خهبات: هاوار مورتكەیی:-
پاڵەوانێتی: كوپا ئەمریكا 2019
یاری: بەرازیل- پیرۆ
كات: 11ی شەو بەكاتی هەولێر
ناوبژیوان: رۆبرتۆ تۆبار لەچیلی
یاریگا: ماراكانا
هاندەران: 75 هەزار كورسی
هەر جارێك بەرازیل میوانداری پاڵەوانێتی كوپا ئەمریكای كردبێت، ئەوا نازناوەكەی بردۆتەوە، ئەمجارەش بەنیازە پارێزگاری لەوە بكات و یەكەمین نازناو دوای ساڵی 2007 بەدەست بهینیتەوه، كاتێك ئەمشەو لە یاری كۆتایی و لە یاریگای ماراكانا میوانداری پیرۆ دەكات.
دۆڕانی بەرازیل لەو یارییەدا واتە ئەو هاوكێشەیە دەدۆڕێنێت و داهاتووی تیتی راهێنەر دەكەویتە مەترسییەوە ئەگەرچی یەكیتی ئەو وڵاتە رایگەیاند كە دوای ئەو پاڵەوانێتییەش تیتی هەر بەردەوام دەبێت، هەڵبژاردەی بەرازیل بەبێ نایماریش تا ئێستا بەبەهێزترین هەڵبژاردە دەركەوتووە و 10 گۆڵی كردووە و لەدوا 5 یارییدا هیچ گۆڵی لێنەكراوە، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، هەڵبژاردەی پیرۆ ئەركی سامپای ئاسان كردووە كاتێك هەڵبژاردەی چیلی كردە دەرەوە.
هەمووان پییان وایە كە هەڵبژاردەی بەرازیل زیاتر لە پیرۆ پاڵاوترە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە، بەڵام لێرە مێژوو ئەوە بە بیر بەرازیلییەكان دینێتەوە كە لە كۆتایی كوپای 1950 بەهەمان شێوەی ئێستا بەرازیل گەشبین و پالێوراوتر بوو بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە كەچی ئۆرگوای لێی بردەوە.
لەولاشەوە دوای بردنەوەكەی بەسەر چیلی و وەدەرنانی پاڵێوراوێكی بەهێزی ئەم كوپایە، هەڵبژاردەی پیرۆ هاوشانی بەرازیل بووە پاڵێوراوێكی ئەم نازناوە و بۆچوونەكان پێیان وایە پیرۆ بەهەمان شێوەی یارییەكەی پێشوویان، لە هەڵبژاردەی بەرازیل ببەنەوە، بەتایبەتیش ئەو بڕوایەی كە لای یاریزانەكان درووست بووە و دەرفەتیكی باشە سەروەرییەك تۆماربكەن كە لە ساڵی 1975ەوە نەگەیشتۆتە یاریی كۆتایی.
راهێنەری بەرازیل: بڕوای زۆرم بە یاریزانەكان هەیە
لیۆناردۆ باتچی تیتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل سەیارەت بە یارییەكەی ئەمشەویان بەرامبەر پیرۆ لە كۆتایی كوپا ئەمریكای 2019 دووپاتی كردەوە كە بروایەكی زۆری بە یاریزانەكان هەیە كە نازناوەكە بەرزبكەنەوە.
تیتی دەڵێت: نابێ بەكەم سەیری بەرامبەرەكەمان بكەین، چونكە پیرۆ لە یاری رابردوویان هەڵبژاردەی چیلیان كردە دەرەوە، یارییەكە بەوشێوەیە ئاسان نییە كە هەندێك یارییەكەی گروپەكەمان دەكەنە پیوەر و پییان وایە بەئاسانی لێیان دەبەینەوە، نەخێر ئەمە پێوەریكی راست نییە، یاری كۆتایی تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە ئێمە بڕوایەكی تەواومان بە یاریزانەكان هەیە كە بتوانن یارییەك پێشكەش بكەن كە شایستەی بەرزكردنەوەی نازناوەكە بین.
گالیزی: یارییەكەی ئەمشەو زۆر خۆش دەبێت
پیدرۆ گالیزی گۆڵچی هەڵبژاردەی پیرۆ سەبارەت بە یارییەكەی ئەمشەویان گوتی: رووبەرووبوونەوەی هەڵبژتردەی بەرازیل لە كۆتایی كوپا ئەمریكا وەكو خەونێكە، و ئەم كۆتاییە رووداوێكی زۆر گرنگ و خۆش دەبێت لە چیانم و خۆشحالم كە لەگەڵ هەڵبژاردەكەمان گەیشتینە یاری كۆتایی.
جێی باسە گالیزی لە یارییەكەی چیلی ئاستێكی بەرزی نیشاندا و رۆلێكی گەورەی هەبوو لە سەركەوتنی پیرۆ بۆ یاری كۆتایی بۆ یەكەمین جار دوای ساڵی 1975 و هەر بۆیەشە لەو یارییەدا بە باشترین یاریزان دەستنیشانكرا
ساندرۆ: پیرۆی ئەمڕۆ پیرۆی دوێنێ نییە
ئەلیكس ساندرۆی یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل دووپاتی كردەوە كە ئاستی هەڵبژاردەی پیرۆ لەدوای دۆرانەكەیان 0-5 بەرامبەر بەرازیل زۆر بەرزبۆتەوە و پیرۆی ئێستا زۆر جیاوازترە لەو پیرۆیەی لە گروپەكان بە ئیمە دۆرا.ساندرۆ دەڵێت: ناتوانیت بڵێین هیچ كام لە بەرازیل یان پیرۆ خاوەنی زۆرترین بەختت بۆ بردنەوەی نازناوی كوپا ئەمریكا، گەیشتنی هەردوولا بۆ یاری كۆتایی دەسكەوتیكی گەورەیە، هەروەها گوتی: ناتوانین یڵێین كە بەرازیل زۆر نزیكترە بۆ بەدەستهێنانی جامەكە چونكە لەناو یاریگاو بەردەم جەماوەری یاری دەكات، پیرۆش هەمان خەونی ئێمەی هەیە و بۆ ئەوە هەوڵ دەدات و هیچی نییە بیدۆڕێنێت، گەیشتنی ئەوان بۆ ئەم قۆناغە هیچی كەمتر نییە لە بەدەستهێنانی نازناوەكە.
