شێخ تاهیر شووشی
پەرلەمانی كوردستان لە بەرواری 28/5/2019 بە بڕیارێكی گرنگ و مێژوویی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەلبژارد. نێچیرڤان بارزانی كوڕی سەركردەی تێكۆشەر خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانییە و نەوەی رابەر و باوكی رۆحیی میللەتی كورد مەلا مستەفا بارزانیی نەمرە و لە رۆژی 26 ی ئەیلوولی 1966 لە ناوچەی باڵەكایەتی لەدایك بووە، لەكاتێكدا شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە گەرمەی خەبات و تێكۆشانی سەختی بێوچان بوو لە پێناو بەدەستهێنانی مافە رەواكانی میللەتی كورد.
نێچیرڤان بارزانی هەر لە منداڵییەوە لەناو ژینگەیەكی شۆڕشگێرانە و سەخت لە باوەشی باوكی و باپیری چاوی بە دونیا هەڵاتووە و فێری رێڕەوەی ژیان و دابونەریتی بووە، رۆژ لەدوای رۆژ بووەتە هەڵگری خەسڵەتەكانی جوامێری و ئازایەتی و كوردپەروەرانە و مرۆڤایەتی و هەمیشە خۆی بە شاگرد و موریدی قوتابخانەی كوردایەتی و رێبازی بارزانیی نەمر زانیوە و سەرەتاكانی ژیانی لەناوجەرگەی رۆژانی سەخت و رووداوە پڕ لە شەڕ و مەینەتیەكانی شۆڕشی ئەیلوول بردووەتە سەر و وەك هەموو كوردێكی شۆڕشگێر تووشی كارەسات و ئاوارەیی هاتووە.
نێچیرڤان بارزانی لە تەمەنی 13 ساڵیدا بابەگەورەی مستەفا بارزانی كۆچی دوایی كرد و پاشان تەمەنی 20 ساڵی تێنەپەراندبوو لە ساڵی 1987 باوكی شەهیدی جوانەمەرگ ئیدریس بارزانی چووە بەر دلۆڤانی خودای گەورە و میهرەبان، بۆیە نێچیرڤان بارزانی لە دوای ئەو هەموو رووداوە دڵتەزێنانەدا كەوتە ژێر باری بەرپرسیاریەتی گەورە و دەست وبازووی ژیری و مەردانەی لێ هەڵكرد و بە پشتیوانی مامی هێژا سەرۆك مسعود بارزانی و كەس و كار و بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردەكانی هێزی پێشمەرگەی قارەمان، خۆی خستە نێو بەرپرسیارەتی تێكۆشانی خەباتی كوردایەتی و راپەڕاندنی ئەرك و كاری رۆژانەی شۆڕش و لە ماوەیەكی كەمدا دروشم و چالاكیەكانی لەسەرتاسەری كوردستاندا دەنگیان دایەوە وەك ئەستێرەیەكی پرشنگدار لە هەموو بوارێكی حیزبی و پێشمەرگایەتیدا دەدرەوشایەوە.
نێچیرڤان بارزانی لەبەر زیرەكی و لێهاتوویی لە ساڵی 1989 لەلایەن سەركردایەتی پارتی هەڵبژێردرا بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لەو كاتەوە بەرپرسیاریەتی زیاتر كەوتە ئەستۆی و شانبەشانی سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان درێژەی بەخەباتی كوردایەتی دا لەسەر ئاستی كوردستان و دەرەوە رۆڵێكی گرنگی بینی لە گۆڕانكاریەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا وەك جەنگی یەكەمی كەنداو و راپەڕینی مەزنی میللەتی كورد لە بەهاری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 و دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاشان جەنگی دووەمی كەنداو و لەناوبردنی رژێمەكەی سەددام حسین، هەموو ئەم رووداوانە بوونە قۆناغێكی پڕ ئەزموون وكاریگەر و بەهێز لە ژیانی نێچیرڤان بارزانی، كە بوونە بنەمایەكی پتەو بۆ قۆناغی داهاتووی سیاسی بەرێزیان.
نێچیرڤان بارزانی رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی هەروەها دەستێكی باڵای هەبوو لە رێكخستنەوە و پتەوكردنی شیرازەی نێوماڵی كورد و چەسپاندنی بیروبۆچونی دیموكراسی لە سەرتاسەری كوردستان .
نێچیرڤان بارزانی بە سیاسەتی حەكیمانە و پشوودرێژی و شانبەشانی كەسانی دڵسۆز و شارەزا توانی چارەسەری زۆر لە گرفت و قەیرانەكانی كوردستان بكات وەك لە بواری ئابووری و دابینكردنی خەرجیەكانی پێشمەرگە لە كاتی شەری داعش و وەرگرتنی هەزارەها پەنابەری سووری و عێراقی و نیشتەجێ كردنیان و هاوكاری كردنیان بەهەموو شێوەیەك، هەروەها گێڕانەوەی شكۆی هەرێمی كوردستان پاش خیانەت و هێرشەكانی 16ی ئوكتۆبەری ساڵی 2017 و پاراستنی خاك و بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان لە هەموو پیلان و ئاژاوەگێریەكی دڕندانە، كە لە ئێستادا هەموو خەڵكی كوردستان شایەتحاڵی رۆڵی حەكیم و بەرپرسیارانەی بەڕێزیانن.
