كاروان كریمخان
یەكێك لە نیشانەكانی وڵاتانی دوا كەوتوو ئەوەیە كە یەكێك لە شارە گەورە و پڕ دانیشتوەكان پێشكەوتوە و شار و دێهاتەكانی قەراخیش لە بەر نەبوونی پێداویستییەكان وەناڵە دێن. ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكانی كۆچ كردنی ناوخۆیی و دەبینین كە لەم جۆرە وڵاتانە لێشاوی كۆچ بۆ پایتەختەكان كە پڕ لە ئیمكانیاتن دەدیترێ. بەڵام لە وڵاتانی پێشكەوتوو جۆرە هاوسەنگیەك لە نێوان ناوەند و قەراخ هەیە و بۆیە زۆر جار كۆچی بەراوەژوو لە وڵاتانی پێشكەوتوو دەبینین. هەروەها لە وڵاتانی پێشكەوتو چەمكی وەك گەشەی قەراخ و گەشەی دێهات شتێكی جێی باسە و گرینگی پێ دەدرێت. بەم گۆشە نیگایەوە لە كوردستان پێویستە گرینگی زیاتر بە ناوچە پەراوێزەكان بدرێت. ئەم چەمك و ئامانجانە كاری زۆری دەوێ و پێویستی بە پڕۆژەی نیشتیمانی و ڕێك خستنی یاسا و دانای ستراتیژی تۆكمە و لەبار و ورد هەیە. بەڵام لە هەمان كاتدا بەشێكی گرینگیدان بە ناوچەكانی دور لە ناوەند لە ئەستۆی بەڕێوەبەرێكی وشیار و بە ئاگایە. واتا بەڕێوەبەری شارەوانی و ناحیە و قایمقامەكانی شارەكانی دور لە ناوەند دەبێ توانای پێشكەوتن و گرینگی ناوچەكانیان پێبزانن و بە گوێرەی ئەم توانا شاراوانە بیر لە گەشەی شارۆچكە و دێهاتەكان بكەنەوە. لێرەدا پێویستە ڕۆڵی بەرێوەبەر بە چاوێكی ورد تەماشا بكرێت. دەبێ بزانین كە كاریگەری بەڕێوەبرێك بۆ بنەجێ كردنی وشەی وەك گەشەی دێهات و شارۆچكە چەندە كاریگەرە. پێش پێویستی ئەم شتانە شایستە بوونی بەڕێوەبەرە و پێویستە سەرەتا بۆ دەكار كردنی ئەم چەمك و ئامانجانە سیستەمی ئیداری بێتە گۆڕین و پێویستە بەڕێوەبری ناحیە و شارەوانی و قایمقامەكان بە زانستی بەڕێوەبردن و پێشكەوتن دەوڵەمەند بن. واتا دەبێ بەڕێوەبەرێكی ناحیە لە زانستگەلێك بزانێ تاكو بتوانێ چەمكەكانی پێشكەوتن بناسێ و بیانخاتە كار. زۆر جار لە زۆر شوێن بە نوسین و بە گوتن گوترا كە بەرێوەبردنی شار بە تایبەتی بۆ بەڕێوەبەرێكی ناحیە تەنها بە بڕوانامەی یاسایی ناكرێ. تەنانەت ڕەنگە ئەم پێوەر و یاسایە شتێكی خرابیش بێت و دەرئەنجامی باشی نەبوبێ. ئەگەر ئێمە بمانەوێ بەرەو گەشەی كۆمەڵایەتی و گەشەی شار هەنگاو بنێین دەبێ بەڕێوەبەری شارەوانی و ناحیەكان جگە لەوەی كە پێویستە زمانێكی دیكە بزانن دەبێ زانستێكی زیاتر لە زانستی یاسا بزانن یان ڕەنگە هەر پێویست نەكا یاسا بزانن و بۆ كاری یاسایی دەتوانن لە گەڵ پۆلیس و بەشی یاسایی فەرمانگە و دادگا لە پەیوەندیدابن. بەڵام دیارە ئەم سیستەمە ئەستەمە وازو بگۆڕدرێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەدی بۆ باشتر كردنی شێوازی بەڕێوەبردن دەبێ چی بكرێت؟ لە وەڵامدا دەبێ بڵێین مادام بوار نەبێ سەرلەبەری سیستەم بگۆڕین، وێ دچی لە كورت مەودادا واباشتر بێت لانی كەم هەندێ دەورەی تایبەت بە زانستمەند كردنی بەڕێوەبەران بە مەبەستی پتەو كردنی زانستی مودیریەتی شار ڕێك بخرێت. هەروەها كۆمەڵە كتێبێكی پەیوەندار بە زانستی بەڕێوەبردنی شار پێشنیار بكرێت بۆ خوێندنەوە و لە كارگەی تایبەتی زانستی بەڕێوەبردنی شار و ناحیە و شارەوانی لێپرسینەوەی لە سەر بكرێت و ببێتە وانەی بەڕێوەبەران بۆ ئەوەی بۆ نمونە بەڕێوەبەرێكی ناحیە