د.سامان سۆرانی
گەلی كوردستان، بەتایبەتی لە هەشتاكانی سەدەی ڕابووردوو بە زۆر قۆناغی سەختدا تێپەڕی، بەردەوام دووچاری شەڕی پاكتاوی و جەنگی دەروونی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا توانی بە برینداری هێزی خۆی كۆبكاتەوە و كار بۆ مانەوەی خۆی بكات. لەو قۆناغە و تەنانەت پێش ئەو قۆناغیش ناسەقامگیری لە هەموو ڕوویەكەوە باڵی كێشابوو بەسەر كۆمەڵەی كوردستان.
زۆر بە دەگمەن دەرفەت هەبوو بۆ كاركردن لەسەر پرۆژەی دووبارە بونیادنانی كەسایەتی كوردستانی و دروستكردنی متمانە لە نێو كۆمەڵەی كوردستانی و بڵاوكردنەوەی ئاسایش و ئاشتی لە نێوان نەتەوە و ئاین و ئاینزاكانی كوردستان و هاندانی پرۆژەی سەرخستنی زمانی دیالۆگ بەسەر زمانی زبر و بەكارهێنانی هەڕەشە و تۆقاندن و كاركردن بۆ باڵادەستی زمانی ژیان بەسەر زمانی مەرگ.
گەلی كوردستان ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو كاتێ پێویستی بە پرۆژەی درووستكرنی ڕای گشتی نوێ هەیە، كە بونیادنان و پەرەپێدان و پێشكەوتن لە خۆ بگرێت و تێكدان و دواكەوتن ڕەت بكاتەوە.
پرۆژەی ڕاستكردنەوەی چەمكە ناتەندرووستەكان لە ڕێباز و باوەڕ و دەستەواژە پیرۆزەكان پیویستیەكی هەنوكەییە.
ئەو پرۆژەیەی كۆمەڵگا بەهێز دەكات و بەهای دادپەروەی و ئازادی و دانپێنان بە كەسی تر لە خۆ دەگرێت.
ئەو پرۆژەیەی قەناعەتی نوێ بۆ بەكارهێنانی ناتوندوتیژی پشت ئەستوور بە بنچینە و بەها شارستانیەتەكان درووست دەكات.
پێم وایە هۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و مومارەسەیەكی شارستانیانە زەمینە ساز دەكات، بۆ دروستبوونی دیالۆگی شارستانیانە و قبوڵكردنی كەسی بەرامبەر لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ ململانێەكان و لە پێناو دەستەبەركردنی خواست و بەرژەوەندی ئەو لایەنانەی لە مشتومڕن، بێ پەنابردن بۆ توندوتیژی لە پێناو چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان.
دید و چەمكەكان لە بیر و باوەڕ و ڕێبازەكانەوە سەرچاوە دەگرن و ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر ڕەفتار و مامەڵەكردنی ڕۆژانە لەگەڵ دەوروبەر .
بۆیە ئاراستەكردنی مرۆڤەكان و گۆڕینی ڕێڕەویان بەرەو ناتوندوتیژی لە خودی مرۆڤ و لە بیر و باوەڕ و دیدگای مەرۆڤەوە دەست پێ دەكات.
بە پێویست دەزانرێت، جەخت لەسەر فەرهەنگی ناتوندوتیژی بكرێت، بۆ چەسپاندنی ڕێبازی ناتوندوتیژی لەناو هزر و ڕەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگا.
پێویستە كار لەسەر چەمكی ئازادی و دیموكراسی و ئاشتی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان گەلان و مافی چارەنووس بكرێت.
پێویستە دەقە ئایینیەكان و سەرجەم بەرهەمی گەورە بیرمەند و فەیلەسوف و یاسا جیهانیەكان زەق بكرێنەوە، ئەو تێكستانەی ناتوندوتیژی وەكو فەرهەنگ بەرجەستە دەكەن. پێویستە سەرچاوە ئەرێنیەكان بكرێن بە خۆراكی ڕۆژانەی تاكی كۆمەڵگا، تاوەكو بە ئاسانی كارا بكرێن و لەناو ڕەفتار و مامەڵەی ڕۆژانەی مرۆڤەكان ڕەنگدانەوەیان هەبێت.
میكانیزمەكانی كاركردن لە سەر ئەم بابەتە بریتین لە ورووژاندنیئەو زانیاری و بابەتانەی، كە هاندەری داڕشتنەوەی فەرهەنگی ناتوندوتیژین.
بوارەكانی وەكو تەفسیر و گێڕانەوە و مێژوو و ئەدەب و ڕۆمان و هونەر بەهەموو لقەكانی، دەتوانن فەرهەنگی ناتوندوتیژی بكەن بە ناوەرۆك و دروشم.
پێویستە ئەو میتۆلۆژیا و داستانانە لەناو بدرێن، كە دەبنە مایەی بەردەوامبوون و بووژانەوەی فەرهەنگی توندوتیژی.
پێویستە نوسەر و پسپۆڕ و زانایان كارنامەی میدیا و ئامرازە میدیاییەكان دابڕێژن، یان پەسەند بكەن. هەروەها پێویستە زانایان و بیرمەندان بەرنامەی هاوچەرخی فێركردن هەڵبژێرن، تاوەكو لە ڕێگەی ئەو بەرنامانەوە پەروەردە شێوازێكی مۆدێرن و پر لە بەهاكانی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی و زانست و ژینگەپارێزی و مافی مرۆڤ و ئاژەڵدۆستی لە خۆ دەگرێت و كتێب و بەرنامەكانی خوێندن پاك دەكرێتەوە لە هەر بابەتێك، كە پەیوەندی هەیە بە توندوتیژی.
پێویستە لە هەرێمی كوردستان ڕۆژێك دیاری بكرێت بۆ ئاشتی و برایەتی و خۆشەویستی، كە گەورەترین سەرمایەی جیهانە و ئایندەی كوردستان لەسەری بەندە.










