خەبات- تریفە ئازاد:
لە ئێستادا كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە جێبەجێكردنی كارنامەی خۆی كردووە، بێگومان چاكسازی و خزمەتگوزای و پێشڤەبردنی ئاستی بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستان و پێشخستنی سێكتەرە جیاجیاكانی جومگەكانی حكوومەت كاری لەپێشینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت. هەڵبەت هەماهەنگی نێوان حكوومەت و هاووڵاتیان و فەرمانبەران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەبێتە ئەگەری سەركەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی كارنامەی خۆی كە لەسەرەتای دەستبەكاربوونی حكوومەت رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت رایگەیاند. بۆ ئەم مەبەستە رۆژنامەی خەبات لە پەراوێزی جێ بەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵدەدات لە تەوەرێكی ئاڵوگۆڕی بیرورادا، بیروبۆچوونی شارەزایان و پسۆری سێكتەری جیاجیاكان وەرگرێت وەك هاوكاری و بەشداربوون لە جێبەجێ كردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بۆ بەرەو پێشچوونی ئاستی خوێندنی باڵا پێویستە گرنگی بە كادیری ناوخۆیی بدرێت
گرنگی دان و بەرەو پێش بردنی ئاستی خوێندن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان یەكێكە بەرنامەی كاری داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژگار شێخانی مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی ئاداب لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: كابینەی نۆیەم دەتوانێت پەرە بە كایەی زانست و بواری خوێندنی باڵا بدات كە بەرلەهەموو شتێك لە رێگەی لیژنەیەكی زانستی كە لەكۆمەڵێك پسپۆڕ پێكهاتبن،پێداچوونەوە بە میتۆدەكانی خوێندن بكات، بە جۆرێك لەگەڵ پێشكەوتنی سەردەمدا بگونجێت و دەزگاو دامەزراوە زانستیەكانی ئێمەش شان بەشانی زانكۆ و دامەزراوەی زانستی پێشكەوتووی جیهان ئاشنا ببن بە میتۆدی زانستی تازە. هەروەها دەبێت گرنگی زیاتر بە كادیرانی ئەكادیمی نێوخۆی كوردستان بدرێت،مەبەستمە بڵێم لەماوەی دە بۆ پازدە ساڵی ڕابردوو، بەشێك لە زانكۆ ئەهلی و حكومیەكان ژمارەیەكی زۆری مامۆستاو ستافی وانەبێژی بیانیان هێنایە نێو زانكۆ، كەچی بەسەدان گەنجی كوردستان دوای تەواوكردنی ماستەر و دكتۆرا،بەگوڕوتینەوە هیواخوازبوون لەنێو زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان خزمەت بكەن، كەچی لەبەر پێویست نەبوون بە میلاك و توانایان، زۆربەیان ئێستا لە ئەداكردنی پیشەی خۆیان دوورن،ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی لە ئێستا و داهاتووی زانكۆ و پەیمانگاكانمان دەبێت،بۆیە پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا چارەسەرێك بۆ ئەو حاڵەتە بدۆزێتەوەو گرنگی بە كادیری ناوخۆیی بدات. خاڵێكیتر كە پێویستە بۆ پێشڤەچوونی پڕۆسەی خوێندنی باڵا، دروست كردنی كەمپ و شوێنی گونجاوە بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان بە تایبەت زانكۆی سەلاحەدین/هەولێر، كەبەڕاستی بەو شێوەی ئێستای بەشێك لە كۆلێژو پەیمانگاكان كە تێیدان پێشكەوتن بەدینایەت، تایبەت بەشێكی زۆری هۆڵەكانی وانەووتنەوە بۆ ئەو پڕۆسەیە گونجاو نین، بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێم، لەڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە هەنگاوی خێراو پێویست بگرێتەبەر بۆ چارەسەری ئەو بابەتە. خاڵێكیتر، دروست كردنی پەیوەندی زانستی نێوان زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان لەگەڵ دامەزراوە زانستیە پێشكەوتووەكانی جیهان،تا لەڕێگەیەوە سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگیرێت و توێژینەوەی زانستی هاوبەش ئەنجام بدەن. هەروەها پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو كۆسپ و لەمپەرانەی بەردەم خوێندنی قوتابیان هەڵبگرێت لە خوێندنی ماستەرو دكتۆرا،ئەویش بە لابردنی ئەو رێنماییانەی چوار ساڵی ڕابردووی وەزارەت تایبەت بە كاندیدانی ماستەر و دكتۆورا و خوازیارانی وەرگرتنی نازناوی زانستی، چونكە بەهۆی ئەو رێنماییانەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە خوێندن و وەرگرتنی نازناوی زانستی بێبەشن، ئەمەش بە زیانی پڕۆسەی خوێندنی باڵا تەواو دەبێت. وەك تێبینی دەكەین لەماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند جارێك سیستەمی وەرگرتنی قوتابیانی گۆڕیوە، ئەمەش بەجۆرێك لەجۆرەكان كاریگەری نێگەتیفی لەسەر پڕۆسەی خوێندنی زانكۆیی دروست كردووە، بۆیە ئەگەر بمانەوێ ئەو بوارە پێشكەوتوو بێت،ئەوا دەبێت وەزارەت سێستەمێكی جێگیر بۆ وەرگرتن و خوێندنی قوتابیان پەیڕەو بكات.
پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاودێریەكی زیاتر و تەواو بخاتە سەر زانكۆكان
د. محمد زراری مامۆستای زانكۆ لە بارەی كارنامەی هێڵە گشتیەكانی كابینەی نۆیەم بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: هەوڵی كۆمەڵگاكان بۆ گرنگیدان بە زانكۆكانیان وە نوێ بونەوەیان وەدەست گرتن بە هۆكاری بەهێزكردنیان و نیشانەی بەرە و پێشچونی ئەو كۆمەڵگایەیە. لێرەدا زانكۆكان رۆڵی سەرەكی خویان دەبینین وە دەیسەلمێنن كەوا چەندە كرنگن بۆ ئەو كۆمەڵگەیە. لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لەساڵێ 2003 وە باش بونی بارو گوزەرانی هاوڵاتیان لێشاوی گەڕانەوە بۆ سەر خوێندن دەستی پێكرد ساڵانە لە هەرێمی كوردستان دەیان هەزار كەس دەبنە خاوەن بڕوانامەی زانكۆیی چ لە زانكۆ حكومیەكان یان زانكۆ ئەهلیەكان. وەدەرچوونی ئەو ژمارە زۆرە و بونیان بە خاوەن بڕوانەی زانكۆیی لە ڕووی زانستی بەرە و پێش چۆن و وەرچەرخانێكی گەورەیە چونكە زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی كە خاوەن بڕوانامەی زانكۆیین ئاماژەیەكی ڕوون و ئاشكرایە لەسەر بەرەو پێشچوونی ئەو كۆمەڵگەیە وە پاڵنەرێكی بەهێزیشە بۆ ئەوەی كەوا ئەو كەسەی بوەتە خاوەنی بڕوانامە زیاتر گرنگی و پەرە بە تواناكانی بدات وە لەو ئاستەی كە هەیەتی نەوەستێت و ببێتە خاوەن بڕوانامەی بەرزتر. سەرەڕای هەبوونی تێبینی لەسەر هەندێك لەوانەی بوونەتە خاوەن بڕوانامەی زانكۆیی بەڵام لە ئاستی ئەو بڕوانامەیە نین كە بەداخەوە ئەوە زیاتر لە هەندێك لە زانكۆ ئەهلیكان بەدی ئەكرێت، هەرچەندە هەندێك زانكۆی ئەهلی باش و ئاست بەرزمان هەیە لەهەرێمی كوردستان. لێرەدا من بە پێویستی دەزانم كەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاودێریەكی زیاتر و تەواو بخاتە سەر ئەو زانكۆیانەی كەوا لەڕوی زانستی و كارگێڕی وە هەروەها لە رووی دانانی نمرە و ئامادەبونی قوتابیان، وە هەڵسەنگاندنی مامۆستاكان كە ئایە لەڕووی زانستی و زانیاری و بەرە و پێش چوون لە چ ئاستێكن كە بەداخەوە ئەو دیاردەیە هەستی پێ دەكرێت لە نێو هەندێك لە مامۆستایانی زانكۆ ئەهلیەكان بەتایبەت ئەو مامۆستایانەی كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاتونەتە زانكۆ ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان كە بەرژەوەندیان هەیە لەگەڵ هەندێك لە قوتبیەكانیان وە چاوپۆشیان لێ دەكەن لەڕووی ئامادە نەبونیان لە وانەكان و یاخود یارمەتی دانیان بۆ ئەوەی دەربچن تەنانەت هەندێك جار نمرەی وایان داوە بە هەندێك قوتابی ئەو قوتابیە بوە بە یەكەمی سەربەشی خۆی و هەوڵ و ماندوبونی قوتابیەكی تر بە فیڕۆ چوە و خەون و داهاتوی ئەو قوتابیە لە گۆڕنراوە. هەروەك ڕوون و ئاشكرایە هەبونی ئەو جۆرە مامۆستایانەش بەهۆی پێ نەدانی نازناوی زانستی بوو بە مامۆستاكانی خۆمان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا كە بوە هۆی دروستكردنی