تەنها لە چوارچێوەی یاسادا نەمێنیتەوە و نیگای فراوانتری هەبن. بەڕێوەبەر دەبێ خۆی دەوڵەمەند بكا بە زانستی كۆمەڵایەتی و زانستی گەشەی ئابوری و سیاسەت. پێویستە پارێزگاكان هەوڵ بدەن پەرتوكەكانی زانستی بەڕێوەبردنیی وەربگێڕدرێنە سەر زمانی كوردی بۆ ئەوەی چۆنیەتی كاری بەڕێوەبردن و سیاسەتی ئیداری پێشكەوتن بە خۆیەوە ببینێ. لە گەڵ ئەوەی كە زمانی كوردی وەك مادەیەكی خاو زمانێكی دەوڵەمەندی فرە زاراوە و پڕ لە واژەگەلی خۆڕسكە، بەڵام بە داخەوە بە تەواوی نەبۆتە زمانی زانست و پێویستە كاری لە سەر بكرێت تا دەگاتە ئاستی زمانە زیندوەكانی جیهان؛ ئەمەش زۆری دەوێ و كاتی زۆریش دەبا. بۆیە پێویستە بەڕێوەبەری شارەوانی و ناحیەكان جگە لە زمانی دایك زمانێكی زیندویتر بزانن بۆ ئەوەی بتوانن پەرتوكەكانی مودیریەتی شار بخوێننەوە و بە زانستی بەڕێوەبردنی شار و شارسازی خۆیان لە چوارچێوەی چەقیوی یاسا بەرنەدەر. دیارە كە بە زانستی یاسا تەنها كاری پۆلیسی و كاری ڕۆژانە و ڕۆتین بەڕێوە دەچێ و زانستی یاسا بە تەنها نابێتە هۆی ئەوەی بیری پێشكەوتن و گەشەی شار خوناوە بكات و تەنانەت كاری بەڕێوەبردنیش شەل و كوێر دەبێ. مادام بە ئاسانی نەكرێ سیستەم بگۆڕین لانی كەم دەبێ لە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرەكان ورد بین. هەروەها دەبێ بۆ بەڕێوەبەرانی ئێستای یاسازانیش كارگەی فێركاری و زانستی بەڕێوەبردن بكرێتەوە و پەرتوكی تایبەت بە زانستی بەڕێوەبردن بۆ بەڕێوەبەران دیاری بكرێن. ئەمە چارەسەرێكی بنەڕەتی نیە بەڵكو ئەم پێشنیارە تەنها موسەكینێكە بۆ كورت مەودا تاكو ڕێگای دروستتر دەدۆزینەوە و ڕاستەڕێ دەبین. ئەگەرنا ئەگەر ئێمە بمانەوێ لە ڕووی سیستەمی ئیداری و برۆكراسی پێشكەوین و سیستەمی ئیداری و بەڕێوەبردنیمان لە خزمەت ئامانجەكانی دیموكراسی و ڕەفاهیەت و گەشەی وڵاتدا بێت دەبێ سەرلەبەری سیستەمی ئیداری و بروكراسی هەرێمی كوردستان بە پێی پێوەرەكانی پێشكەوتنی ئێستای جیهان بەڕۆژ بكەینەوە و بیگۆڕین. لە ڕاستیدا هەرێمی كوردستان لە ڕووی سیستەمی ئیداری پێویستی بە گۆڕانێكی ڕادیكاڵ هەیە. بۆ ئەوەی كورد بتوانێ حكومەتێكی شایستەسالار بونیاد بنێ دەبێ لە بچوكترین یەكەی ئیداری خۆی گۆڕانكاری بكات و وردە وردە لە سیستەمی ئیداری كۆنی عوسمانی و عێراقی ئێستای بێ سەروبەر دوور كەوێتەوە. سیستەمی ئیداری ئێستا وەك كۆنە یەغدان و سندوقێكی دو دەركە وایە كە تەنانەت ئەگەر بیرۆكەی باشیشی تێباوێی لە دەركەكەی دیكەی دەرئەنجامی باش نایێنە دەرێ؛ بۆیە پێویستە خودی یەغدان و سندوقەكە بگۆڕدرێ. سیستەمی باش وەك سندوقێكە تەنانەت ئەگەر شتی خرابیشی تێباوێی لە ناوخۆیدا چاكی دەكاتەوە و لەولا شتی باش فڕێ دەداتە دەرێ. ئەم سیستەمە ئیداریەی ئێستا كۆن و ژەنگاوی بوە و لە گەڵ ئامانجەكانی ژیانی باشتر بۆ هاوڵاتیان ناگونجێ و پێویستی بە نوێ كردنەوە هەیە. نوێ كردنەوەیەك كە لە گەڵ چەمكەكانی دیموكراسی و پێشكەوتن و ئاسایش و ڕەفاهیەت گونجاو بێت. لە سیستەمی پێشكەوتوودا هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانیش سیستەماتیك دەبێ و بەڕێوەبەری زانا و بە ئاگا دەچێتە شوێنی خۆی. بەو هیوایەی چیتر گیرۆدەی یاسا نەخۆشەكان نەبین.









