دەستووری بەستەلەك زور سەختترن لە هەموار كردنی یاسا ئاساییەكان.
دەستووری هەر وڵاتێك شێوازی هەموار كردن یان كوتایی پێ هێنان لە ناو دەقەكانی دەستووردا دیاری دەكات. هەموار كردنی دەستوری بەستەلەك لە دەستووری وڵاتێك بو وڵاتێكیتر جیاوازە. دەستووری هەندێك وڵات دەسەڵاتی هەموار كردنی دەستووری دایتە هەردوو ئەنجومەنی یاسادانان، بەڵام دەبێت رەزامەندی رێژەیەكی دیای كراوی هەریەك لەم دوو ئەنجومەنە لەسەر بێت. لە دەستووری هەندێك وڵاتیشدا دەسەڵاتی هەموار كردنی دەستووری بەستەلەكی دایتە
ئەنجومەنی دامەزرێنەر واتە پێویستە ئەنجومەنێك لە پسپۆرانی بواری یاسای دەستووری دامەزرێت، تەنها كارەكەی تایبەت دەبێت بە هەموار كردنی دەستوور. دەستووری هەندێك ولاتیش دەسەلاتی هەموار كردنی دەستووری دایتە راپرسی گەڵ، لەم شێوازەدا دەسەلاتی یاسادانان یان ئەنجومەنی دامەزرێنەر پرۆژە یاسای هەموار كردن ئامادە دەكات و دواتر لە راپرسییەكی گشتیدا رای گەڵ لەسەری وەردەگیرێت. زاناكانی بواری یاسای دەستووری بەم شێوەیە باس لە بەستەلەكی دەستوور دەكەن:
یەكەم: بەستەلەكی رەها: هەموو زاناكان كۆكن لەسەر ئەوەی كە بە شێوەیەكی رەها قەدەغە بكرێت دەستوور هەموار بكرێت، چونكە ئەم شێوازە لە رووی پراكتیكەوە شێوازێكی هەڵەیە و مەحالە جێبەجێ بكرێت، لەبەر ئەم هۆكارانە:
ا- دژە لەگەڵ واقعی عمەلی. ب- هیچ مەشروعیەتێكی یاسایی نییە.
چونكە بەستەلەكی رەها لەگەڵ گۆرانكاری و پێشكەوتنی باری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتان ناگونجێت و لە روویەكیترەوە ئەم شێوازە وا لە نەوەكانمان دەكات كە تەنها بیر لە رابردوو بكەنەوە نەك ئایندەی خۆیان.
بەڵام دەكرێت لە رووی كات و لە رووی بابەتییەوە بەستەلەكی دەستوور رێژەیی بێت.
بەستەلەكی رێژەیی بابەتی: لەم شێوازەدا خودی دەستوور بەرگری لە هەندێك مادەی دیاریكراو دەكات. بونمونە دەستووری زور وڵاتان دەڵێت: نابێت شێوازی دەولەت لە كۆمارییەوە هەموار بكرێت، وەك دەستووری فەرەنسای ساڵی 1946 وە دەستووری پرتوگالی ساڵی 1911 و دەستووری ئیتالیای ساڵی 1947دا هاتوو نابێت شێوازی ولات لە كۆمارییەوە بیگۆرێت. دەستووری وڵاتی مەغریبی ساڵی 1972 دەلێت نابێت شێوازی دەولەت لە پادشایەتییەوە بیگۆرێت. هەروەها لە مادەیەكیتردا دەڵێت ئەو مادانەی تایبەتن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام نابێت هەموار بكرێن. هەروەها لە دەستووری كوێتی ساڵی 1962دا دەڵێت نابێت ئەو مادانە هەموار بكرێن كە تایبەتن بە شێوازی ئەمیری وە ئەو مادانەش كە تایبەتن بە بنەماكانی ئازادی و یەكسانی هەموار بكرێت.
بەستەلەكی رێژەی لە رووی كاتەوە: دەستووری زور ولاتان قەدەغەی كردووە دەستوور بەگشتی یاخود هەندێك مادەی دیاریكراو تا ماوەیەكی دیاریكراو هەموار بكرێن. وەك لە دەستووری ئەمریكای ساڵی 1787 دا دەڵێت نابێت هەندێك مادەی دیاریكراو تا ساڵی 1808 هەموار بكرێن. هەروەها لە دەستووری فەرەنسای ساڵی 1946 دا هاتووە نابێت ئەم دەستوورە هەموار بكرێت تا هێزی دەرەكی لە ناو هەرێمێك یان بەشێكی ئەم ولاتەدا مابێت. هەروەها لەمادەی 174ی دەستووری كوێتیدا هاتووە نابێت ئەم دەستوورە تا پێنج ساڵ هەموار بكرێت.










