خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین:-
نووسەر و شاعیر توانا فازل محەمەد ،ئەندامی گروپی ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنبیری قەڵەم یەكێكە لەوشاعیرە لاوە هەست جوانانەی كەكۆمەڵێك تێكستی جوانی هەیەو لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردو و بەرهەمێكی شیعری خۆی لەشێوەی سیدی خستە بەرگوێی هەوادارانی شیعر،لەم دیمانەكورتەدا بۆچوونەكانی توانای شاعیر دەربارەی دنیای شیعر بخوێنەوە:
بۆ شیعرت هە ڵبژارد؟
چونكە هەست ئەكەم شیعر پەلكێشم ئەكات بۆ جیهانێكی ئارام بەخش و هێمن تر لەناو ئەم جیهانە پڕ لە جەنجاڵیەدا.
نازناوی شعریت چیە؟
هیچ نازناوێكم نیە، هەبوونی ناوی باوكم لەدوای ناوەكەمەوە لەگشت پاشگرو نازناوێك لەلام جوانترە.
لەزمانی شیعریتاندا وشەگەلێكی ناسك و چیرۆك ئاسای ڕۆمانسی بەدی دەكرێت،ئاخۆئەمە زادەی خەیاڵی سیحری خۆتانە،یان پەیوەستە بەژیانی واقعی تانەوە؟
بێگومان یەكێك لەپێویستیە سەرەكیەكانی شیعروشەیە، ئەتوانم بڵێم وشە و چیرۆكی شیعرەكانم تێكەڵەیەكە لە هەردوو ژانرەكە واتە هەردوو توخم یان چەشنەكە.
لەزەتی شیعری و ڕیتمی شیعر لەلای ئێوە زیاتر لەشیعری ئازاد یان كلاسیك بەرجەستە دەبێت ؟بۆچی؟
لای من شیعری ئازاد چێژ بەخش ترە، چونكە وشەو ناوەڕۆكی شیعری ئازاد مەیلەو سادەترە خوێنەر ئاسانترو خۆشتر لە وشەو چیرۆكی شعرەكە تێ ئەگات.
ئیلهامی زۆرێك لەشاعیران خۆشەویستەكەیانە یان دایكە یان نیشتیمانە ئیلهامی شیعری ئێوە چیە؟
كەسێكی تایبەت نیە گوڕ بدات شیعرەكانم و بۆی بنووسم، بەڵام ئەگەر لەداهاتودا هەبێت بێگومان ئەتوانم شیرین تر لەئێستا بپەیڤم.
تائێستا چەند دەقی شیعریتان كراوەتە گۆرانی؟
لەڕاستیدا چەند مانگێكە بەرهەمەكانم بڵاوكردۆتەوە، تائێستاش ئاوازی چەند هونەرمەندێكی دەنگ سازم لەبەر دەستە شیعریان بۆ بنوسم، بەڵام زیاتریش حەز ئەكەم شعرەكانم بەشعری بمێننەوە نەوەك بكرێنە گۆرانی.
ئایە چی مەرجێكی پێش وەختەتان هەیە بۆئەو هونەرمەندەی شیعری ئێوە دەكات بەگۆرانی؟
مەرجەكان لە هونەرمەندێكەوە بۆ هونەرمەندێكی تر ئەگۆڕێت، بەڵام شكۆو بەرزی ئاستی كۆمەڵایەتی هونەرمەند لەناو خەڵكیدا لای من گەلێك گرنگە.
شیعرت بۆسەربەخۆی وتوە؟چی دەڵێیت لەم بارەیەوە؟
یەكێكم لەپشتیوانانە سەر سەختەكانی دەوڵەتی كوردی، بەڵام تائێستا لەئەوبارەیەوە شعرم نەنووسیوە، بڕواشم وایە وەك لاوێكی ئەم وڵاتە پشتیوانیەكەم كرداری بێت زیاتر جێی خۆی ئەگرێت نەوەك بەشعرو نووسین بێت. هەركات پێویستیش بكات بێگومان شعری بۆ ئەنووسم.
چەند بەرهەمی شیعریت هەیە؟
لەماوەی چەند ساڵی نووسینمدا نزیكەی سەد شعری پوختەم هەیە، لەئێستادا 8? شیعریان تۆماركراون و نیازمە دوای تەواوبونی كاركردن تیایاندا لە ژێر ناوی چەند ئەلبومێكدا پێشكەشی هەوادارانی شیعریان بكەم.
حەز بەشیعری چی دەكەیت ڕۆمانسی یان نیشتیمانی؟بۆ؟
زیاتر حەز بەشیعری ڕۆمانسی ئەكەم، لەبەرئەوەی واقعی ئێستای ئەوسروشتەی من تیایدا ئەژیم زیاتر پەلكێشم ئەكات بۆ ئەوە.
پێشمەرگە و شەیدان لەكوێی شیعرەكانی تۆدا جێگەیان بۆ كراوەتەوە؟
تا ئێستا هەردووكیان لەناو دڵ و هەستی شیعریمدا ئەیان لاوێنمەوە، ئەمەوێت كاتێك بۆیان بنووسم كە لێوان لێو بم لە هەست گەلێكی شایستە بەئەوان، هەتاكو لەجوانترین وشەو هەستەكانیان بۆبكەمە خامەیەكی ڕەنگین.
پڕۆژەی داهاتووت چیە؟
دوای بڵاوبوونەوەی تەواوی تڕاكەكانی ئەلبومی یەكەمم كاركردنە بۆ ئەلبومی دووەمم بەڵام بە ستایڵێكی زۆر تازەو چاوەڕوان نەكراو.










