كاوێز مەلا پەرۆێز
پێم وایە، نەتیجە و ئەزموونیش دەریخست، ئەم جوگرافیا تەنگە بەرەی كە كوردستانی تێدا هەڵكەوتووە، پەیوەندیی دیپلۆماسی وەك ئۆكسجینە بۆ مانەوەمان بە شێوەیەكی شكۆمەندانە، ئەمە هەر بۆ كورد راست نیە، بەڵكوو زۆر وڵات هەن، لە ناوچەكە و دوورتریش بە پشتیوانی ئەمەریكا و فەڕەنسا وەك وڵات و قەوارە ماونەتەوە، با رەخنەمانیش لە زۆر قۆناغ لە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی ئەو دەوڵەتانە هەبووبێت و زۆرجاریش زاڵمانە پشتیان تێكردووین و بە گورگان خواردوو داین، وەلێ پاراستنی قەوارە سیاسییەكەمان لە زۆر قۆناغ كە دەوڵەتانی دەوروبەر بۆ لەناوبردنی كۆك بوون، ئەمەریكا بە بەیاننامەیەك سنووریی بۆ تەماحی دەوڵەتانی دژ بە كوردستان داناوە، فەڕەنساش بە پشتیوانی و پێشوازیكردن و ناوبژیوانی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەرێمی لە تەماحی ئەوانی تر پاراست.
خۆمان گرنگین، وەلێ بەریتانیا سەت ساڵە واقعێكی خوڵقاندووە، گەورەترە لە توانا و وزەكانی خۆمان، بۆیە دەبێ ئاماژەكان وردتر بخۆینینەوە و باشتر خۆ ساز دەین بۆ قۆناغەكانی داهاتووی نزیك، كە ئەمەریكا وەك میحوەرێكی گرنگ رۆڵ لە ناوچەكە دەگێڕێ و بەرژەوەندییەكانی فراوانتر دەكات لە ناوچەیەك كە ئاڵۆزییەكانی بە سەریعی رووداوی نوێ دەخوڵقێنێ، بۆیە دەبێ وەك ئەوانی تر تێبگەین كاتێك كە كوردستان لە رووی ئابووریی و سیاسی گەمارۆ درا و سەرباز دژی دەسكەوتەكان و قەوارەی كوردستان بە كارهێنرا، بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە پشتیوانی كردنی نێچیرڤان بارزانی و كابینەكەی بەس بوو بۆ ستۆپكردن بە هێرشكاران، كە كورد كەمتر خۆ لە قەرەی خوێندنەوەی ئەو كۆدانە ئەدات، بۆیە بۆ جارێكی تر وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هیوا بۆ سەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی ئایندەی وەك سەرۆكی هەرێم دەخوازێ و فەڕەنسا و سەرۆكەكەی بە پێشوازیكردن هەمان پەیامیان گەیاند روونە فەڕەنسا سەقامگیری و یەكگرتوویی هەرێمێكی بە هێزی دەوێ، كە رۆڵی هەبێ لە جێبەجێكردنی ئەو نەخشەیە كە دەوڵەتە گەورەكان ئامانجیانە، لەمەشدا دەیان بەرژەوەندی حیاتی كوردستان گرێ ئەدا بەو رایەڵانەوە كە لە ئەنجام دەبنە بەرژەوەندیی هاوبەشی دوولایەنە.
ئاواكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی بۆ كوردستان زۆر گرنگ بوو پێگەی دیپلۆماسی كوردستان بەرز دەكاتەوە، بۆ ناوخۆی هەرێمیش روانگە زۆر و جیا جیاكان كۆدەكاتەوە، وەلێ لەوەش گرنگتر كاراكتەری دیپلۆماسی و بە ئەزموون ئەو پۆستە بەرێوە دەبات كە كە تێگەیشتنی بۆ ناوخۆ و دەرەوە تێگەیشتنێكی كراوە و پراكتیكییە و زادەی هەل و مەرجەكەیە، دەریشكەوت لەوەشدا بۆناوخۆ نێچیرڤان بارزانی مەقبولترین سیاسیی كوردە، لە ئاستی دەرەوەش ئەندازیاری پەیوەندیی هەرێم و جیهانە، لە ناوەندە جیاجیاكانیش كەسایەتییەكی گوێ لێگراوە وەك حەسەن عەلەوی گەورە بیرمەندیی عەرەبی ئێژێ” ئاگری بێ ئامانی سووتێنەر دەكوژێنێتەوە”، كە زۆر جار بە ئاستێك گەیشتووە هیوایەك بۆ لێكگەیشتن نەماوە، وەلێ سەردانێكی نێچیرڤان بارزانی رەوشەكەی بۆ ئاست و دۆخێك گۆریوە كە زۆرجار لە دەرەوەی پێشبینی كردن بووە، بۆ ئەوەش نموونە زۆرن وەك لە ئاستی دەرەوە توركیایی باوەكوشتەی كوردستانی كرد بە شەریكی ستراتیژی، عێراق بە پشتیوانی بەریتانیا و حەلیفەكانی لەو دۆخەی 16 ئۆكتۆبەری ناچار بە ملدان كرد، كە هەم بڕە بوودجەش بنێرێ هەمیش دەرگە بە رووی گفتۆگۆدا بكاتەوە، لە ناوخۆش پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نێوان پارتی و ئەوانی تری لە گرژییەوە دەگۆریی بۆ تەبایی و هاوكاریی و پێكەوە كاركردن، هەر كۆبوونەوەكەی پەرلەمان و متمانەدان بە كابینەی نۆ دەلیلە، كە خەڵكی وا هەبوو گرەوی لەسەر دوو ئیدارەیی وئاڵۆزیی زیاتری نێوانی ئەم دوو حزبە دەكرد، هەر ئەمانە بەسن بۆ تێگەیشتن لە كاركتەری سیاسیی نێچیرڤان بارزانی كە نەك تەنیا كورد، بەڵكو دۆستانیش هیوا بۆ سەركەوتنی دەخوازن، كە سەردانەكەی ئەمدواییەشی بۆ فەڕەنسا و ئەو پێشوازییە سەرۆكانە دەرخەری ئەو زنجیرە سەركەوتنانەن كە سەرۆك و سەركردەكان بۆ میللەتەكانیان بە دەستی دەهێنن.









