كاروان محەمەد سینۆ
دوژمنانی كورد و داگیركەرانی كوردستان زۆرباش دەیانزانی كە كاریزما و كەسایەتی خودی مەلامستەفا بارزانی و رێبازەكەی نهێنی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی و یەكگرتنی كوردە و ئەگەری بەردەوام بوونی شۆڕش و بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستانە. بۆیە هەردەم دوژمن و داگیركەران لە پیلان و بۆسەدابوون بۆ بەكۆتا هێنانی ژیانی خودی مەلامستەفا بارزانی، بۆ ئەم مەبەستە، بێجگە لەوەی چەندین جار فەرمانی لە سێدارەدانی مستەفا بارزانی لە عێراق و ئیران و توركیا دەرچووە، بەڵام چالاكی و چەلەنگی و خۆبەدەستەوەنەدان و خەباتی بەردەوامی مەلامستەفا لە ناخۆشترین و نالەبارترین بارودۆخدا، هۆكاری ئەوەبوون كە هەرگیز دەستی دوژمن نەگات بە گیانی بارزانی. هەروەها دوژمن و داگیركەران چەندین جار راستەوخۆ و نا راستەوخۆ هەوڵی تیرۆركردنی جەنابی مەلامستەفا بارزانییان داوە، بەناردنی خۆكوژ و بۆمبی چێندراو و ژەهر و دەرمان و ئۆتومبێلی مین رێژكراو و چەندین رێكاری دیكەی تیرۆر…، بەڵام هەردەم (قودرەتی ئیلاهی) لەپاراستنی گیانی بارزانی و وریایی و دوورناسی بارزانی و چالاكی دەزگای پاراستنی شۆڕش و دڵسۆزیی خەڵكی كوردستان بۆ خودی كەسایەتیی بارزانی، هەموو ئەمانە هۆكاری ئەوەبوون كە پیلانەكانی دوژمن و داگیرگەران سەرنەگرن و پووچەڵ ببنەوە و مەلامستەفا بارزانی تاكو دواساتەكانی ژیانی وەكو چیا و زنارەكانی كوردستان، بەرز و بەهێز و بڵند مایەوە.
یەكێك لەو هەوڵانەی كە ئامانجی كۆتایی هێنان بە ژیانی مەلامستەفا بارزانی بوو و ئەمڕۆ باسی لێوە دەكەین، بریتییە لە هەوڵی تیرۆركردنی بارزانی لە 15ی تەمووزی 1972 لە رێگای جانتایەكی پڕ لە (تی ئێن تی) و تەقەمەنی.
لە بەغدا پیلانەكە داڕێژرا
سەركردە و پیلانگێڕ و شۆڤینییەكانی بەغدا (رژێمی بەعس)، بەردەوام لە گەڕاندابوون بۆ دۆزینەوەی هەلێك كە بتوانن دەستیان بگات بە ژیانی مەلامستەفا بارزانی، لەم رووەوە لە مانگی ئابی 1971 دەزگای هەواڵگری بەغدا، كەسێكیان دەست كەوت بەناوی (ئیبراهیم گاباری) كە قوتابی بوو لە زانكۆی موستەنسرییە بەشی زانستەكانی سیاسەت لە بەغدا، ئەم كەسە كوردێكی خەڵكی سوریا بوو و وەكو پەناهەندە هاتبووە عێراق و لە زانكۆی موستەنسرییە لە بەغدا دەیخوێند. لێرەدا دەزگای هەواڵگری بەغدا و بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی عێراق كە بەرێوەبەرە گشتییەكەی لیوا (نازم گزار) بوو، تێبینی ئەوەیان كرد؟! كە (ئیبراهیم گاباری) وەكو كوردێك، زۆر هامشۆی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات لە بەغدا، هەروەها ناوبراو زوو زووش ئاسایی و بێ كێشە بە گەشت و سەیران لە بەغداوە هاتوچۆی كوردستان دەكات. بۆیە هەواڵگری بەغدا و (نازم گزار) بیریان لەوە كردەوە كە چۆن بتوانن سوود لە (ئیبراهیم گاباری) وەرگرن لە بەكارهێنانی بۆ تیرۆر كردنی رابەری كورد مەلامستەفا بارزانی. بۆ ئەم مەبەستە لە مانگی ئابی 1971 ئەفسەرێكی ئاسایشی عێراقی بەناوی (باسل حەمدی ئەل ئەل ئەعرەجی) كە سەرۆكی لیژنەی پەناهەندە عەرەبەكان بوو لە بەغدا و لە هەمانكاتیشدا سەرۆكی كردەتایبەتییەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی عێراق بوو و لە دەزگای هەواڵگری عێراقیشدا راستەوخۆ پەیوەست بوو بە خودی (نازم گزار)ەوە. (ئەعرەجی) پەیوەندی كرد بە (ئیبراهیم گاباری) لەپێناوی رازی كردنی و رێكخستنی لە نێو ریزی دەستەی كردە تایبەتییەكانی ئاسایشی عێراق و دواتر بەكارهێنان و راهێنانی بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆر كردنی مەلامستەفا بارزانی.