بۆشایی نەبوونی مامۆستای زانكۆ وە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە بەم جۆرە مامۆستایانە. وە ئەوەشمان بیر نەچێت زۆر لە دەرچوانی زانكۆ ئەهلیەكان لەڕوی توانای زانستی و پیشەیی لە ئاستێكی زۆر بەرزدان كە جێگای خۆشحاڵیە بەتایبەت لە بوارە زانستیەكانی وەك پزیشكی و ئەندازیاری و ژمێریاری كە ئەگەر بێت و بەراوردیان بكەین بە دەرچوانی زانكۆ حكومیەكان لەڕوی زانستی و لێهاتوویی هیچیان لە ئەوان كەمتر نیە. لە كۆتاییدابوونی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی خاوەن بڕوانامەی زانكۆیی لە هەرێمی كوردستان بەدڵنیاییەوە لایەنە باشەكانی زۆر زیاترن بەراورد بە لایەنی خراپی كە وەك لەپێشتر ئاماژەم پێدا هەندێك خاوەن بڕونامەی بێ زانست و زانیاریمان هەیە كە ئەوەش جێگای داخە بەڵام خۆشبەختانە ئەوانەی كەوا لەڕووی زانستی ئاستیان بەرزەو خاوەن لێهاتوییەكی باشن توانیویانە بارگرانیەكی گەورە لەسەر حكوومەت لابدەن لە ڕووی دابین كردنی كادری بەتوانا لە بوارە جیاجیاكان بەتایبەت مامۆستایانی زانكۆ.
پێویستە زانكۆ تایبەتییەكان تەنیا بیر سەرمایەكی زۆر نەكەنەوە بەڵكو گرنگی بە ئاستی زانستی بدەن
كاریگەری خوێندنی ئەهلی و چۆنیەتی چارەسەر كردنی كێشەكان لە كابینەی داهاتوو و لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات د. ئەرشد حاجی سدیق دكتۆرا لە ژمێریاری و كارگێری دارایی گوتی: سەرەتای دەركەوتنی زانكۆ تایبەتیەكان بەشێوەیەكی بەرچاو دەگەرێتەوە بۆ دووای ساڵی 2010 و دووای داخستنی كولێژەكانی خوێندنی ئێوارانی سەر بە زانكۆ حكومیەكان. لەسەرەتادا قوتابیان و تەنانەت ماموستایانی زانكۆش دژی ئەم بریارە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەستانەوە بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بڕیاری داخستن پاشگەز نەبوونەوە بە بیانووی هەنگاونان بۆ سیستەمی سەرمایەداری و ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان لە (فەرمانبەر و مامۆستایان) تا ڕادەیەكی باش توانیان هەلی كار بۆ چەندین هاوڵاتی دابین بكەن. یەكێكی تر لە بیانوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بریتی بوو لە هاوكاریكردنی حكوومەت و زانكۆ حكومیەكان لە لایەن زانكۆ تایبەتیەكان چونكە زانكۆەكانی حكومی ناتوانن رێژەیەكی زیاتر لە قوتابیان وەربگرن. بە بروای من لە سەرەتادا بەهۆی نەبوونی مامۆستای پێویست وە دووای شەڕی داعش كاتێك مامۆستایانی زانكۆەكانی خواروی عێراق ئاوارە بوون دەستیان كرد بە وانە وتنەوە لە زانكۆ تایبەتیەكان لە كوردستان ئاستی زانستی لە زانكۆ تایبەتیەكان كوالیتی باشیان نەبوو وە ئاستی زانستی قوتابیان دابەزی چونكە بەشێك لە مامۆستایانی ئاوارە مەبەستیان دابینكردنی بژێوی ژیان و خۆگونجاندنیان بوو لەگەڵ سیاسەتی زانكۆ تایبەتیەكان نەك پێشكەشكردنی زانست و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان ئەمەش بەسود