خهبات: رەمزی میرەكانی:-
ئەستێرەی ئەڵمانی تۆنی كروس، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید وتی، كریستیانۆ رۆناڵدۆ، هاوتیپی پێشووی و یاریزانی ئێستای یۆڤانتسی ئیتاڵی، زیاتر لە جارێك هەراسانی كردووە. ئەمەو رۆناڵدۆ، كە لە ریال مەدرید بوو، لەسەر ئەنجامدانی ئاهەنگی گۆشت برژاندن راهاتبوو، ماڵەكەشی لەو گەڕەكە بوو كە كروس لە مەدرید تێیدا نیشتەجێ بوو. كروس لەمبارەیەوە لێدوانی بۆ رۆژنامەی ماركای ئیسپانی دا و وتی:”زۆر جار گوێم لە ئاهەنگگێڕانەكانی رۆناڵدۆ لە ماڵەكەیدا دەبوو، كە تاكو كاتێكی درەنگی شەو بەردەوام دەبوو”. هەروەها وتی:”گۆشت برژاندنەكانی رۆناڵدۆ، زۆر بە ژاوە ژاو بوو، هەندێجار دەبوو داوای لێ بكەین، دەنگی هەرا و هۆریایان كەم بكەنەوە”. كروس لە بارەی گرنگی گروپی WhatsApp، بۆ یاریزانانی ریال مەدرید وتی:”هەر یاریزانێك ئاگای لە راهێنانەكان نەبێت، لە رێگەی ئەو گروپەوە ئاگادار دەكرێتەوە”. شیاوی باسكردنە، تۆنی كروس، تاكو كۆتایی وەرزی 2023 گرێبەستەكەی لەگەڵ ریال مەدرید تازە كردەوە. ئەمەو كروس، تاكو ئێستا 233 یاری لەگەڵ ریال مەدرید ئەنجام داوە، 13 گۆڵی تۆمار كردووە، 59 پاسی یەكلایی كەرەوەی داوە و 12نازناویشی بەدەستهێناوە.