لەئەنجامدا (ئیبراهیم) رەزامەندی خۆی دەربڕی بچێتە نێو ریزەكانی دەستەی كردە تایبەتییەكانی ئاسایشی عێراق و رەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەر كار و كردەوەیەك كە ئەوان پێی بسپێرن. بەم شێوەیە پەیوەندییەكانی نێوان (باسل حەمدی ئەل ئەعرەجی و ئیبراهیم گاباری) بەردەوام بوو لەرووی رێكخستن و كار و چالاكیی تا ئەوكاتەی كە بەرپرسە باڵاكانی هەواڵگری و ئەمنیی عێراق دڵنیا بوون و گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە (ئیبراهیم) تەواو كەوتۆتە داوی ئەوان و ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كە ئەرك و كردەی(تیرۆر كردنی بارزانی) بۆ (ئیبراهیم) ئاشكرا بكەن و پێی بسپێرن.
پێدەچێ لە سەروبەندی رێكخستنی لەنێو ریزەكانی هەواڵگری عێراقیدا، (ئیبراهیم) توانا و متمانە و پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ سەركردایەتی پارتی و سەربەستی هاتووچۆی خۆی بەنێو بازگە و دەزگاكانی پارتیدا بۆ (باسل ئەعرەجی) باس كردبێ و ئەوانی دڵنیاكردبێ . ئینجا بۆ مەبەستی بەكارهێنانی (ئیبراهیم) لە ئەنجامدانی تیرۆر كردنی بارزانی، (باسل ئەعرەجی) راستەوخۆ (ئیبراهیم)ی بە (نازم گزار) بەرێوەبەری گشتی ئاسایشی عێراق ناساند و (نازم گزار) لە لای خۆیەوە پێشوازی لە (ئیبراهیم) كرد و دەستخۆشی لێ كرد كە ئەو هاوكارە لە گەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هانیدا كە چوست و چالاك بێ لە ئەركەكەی (واتا تیرۆر كردنی مەلامستەفا بارزانی) و هەروەها بەڵێنی پێدا كە پاش ئەنجامدانی ئەركەكەی، ئەوا پاداشتێكی زۆری پارە پێی ببەخشێ و ئەو پێگەیەكی تایبەتی دەبێ لای سەركردایەتی عێراق. بەم شێوەیە وردەكاری چۆنیەتی تیرۆركردنی (مەلامستەفا بارزانی) لە بەغدا دارێژرا.
پیلانەكە هەڵگەڕایەوە
پیلانی تیرۆر كردنی جەنابی مەلامستەفا بارزانی بەم شێوەیی بوو..
دەبوایە (ئیبراهیم) لە بەغداوە سەفەری كوردستان بكات و لە گەڵ خۆیدا جانتایەكی مینڕێژكراو ببات و بچێتە (ناوپردان)، ئینجا جانتای بۆمبەكە كاتڕێژ بكات و لە نێو بارەگای بارزانی دابنێت، لەو شوێنەی كە بارزانی پێشوازی لە میوانەكانی دەكات.
تیرۆرستانی بەغدا (سەعدون غێدان وەزیری ناوخۆی ئەوسای عێراق و نازم گزار و باسل حەمدی ئەل ئەعرەجی) هەڵبەت بە چاودێری خودی سەدام حوسێن، چونكە ئەوكات هیچ گەورە و بچووكێك بەبێ ئاگاداری سەدام حوسێن لە عێراقدا رایی نەدەبوو، ئەم تیرۆریستانە دوا رێكاری پیلانی تیرۆركردنی جەنابی مەلامستەفا بارزانییان دارشت و كەسێكیان ئامادە كرد بۆ ئەنجامدانی ئەو پیلانە، ئینجا پیلانەكە خرایە بواری جێبەجێ كردن.
