
دامەزراوەی شوێنەوارە مێژووییەكانی ئیسرائیل ئاشكرایكرد لە شاری رەهت-ی باشووری ئیسرائیل مزگەوتێك دۆزراوەتەوە كە مێژووەكەی بۆ سەدەی حەوت و هەشتی دوایی زایین دەگەڕێتەوە.
دامەزراوەی شوێنەوارە مێژووییەكانی ئیسرائیل ئاشكرایكرد لە شاری رەهت-ی باشووری ئیسرائیل (خاكی مێژوویی فەڵەستین)، مزگەوتێك دۆزراوەتەوە كە مێژووەكەی بۆ سەدەی حەوت و هەشتی دوایی زایین دەگەڕێتەوە.
لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن دامەزراوەكەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە لە میانی كارەكانی درووستكردنی گەڕەكێكی نوێ لە شاری رەهت-ی باشووری ئیسرائیل (فەڵەستین) كە دەكەوێتە بیابانی نەجەف (نێگێڤ)، مزگەوتێك دەركەوتووە كە مەزەندە دەكرێت مێژووەكەی بۆ سەدەی حەوت و هەشتی دوای زایین بگەڕێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا روونكردنەوەی بەرێوەبەرانی یەكەی هەڵكەندنی سەربە دامەزراوەكە، جۆن سێلیگمان و شاهار زور، بڵاوكراوەتەوە كە باسیان لەوە كردووە ئەم دۆزینەوەیە یەكێكە لە گرنگترین دۆزینەوەكانی جیهان و بەتایبەت كە شتێكی لەوشێوەیە پێشینەی نەبووە.
هەروەها تیشكیان خستووەتە سەر ئەوەی مزگەوتەكە بەراورد بە مزگەوتەكانی مەككە و قودس لەو سەردەمەدا، مزگەوتێكی بچووكە و وادیارە خزمەتی بە جووتیارەكانی ناوچەكە كردووە.
جۆن سێلیگمان و شاهار زور تیشكیان خستووەتە سەر ئەوەی مزگەوتەكە شێوەی چوارگۆشەیە و لە بەشی باشووریدا میحرابێكی بە ئاڕاستەی مەككە تێدایە.
هاوكات بۆچوونی پسپۆڕی قۆناغە یەكەمەكانی ئیسلام، گیدیۆن عەونی كە سەربە دامەزراوەی شوێنەوارە مێژووییەكانی ئیسرائیلە، لە راگەیەندراوەكدا جێكراوەتەوە و سەبارەت بە مزگەوتە 1200 ساڵەكە ئاماژەی بەوەكردووە:
”ئەمە كۆنترین مزگەوتە كە دۆزرابێتەوە لە ساڵی 636ـەوە كە لەرێگەی فەتحە عەرەبییەكانەوە، ئیسلام گەیشتووەتە ئیسرائیل. دۆزینەوەی مزگەوتەكە لە نێوان بیر شیڤا و ئاشكێلۆندا، لە نزیك ناوچەیەكی نیشتەجێبوونی كشتوكاڵیی، ئاماژەیە بەوەی وڵاتەكە بەر لە رۆمانییەكان بۆ گۆڕانی كولتووریی و ئایینی لە قۆناغی ئیسلامدا، تێپەڕیوە”.