نێچیرڤان بارزانی شوێن پەنجەی دیار و ئاشكرای لە هەموو بوارەكاندا هەبووە وەك سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاخود وەك جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەروەك چۆن ئیدریس بارزانی باوك ناسراو بوو بە (ئەندازیاری ئاشتی) و ئەندازیاری رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد لە هەشتاكانی سەدەی بیستەمدا بە كۆكردنەوەی هەموو پارت و هێزە سیاسی و شۆڕشگێرەكانی باشووری كوردستان لە ژێر چەتری بەرەی كوردستانی. دەبینین نیچیرڤان بارزانی لەسەر هەمان رێچكەی باوكی بە ئەندازیاری بەرەوپێش چوون و ئاوەدانكردنەوە و دانانی بنچینەكانی حوكمرانی دیموكراسی و سەردەمیانە لە كوردستان دەژمێردرێ.
نێچیرڤان بارزانی بایەخی شایستەی داوە بە هەموو بوارەكانی ژیان لە هەرێمدا و زۆر بە میهرەبانی و سەخاوەت و بەدڵێكی فراوانەوە یارمەتی هەموو چینەكانی خەڵكی كوردستانی داوە بەتایبەتی كەسانی نەخۆش و هەژار و خێزانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوان و لێقەوماوان بەبێ جیاوازی ،هەروەها پشتگیری تەواوی هەبووە بۆ كێشەی ئافرەتان و گەنجان و قوتابیان و خاوەن پیشەكان و هەموو كەمە نەتەوەییەكان و ئایینیەكان بەتایبەتی رۆڵێكی گرنگی بینی لە ئازادكردنی ئەو خوشك و برا ئێزیدیانەی رفێندرابوون لەلایەن تیرۆریستانی داعش كە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە ئەویش بە كردنەوەی نووسینگەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ئەو كارە.
نێچیرڤان بارزانی ناوی بەوە دەركردووە، كە رابەرێكی سەركەوتوو حەكیمە چونكە هەمیشە سیاسەتێكی نەرم و میانڕە و واقیعیانەی بەكارهێناوە لەگەڵ حیزب و كەسایەتیەكانی ناوخۆ یاخود لەگەڵ بەرپرسانی عیراق و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و بۆ هەموو لایەكی سەڵماند، كە رابەر و سیاسەتمادارێكی لێهاتوو سەركەوتووە لە ئەنجامدانی ئەرك و پەیوەندیەكانی ناوخۆ و دەرەوە، ئەو راستیەش زیاتر بۆمان دەركەوت لە كاتی مەراسیمی هەڵبژاردنی بەڕێزیان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە زۆر لە سەرۆك حیزب و كەسایەتی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و عیراق ونوێنەرانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئامادەی بوون، هەروەها چەندەها نامە و برووسكەی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان كراوە لەسەر ئاستی وڵاتە زلهێزەكان.
نێچیرڤان بارزانی رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە پەرەپێدانی رێبازی بارزانیی نەمر و یاریدەدەر و پاڵپشتێكی بەهێز بووە بۆ سەرۆكی هێژا مەسعوود بارزانی لە جێبەجێكردنی فەرمانەكانی و لە كاتی هەڵبژاردنە گشتیەكان و بۆنە نەتەوەیی و حیزبیەكاندا.
لە كاتی ئێستادا بەڕێزیان ژمارەیەكی گرنگ و بەهێزە لە هاوكێشە سیاسیەكان وەك سەركردەیەكی بەتوانا لە ئاستی كوردستان و عیراق و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و جێگای متمانەی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك مەسعوود بارزانی و هەموو خەڵكی كوردستانە بۆ بەرەو پێشبردنی هەرێمی كوردستان و پاراستنی لە هەموو پیلان و خراپكاریەك.
لە كانگای دڵمانەوە پیرۆزباییەكی گەرم پێشكەشی رێزدار نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین و ئومێدەوارین بە پاڵپشتی خودای گەورە و میهرەبان و سەرۆك مەسعوود بارزانی و میللەتی كورد هەمیشە لە كار و ئەركەكان و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم سەركەوتوو بێت و بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی سیستەمی دیموكراسی و پتەوكردنی هەستی برایەتی و هاونیشتمانێتی لەناو هەموو چینەكانی خەڵكی كوردستان و چەسپاندنی سەروەری یاسا و بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان و بەهێزكردنی پێگەی لەناو عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. هەر بۆ پێشەوە وەك سەرۆكی هەرێمێكی بەهێز و سەركەوتوو.