بەرلە ئەنجامدانی پیلانەكە و وەكو رێخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی پیلانەكە، سەرەتا (نازم گزار) داوای لە (ئیبراهیم) كرد كە لە رۆژی 1ی6ی1972 سەفەری كوردستان بكات و لەوێ دیراسەی چۆنیەتی ئەنجامدانی پیلانەكە بكات لە هەموو رووێكەوە و بە هەموو وردەكارییێكەوە، ئینجا بگەڕێتەوە، ئەوسا بڕیاری ئەنجامدانی پیلانەكە جێبەجێ بكرێ.
سەرۆك مسعود بارزانی ئاگادار كرایەوە
لە یەكەم رۆژی مانگی حوزەیران 1972 دەزگای پاراستنی شۆڕش، سەرۆك مسعود بارزانییان ئاگادار كردەوە، كە كەسێك بەناوی (ئیبراهیم گاباری) هاتۆتە چۆمان و داوادەكات كە تەنها خودی مسعود بارزانی ببینێت، چونكە بۆ كارێكی زۆر گرنگ هاتووە، ئینجا سەرۆك مسعود بارزانی چاوی پێدەكەوێت. لەم چاوپێكەوتنەدا (ئیبراهیم) تەواوی پیلانی تیرۆركردنی مەلامستەفا بارزانی بە هەموو وردەكارییەكانیەوە بۆ جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی شلۆڤەدەكات. كە ئەو (ئیبراهیم) لە لایەن (نازم گزار)ـەوە راسپێڕدراوە بچێتە نوسینگەی مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی و خۆی لێیان نزیك بكاتەوە بۆ ئەوەی متمانەی ئەوان بەدەست بهێنێ و بتوانێ لە بازگە و بارەگاكانی پارتی هاتوچۆ بكات، ئینجا دواتر جانتایەكی مینڕێژكراو بە (تی ئێن تی) و تەقەمەنی لە لایەن دەزگای هەواڵگری بەغدا و (نازم گزارە)ـەوە بباتە بارەگای بارزانی و هەوڵبدات كە جەنابی مەلامستەفا بارزانی تیرۆر بكات، ئەگەر بۆی نەكرا دەبێ هەوڵ بدات كە ئیدریس بارزانی تیرۆر بكات، ئەگەر نەكرا، دەبێ مسعود بارزانی تیرۆر بكات. لێرەدا جەنابی مسعود بارزانی هەموو وردەكارییەكانی پیلانەكەی لا ئاشكرابوو. بەم شێوەیە پیلانی تیرۆركردنی جەنابی مەلامستەفا بارزانی بەرووی تیرۆرستاندا هەڵگەڕایەوە.
پاش ئەوەی (ئیبراهیم) پیلانەكەی بۆ جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی شلۆڤە كرد، سەرۆك بارزانی زۆر بە وردی لەم پیلانە كۆڵییەوە و لەگەڵ (ئیبراهیم) كەوتە پرسیار و وەڵام و چۆنیەتی وەسف كردن و چاوپێكەوتنی لەگەڵ (نازم گزار) تا ئەو كاتە سەرۆك مسعود بارزانی دڵنیابوو كەپیلانەكە وجوودی هەیە و گوتەكانی (ئیبراهیم) راستە و گەنجێكی راستگۆ و نیشتمان پەروەرە. بۆیە جەنابی مسعود بارزانی دەستخۆشی لە (ئیبراهیم) كرد بەرامبەر ئەم دڵسۆزی و نیشتمان پەروەرییە و داوای لێكرد كە بە ئاگاداری ئەو (مسعود بارزانی) بەردەوام بێ لە جێبەجێ كردنی سیناریۆی پیلانەكە و هەروەها لە یەكە یەكەی هەنگاوەكانی داهاتووی سیناریۆكە ئاگاداری بكاتەوە.