بینین لەو بڕیارە سەیرو سەمەرانەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان بوو كە تەواو لە سودی ئەو مامۆستا ئاوارانەبوو و وە رێك لە دژی مامۆستا كانی هەرێمی كوردستان بوو بە بیانوی نەبونی توانستی زمان بێ بەش بوونە لە نازناوی زانستی. بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم و دوواكەوتنی موچە بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆ حكومیەكان دەستیانكرد بە وانە وتنەوە لە زانكۆ تایبەتیەكان ئەمەش ئاستی زانستی بە رادەیەكی بەرچاو بەرز كردەوە. لەلایەكی ترەوە نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان حكوومەت و كومپانیاكانی كەرتی تایبەتی لەگەڵ زانكۆ تایبەتیەكان لە پركردنەوەی خواستی بازاڕ لە ڕووی كادری مرۆی وای كردووە ژمارەیەكی زۆری دەرچووی زانكومان هەبێت و بێكار بن ئەمەش بوتە پاڵەپەستۆیەكی زۆر لەسەر حكوومەت بۆ دامەزراندنیان. خالێكی تر داخستنی خوێندنی ئێواران بوو لە زانكۆ حكومیەكان كە دەرفەتیان بۆ فەرمانبەرانی كوردستان كەمكردەووە تاوەكو درێژە بە خوێندن بدەن. لە لایەنی ئابووریش داخستنی خوێندنی ئێواران لە زانكۆ حكومیەكان و كردنەوەی زانكۆ تایبەتیەكان دەرفەتی خوێندنی بۆ چینی هەژاران كەم كردووە چونكە كرێی خوێندن زۆر بەرزە لە زانكۆ تایبەتیەكان بە بەراورد لەگەڵ كرێی خوێندنی ئێواران كە بەر لە ساڵی 2010 هەبوو لە زانكۆ حكومیەكان. سەرەرای لە دەستدانی داهاتی كرێی خوێندن لە لایەن زانكۆ حكومیەكان كە ساڵانە بە نزیكی سێ ملیار دینار دەخەملێنرا. سەبارەت بە كاریگەری خوێندن و دەرچووانی زانكۆ تایبەتیەكان لەسەر بەرەو بێشڤچوونی ئاستی خوێندنی باڵا ئەمە شتێكی چاوەڕوانەكراو بوو لە كاتی كردنەوەی خوێندنی بالا (ماستەر و دكتورا) لەكاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە ژمارەیەكی زۆر كەم لە دەرچووانی زانكۆ تایبەتیەكان توانیان نمرەی پێویست بەدەست بێنن و درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن ئەمەش نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر ئاستی زانستی زانكۆ تایبەتیەكان. پێویستە زانكۆ تایبەتیەكان تەنیا بیر لە وەرگرتنی ژمارەیەكی زۆر قوتابی و بەدەستهێنانی سەرمایەكی زۆر نەكەنەوە، سەرەرای بەدەستهێنانی سەرمایە بیر لە بەرز كردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان بكەنەوە سوود لە توانای مامۆستایانی كوردستان وەربگرن و هەماهەنگی دروست بكەن لەگەل زانكۆ حكومیەكانی كوردستان وە حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا بریاری كردنەوەی خوێندنی ئێواران بدەن لە زانكۆ حكومیەكان تاوەكو سەرچاوەیەكی تری داهات بو حكوومەت زیاد بێت و توێژی هەژاران و فەرمانبەران بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.
سهرهتا چاوپێكهوتن لە پەراوێزی جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان: سێكتەری خوێندنی باڵا










