عەبدولقادر كەڵهۆڕ
دوای دوورۆژ لە كۆبوونەوەی سەركردەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا ، لە شاری بۆزنان لە پۆڵەندا لەگەڵ سەركردەی حەوت وڵاتی رۆژئاوای بەلقان. هەریەك لە مەكدۆنیای باكور و ئەلبانیا بەختی ئەوەیان هەبوو كە هەریەك لە ئەڵمانیا و پۆلەندا بەرگریان لێكردن بۆ ئەوەی ببنە ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا. لە بەرانبەریشدا فەرەنسا و هۆڵەندا نارازیبوون و پێیان باش نییە یەكێتی ئەورووپا فراوان بكرێت.
سەرباری ئەوەی هۆڵەندا و فەرەنسا و هەندێك وڵاتی باكوری ئەورووپا نارەزاییان دەربڕی، هەریەك لە ئەڵمانیا و پۆڵەندا پێان باش بوو ، ئەلبانیا و مەكدۆنیای باكور وەكو ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا وەربگیرێن. ئەو داوایەی بەرلین و وارشۆ دوای كۆنگرەی لوتكەی رۆژئاوای بەلقان هات لە شاری بۆزنان لە پۆڵەندا،كە تیایدا جەخت لەسەر وڵاتانی رۆژئاوای بەلقان كرایەوە،دواتر بڕیاردان لەسەر تاوتوێكردنی ئەئەندامبوونی هەریەك لە ئەلبانیا و باكوری مەكدۆنیا دواخرا.
ئەوانەی نارازین بەو پێشهاتە پێیانوایە فراوانكردنی یەكێتی ئەورووپا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كێشە و گرفتی زیاتر ، بۆ ئەوەش ئاماژەیان بە گەندەڵی و نادادپەروەری یاسادا لە هەریەك لە بولگاریا و رۆمانیا كە دوو دەوڵەتی پێشوتری بلۆكی ئیشتراكین و ساڵی 2007 بوونەتە ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا.
لە بەرانبەردا لایەنگرانی فراوانكردنی قەوارەی یەكێتی ئەورووپا دەڵێن، رەتكردنەوەی بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتانە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو دەوڵەتان رووبكەنە هێزی نێودەوڵەتی دیكەی وەك چین و روسیا و توركیا. لەو بارەوە ئەنجێڵا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا گوتی، وەرگرتنی وڵاتانی بەلقان، لە كۆتاییدا لە بەرژەوەندی ستراتیژی یەكێتی ئەورووپا دەشكێتەوە. مێركڵ لە كۆنگرەی لوتكەی سەرانی یەكێتی ئەورووپا و وڵاتانی رۆژئاوای بەلقان گوتی، ئەگەر لە نەخشەی ئەورووپا ورد بینەوە دەبینین، وڵاتانی بەلقان بە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا دەورەدراون، بۆیە گلدانەوەیان بۆ نێو یەكێتی ئەروپا بەرپرسیارییەتێكی ستراتیژیە و لەبەرژەوەندی یەكێتی ئەورووپا دەشكێتەوە.
هەر لەو بارەوە سەرۆكی پۆلەندا ئەندرێ دودا زۆر بەتوندی رەخنەی لە دواخستنی دانوستانەكانی بەئەندامبوونی وڵاتانی بەلقان لە یەكێتی ئەورووپا گرت و لەكۆنگرەكەدا گوتی، پابەندنەبوونی یەكێتی ئەورووپا بە بەڵێنەكانی وادەكات یەكێتی ئەورووپا لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانە و سەرراستی نەمێنێت، ئەوەش زۆر نیگەرانم دەكات . هەروەها ئەو دواخستنە دەبێتە مایەی ئەوەی نەیارانی یەكێتی ئەورووپا ئەو هەلە بقۆزنەوە كە هەموو ئاواتیان ئەوەیە یەكێتی ئەورووپا و هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی لاواز بكەن.
لەلایەكی دیكەوە ئەنجێڵا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا گوتی، لەو كات و سادەدا هیچ هۆكارێكی گونجاو بۆ نارەزایی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە فراوانكردنی یەكێتی ئەو روپا نابینمەوە. گوتیشی ماكرۆن داوا دەكات پێویستە یەكەمجار ئالیەتی كاركردن لە یەكێتی ئەورووپا باشتر بكرێت، ئینجا بیر لە هەنگاوی دیكەی وەك فراوانكردن بكرێتەوە، لەو بارەوە منیش لەگەڵی هاوڕام و پێویستە بەیەكەوە كاربۆ ئەوە بكەین. بەڵام هەرگیز من نابینم ئەوە هۆكارێك بێت بۆ دواخستنی فراوانبوونی قەوارەی یەكێتی ئەورووپا.
جێی باسە ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا ، لەوكات و ساتەدا نارازییە لەسەر فراوانكردنی قەوارەی یەكێتی ئەورووپا و بەئەندام وەگرتنی وڵاتانی ناوچەی بەلقان لە یەكێتی ئەورووپا . ماكرۆن رشتە لەسەر هەڵوێستی خۆی كە پێی وایە پێویستە یەكەمجار چاكسازی جیدی لە ئالیەتی كاركردن لە یەكێتی ئەورووپا بكرێت ، ئینجا بیر لە هەنگاوی دیكە بكرێتەوە. لە ئەنجامدا ئەو هەڵوێستەی فەرەنسا و چەند وڵاتێكی دیكەی یەكێتی ئەورووپا هیواكانی مەكدۆنیای باكورو ئەلبانیای شكست پێهێنا لە بەئەندامبوون لە یەكێتی ئەورووپا.
لەلایەكی دیكەوە سەرانی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا لە لوتكەیەكی بەپەلەی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا لە برۆكسێل بڕیاریان دا، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، خاتوو ئۆرزۆلا ڤۆندۆرلاین، بركێت بە سەرۆكی تازەی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا.چاوەڕوانیش دەكرێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا دەستنیشانكردنی خاتوو ئۆرزۆلا بە سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا بخاتە دەنگدانەوە.