شایانی باسە نیازی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە بەردەوامیدانی پیلانەكە بۆ ئەوە بوو كە دەزگای پاراستنی شۆڕش تەواوی سیناریۆ و زنجیری ئەوكەسانەی تێوەگڵاون لەم پیلانە هەر لە سەرەتاوە تاكو گەیشتنی (ئیبراهیم) بە جانتای (تی ئێن تی)یەوە بۆ (ناوپردان) كە بە كوێدا تێدەپەڕێت و كێن ئەوانەی كە ئامادەكاری و پەردەپۆشی ئەم پیلانە دەكەن. ئینجا دواتر بە دەست بەسەرداگرتنی جانتای (تی ئێن تی) و بەدیكۆمێنتكردنی، پیلانەكە بەسەر رژێمی بەعسدا ساغ بێتەوە كە رژێمی بەعس و ئەنجامدەرانی نەتوانن وەكو پیلانەكای پێشوو نكۆڵی لە كردەوە تیرۆریستییەكە بكەن و لەلایەكی دیكەش رووی رەش و پیلانگێڕی رژێمی بەعس بۆ رای گشتی كوردستان و عێراق و جیهان ئاشكرا ببێت.پاش ئەوەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی رێگەی دا كە سیناریۆی پیلانەكە وەكو خۆی بەردەوام بێت، (ئیبراهیم) گەرایەوە بەغدا. ئینجا پاش هەفتەیەك (ئیبراهیم) گەڕایەوە كوردستان (ناوپردان) و چووە لای سەرۆك مسعود بارزانی و پێی ڕاگەیاند، كە (نازم گزار) داوای لێكردووە وێنەیەك بگرێ لە گەڵ مەلامستەفا بارزانی یاخود ئیدریس بارزانی یاخود مسعود بارزانی.هەڵبەت جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەیزانی كە نیازی (نازم گزار) لەم وێنەیە بۆ پشتڕاست بوونەوەیە لە گوتە و پەیوەندییەكانی (ئیبراهیم) و هەروەها ئاخۆ (ئیبراهیم) تا چ ئاستێك پەیوەندی و توانای ئەوەی هەیە بگات بە خودی مەلامستەفا بارزانی و كاك ئیدریس و كاك مسعود و دەزگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان. بۆیە سەرۆك مسعود بارزانی ئاسانكاری بۆ ئەم داواكارییە (ئیبراهیم) كرد و وێنەیەكی (ئیبراهیم) لەگەڵ جەنابی مەلامستەفا و یەكێكی دیكەی لەگەڵ كاك ئیدریس و یەكێكیش لەگەڵ خۆی (مسعود بارزانی) بۆ (ئیبراهیم) فەراهەم كرد.
هەواڵگری عێراق دڵنیابوون
پاش گرتنی وێنەكان..ئینجا (ئیبراهیم گاباری) گەڕایەوە بەغدا و لە ڕێگای نەقیب (باسم ئەلحەدیسی) كە ئەفسەرێكی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی بەغدابوو و ئەڵقەی پەیوەندیی بوو، (ئیبراهیم) چووە لای (باسل حەمدی ئەلئەعرەجی) و وردەكاری گەشتەكەی بۆ كوردستان گێڕایەوە كە چۆن چاوی كەوتووە بە مەلامستەفا بارزانی و ئیدریس و مسعود بارزانی و چۆن وێنەی لەگەڵ ئەواندا گرتووە و (وێنەكانی خستەڕوو) و چۆن توانیویەتی پەیوەندی زۆرباش لەگەڵیان دروست بكات و لە نێو دەزگا و نوسینگەكانی پارتیدا متمانەی پەیداكردووە و هەرگیز شكی لێ ناكرێ و رێگەی لێ ناگیرێ بۆ هەر شوێن و نوسینگەیەك بڕوات لە نێو سەركردایەتی پارتی و بارەگای بارزانیدا ئازاد دەسوڕێتەوە. بۆیە (ئەعرەجی) تەواو متمانە بە (ئیبراهیم) دەكات، ئینجا بەیەكەوە دەچنە لای (نازم گزار)، لەوێش بەهەمان شێوە (ئیبراهیم) ئەنجامی گەشتەكەی كوردستان بۆ (نازم گزار) دەگێڕێتەوە و وێنەكانی بۆ (گزار) دەخاتەڕوو، بەهەمان شێوە (نازم گزار)یش دڵنیا دەبێت، ئینجا(ئیبراهیم) لەگەڵ خۆی دەبات بۆ لای (سەعدون غێدان) وەزیری ناوخۆی ئەوسای عێراق. (سەعدون غێدان) ئاگاداری لەبیرۆكەی هەوڵی تیرۆركردنی مەلامستەفا بارزانی هەبوو و دەیزانی ئەو كەسە كێیە كە بە كردەكە هەڵدەستێت، ئینجا پاش ئەوەی دەزگای هەواڵگری عێراق دڵنیابوون لەوەی كە تیرۆر كردنی مەلامستەفا بارزانی سەركەوتوو دەبێت، بۆیە (سەعدون غێدان) بەبێ پێشەكی دەستخۆشی و سوپاسی (ئیبراهیم)كرد بەرامبەر ئەم كردە و هەڵوێستەی لە هاوكاری كردنی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق بۆ كوشتنی مەلامستەفا بارزانی و هیوای بۆ (ئیبراهیم) خواست كە لە كردەكەییدا سەركەوێت.
