سابیر حوسێن
ئایا جەنگی نێوان ئەمەریكاو ئێران روودەدات یان روونادات. ئەم پرسە هەموو ناوەندەكانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە. هاوكات هەموو نێوەندەكانیش بەدوای وەڵامی گونجاودا دەگەڕێن، ئەمەریكا دەیەوێ رۆڵی ئێران لە ناوچەكە كەمبكاتەوە، ئێرانیش نایەوێ پێشڕەویەكانی سنووردار بكرێ، چونكە ئێستا بڕیاری جەنگ بژاردەی ستراتیژییە،میدیاكانی سەر بەهەردوو لاش زیاتر بارودۆخەكەیان خستۆتە جۆش و خرۆشەوە. ئەمەریكاو ئێرانیش زیاتر خاڵەكانی گوشار زیاتر دەكەن. هێشتا تیمی ترامپ بڕیاری جەنگیان دژ بە ئێران یەكلایی نەكردۆتەوە، بەم پێیەش بێت تاوەكو بڕیاری جەنگ یەكلایی نەكرێتەوە، ئەوە رووبەڕووبوونەوە لە سەرجەم مەیدانەكان وەك ئەلتەرناتیڤ دەمێنێتەوە.
بۆچی ترامپ وەڵامی گێچەڵیەكانی ئێرانی نەدایەوە؟
لە واشنتۆن بەردەوام چاو لەسەر ئەوە بوو كە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو واشنتۆن چۆن بەرپەرچی ئێران دەداتەوە، بەڵام دوای خستنە خوارەوەی فڕۆكە بێ فرۆكەوانەكە، بیروڕاكان بۆ ئەوە چوون كە واشنتۆن بە هێزەوە كردەی سەربازی دژی ئێران ئەنجام دەدات، كەچی ئەمەشیان بێ ئاكام دەرچوو. بۆیە ئێستا مقۆیەكی زۆر لە ناوەندی ستراتیژی ئەمریكا لە ئارادایە دەربارەی شێوازی وەڵامدانەوەی ئەمریكا دژ بە ئێران. كۆ دەنگیەكیش هەیە كە هەمووان لەسەری كۆكن ئەویش دانانی راددەیەكە بۆ دەست رۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا و دەستوەردان لە كاروباری وڵاتان و كۆمەكی كردنی گرووپە تیرۆرستییەكان. ئەم تێڕوانینەش وەنەبێ هەر لەسەر ئاستی نوخبەی سیاسی بێت، بەڵكو پێگەی جەماوەری ئەمریكیش هەر لەسەر هەمان ئەو قەناعەتەدایە.
تاران بەرگری كردنی لە بەرامبەر ترامپ بە سەركەوتوو وەسف دەكات
خستنە خوارەوەی فڕۆكەی سیخوڕی ئەمریكا لەلایەن ئێرانەوە و پەشیمان بوونەوەی ترامپ لە ئەنجامنەدانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران، ئەمە هۆكارێك بوو تاوەكو سەركردە سەربازیەكانی ئێران بگەنە ئەو قەناعەتەی كە سیاسەتەكانیان لەبەرامبەر واشنتۆن سەركەوتوو بووە و پێویستە لەسەری بەردەوام بن و لە بەرامبەر هەڕەشەكانی ئەمەریكا سازش نەكەن. بە گوێرەی توێژینەوەیەكی سیاسیش ئەم رووداوانەی دوایی ئێرانی زیاتر سوور كردووە لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ستراتیژیەتی خۆیان، چونكە ئەمەریكا تەنها هەڕەشە دەكات و جێبەجێی ناكات.
شكستی وەشاندنی گورزی ئەمەریكی دژ بە ئێران
ماڵپەڕی رووسیا ئەلیەوم بابەتێكی لەژێر ناونیشانی ( شكستی وەشاندنی گورزی ئەمەریكی دژ بە ئێران) بڵاوكردۆتەوە. تێدا لەو بابەتە شیكاریەدا ئاماژە بۆ ئەو گۆڕانكاریە خێرایانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین كراوە. جەختیش لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆكە بێ فرۆكەوانەی ئەمەریكا كە لە بەرزاییەكی زۆرەوە هەڵدەفڕی، ئەو حەقیقەتەی سەلماند كە سەركردە سەربازیەكانی ئێران بەباشی خۆیان بۆ ئەگەری هەر جەنگێك لەگەڵ ئەمریكا ئامادە كردووە. بەجۆرێك سەرباری ئەو هەموو ئابڵۆقەیەی خراوەتە سەر تاران، كەچی ئەوان توانیان ئامانجی خۆیان بپێكن. لە شیكردنەوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە ئەم رووداوە سەركردنەكانی بنتاگۆنی ناچار كرد كە گۆڕانكاری بەسەر پلانی سەربازی خۆیان دژ بە ئێران بهێنن.
درێژكردنەوەی رووبەڕووبوونەوەكان بە ئاوڕدانەوە لەسەر سزاكان
دەربارەی سروشتی ململانێ نێوان ئەمەریكا و ئێران چاودێران پێیان وایە ئەو ململانێیە بەردەوامی دەبێت. واتە دەبێت تیمی هەردوو لایەن ئەمەریكی و ئێرانی خۆیان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە بكەن و بەردەوامی بە ململانێیەكان بدەن. تەنها لە حالەتێك نەبێت كە میحوەرە سیاسییەكان گۆڕانكاریەكان بەسەردا بێت. ترامپ پێشتر پەلەی بوو لەسەر سەرەنجامی سزا ئابووریەكان و دەیەویست تاران ملكەچ بكات بۆسەر مێزی گفتوگۆیەكان، بەڵام ئێستا ترامپ دەڵێ: پێویستە پەلەمان نەبێ لەسەر ئەوەی ئێران ناچار بكەین بێتە سەر مێزی گفتوگۆیەكان.
ترامپ ئەوەی كرد لەگەڵ ئێران، كە كەنەدی لەگەڵ كوبای كرد!
سەرۆكی ئەمەریكی تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە بەرسڤی پێشێلكاریەكانی ئێران بداتەوە لە رێگەی كردەی سەربازیەوە. ترامپیش هەڵوێستەكانی لە هەڵچوونەوە بۆ رۆچوون دەگۆڕێتەوە. ژەنەراڵێكی بەریتانیش دەربارەی خستنە خوارەوەی فڕۆكە ئەمەریكیەكە جەخت دەكاتەوە كە ئەو فڕۆكەیەی ئێران خستیە خوار فڕۆكەیەكی ستراتیژی گەورە بوو، بە ئەندازەی فڕۆكەی بۆینگ 737 و درێژیەكەشی 54 مەتر بووە و درێژی باڵەكانیشی 140 پێی بووەو تێچووەكەشی 123 ملیۆن دۆلار بووە. گرنگ ئەوەیە هەڵەكانی ترامپ لە هەڵوێست وەرنەگرتن، ئەمەریكا بە دەردی كوبای سەردەمی جۆن كەندی نەبات.