ئەمشەو 4 یاریزان یاری ناكەن
هەڵبژاردەی بۆ ئەم رووبەرووبوونەوەیە بە دابڕانی 4 یاریزان خۆی ئامادەكرد ئەویش بە هۆی پێكانەوە.
ئەو یاریزانانەی كە ناتوانن لەم كۆتاییەدا یاوەری هەڵبژاردەی بەڕازیل بكەن بریتین لە ئەلیسۆن بیكەری گۆڵچی، فیرناندینۆ، فیلیپی لویس و ویلیان، چونكە ئەمانە پێكانیان هەیە و نەیانتوانی بەشداری دوا یەكە مەشقەكانی بەرازیل بكەن كە لە دووری 98 كیلۆمەتر لە ریۆدی جانیرۆ و دوور لە میدیاكان مەشقیان ئەنجام دا.
تۆبار یارییەكەی ئەمشەو بەڕێوەدەبات
یاری كۆتای ژمارە 46ی كوپا ئەمریكای 2019 كە لەنێوان بەرازیل و پیرۆ، لەلایەن رۆبرتۆ تۆباری ناوبژیوانی چیلی لەسەر یاریگای ماراكانای بەناوبانگ بەڕێوەدەچێت.
تۆباری تەمەن 41 ساڵ كە لە ساڵی 2011ەوە بڕوانامەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، لە بڕێوەبردنی ئەم كۆتاییەدا هەریەك لە كریستیان شیمان و كلاودیۆ ریۆسی هاونیشتمانی یارمەتیدەری دەبن، لەولاشەوە جۆلیۆ باسكۆنیان بەرپرسیارێتی ڤاری پێ دەسپێردرێت.
جێی باسە تۆبار یاری گەڕانەوەی كۆتایی جامی لیبەرتادۆریسی 2018ی بەڕێوەبرد هەروەها یاری گەڕانەوەی كۆتای جامی كوپا ئەمریكانۆ لەهەمان ساڵ، لەگەڵ یاری جامی سوپەری ئەمریكای باشوور.
هێرشبەرەكەی پیڕۆ هەڕەشە لە بەڕازیل دەكات
پاولۆ جیریرۆی هێرشبەری هەڵبژاردەی پیڕۆ سەبارەت بە یاری كۆتایی كوپا ئەمریكا بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیل گوتی: شانازی بە هاوڕیكانم دەكەم، ئامانجەكەمان پێكا و گەیشتینە یاریی كۆتایی. دەمانەوێ مێژوو تۆماربكەین، راستە هەمووان دەڵێن بەرازیل پاڵێوراوی یەكەمە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە، بەڵام كە دەچیتە ناو یاریگا ناوێك نییە بەناوی پاڵێوراو.
راهێنەری پیڕۆ: جگە لەبردنەوە لە بەرازیل هیچی ترمان نییە
ریكاردۆ جاریكای راهێنەری هەڵبژاردەی پیڕۆ سەبارەت بەیاری كۆتایی ئەمشەویان لە كوپا ئەمریكا دەڵێت: كاتێك گەیشتینە یاری كۆتایی، جگە لە بردنەوە لە هەڵبژاردەی بەڕازیل هیچی دیكەمان نییە.
هەروەها دەڵێت: بەلەبر چاەگرتنی زەحمەتیی یارییەكەمان كە بەرامبەر باشترین هەڵبژاردەی جیهان یاری دەكەین، بەڵام كۆتاییەكان هەمیشە سروشتیكی جیاوازیان هەیە، لەگەڵ رێزمان بۆ بەرامبەرەكەمان بەڵام جگە لەبردنەوە هیچی تر لە مێشكمان نییە، بڕوای تەوام بە یاریزانەكانمان هەیە چونكە بە شایستەیی گەیشتنە یاری كۆتایی.
سەرۆكی پیڕۆ: ئامادەین لە بەڕازیل ببەینەوە
مارتین ڤیزكارای سەرۆكی وڵاتی پیڕۆ پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی وڵاتەكەی دەكات كە گەیشتنە یاری كۆتایی كوپا ئەمریكای 2019.
ڤیزكارا لە ئەكاونتی خۆی لە تویتەر پۆستیكی كردووە و نوسیویەتی: وەكو هاندەرێك قسەدەكەم، زۆر بەختەوەرین بە گەیشتنمان بۆ كۆتایی كوپا ئەمریكا، سەركەوتنیكی مەزن بوو، یاللا پیڕۆ. هەمیشە بۆ پێشەوە، هەروەها لە پۆستەكەیدا زیاتر دەڵێت: هەڵبژاردەی پیڕۆ ئامادەیە بۆ یاریی كۆتایی و لە بەرازیل بباتەوە و نازناوەكە ببەینەوە.