جانتای تیرۆركردنی بارزانی رادەستكرا
ئینجا لە بەرەبەیانی 15ی تەمووزی 1972، (باسل ئەل ئەعرەجی) جانتای بۆمبڕێژكراو بە (تی ئێن تی و تەقەمەنی) رادەستی (ئیبراهیم گاباری) دەكات و فەرمانی پێدەكات كە بەرەو كوردستان بچێت بۆ جێبەجێكردنی پیلانی تیرۆر كردنی مستەفا بارزانی، (پێشتر ئیبراهیم مەشق و ڕاهێنانی كردبوو لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنان و ئامادەكردنی جانتاكە بۆ تەقاندنەوە)، هەروەها (باسل ئەعرەجی) لەرێگای دەزگای هەواڵگری بەغدا هەموو پێداویستی و پاراستن و گەیاندنی (ئیبراهیم)ی فەراهەم كردبوو كە چۆن بگاتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە هەمان رۆژدا واتا لە 15ی تەمووزی 1972 (ئیبراهیم) بە خۆی و جانتای بۆمبێژكراو دەگاتە خاڵی پشكنینی (بەرزێوە)، ئینجا لەوێوە بەرەو قەزای (چۆمان) و ئینجا بۆ حاجی ئۆمەران و لەوێ چاوی كەوت بە سەرۆك مسعود بارزانی و پێی ڕاگەیاند كە جانتا بۆمبڕێژەكەی لەگەڵ خۆی هێناوە. لەوێ جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمان دەكات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بۆمبە و وێنەگرتن و بە دیكۆمێنت كردنی بۆمبەكە. ئینجا رۆژنامەی (ئەل تەئاخی) ئاگادار كرایەوە كە هەواڵی ئاشكرابوون و پووچەڵ كردنی پیلانی تیرۆركردنی مەلامستەفا بارزانی بڵاو بكاتەوە، كە ئەوكات رۆژنامەی (ئەلتەئاخی) رۆژنامەی پارتی بوو و لەبەغدا بە زمانی عەرەبی دەردەچوو. دەمودەست وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تێوەگلانی وەزیر و بەرێوەبەری گشتی ئاسایش و ئەفسەرەكانی دیكەی لەم هەوڵە تیرۆریستییە رەت كردەوە و لەسەر داوای (سەدام حوسێن) لیژنەیەكی لیكۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ كارە تیڕۆریستییە پێك هێنرا. سەرەرای بەردەست بوونی هەموو بەڵگە و دانپێنانی (ئیبراهیم گاباری) و قەناعەتی لیژنەی لێكۆڵینەوە بە بەرپرسیارەتی هەواڵگری عێراق لە كارە تیرۆریستییە، بەڵام حكوومەتی عێراق هیچ رێگارێكی یاسایی و سزای نەگرتە بەر تاوانبارانی ئەم كردە تیرۆریستییە و تەنانەت دانیشی پێنەنا تا ئەوكاتەی (نازم گزار) شكستی خوارد لە هەوڵی كودەتا بەسەر (ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حوسێن) و لەلایەن (سەدام)ـەوە دەستگیركرا، ئینجا ئەوكات حكوومەتی عێراق دانی نا بە بەرپرسیارەتی خودی (نازم گزار) لە هەموو هەوڵەكانی تیرۆركردنی مەلامستەفا بارزانی.
خوێنەری بەرێز ئەم چەند دێرە، كورتەیەكی هەوڵێكە لە هەوڵەزۆرەكانی تیڕۆركردنی جەنابی مەلامستەفای بارزانی لەلایەن رژێمی عێراقی بەعسی شۆڤینی و دوژمن و داگیركەرانی كوردستان. ئەمڕۆ لە یادی 47 ساڵەی ئەم كردە تیروریستیەدا، دەخوازین بە خەڵكی كوردستان ڕاگەیێنین كە ئەم دەسكەوتانە ئەمڕۆ بەدەست هاتوون، ئەنجامی تێكۆشان و شەونخوونی و خوێن و شەهیدبوونی پێشمەرگە و خەباتی جەنابی مەلامستەفا بارزانی و بنەماڵە سەربەرزەكەیانە. بۆیە پێویستە ئەمڕۆ هەموومان لە سایەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانیدا، بەیەك دڵ و یەك دەست، هاوكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بین و هەروەها لە خزمەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان بین، لەپێناو سەرخستن و بەهێز كردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هەموو خەڵكی كوردستان.









